٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

کۆنسووڵی ئیمارات: پێشمەرگە زامنی سەقامگیرییە.. دارا جەلیل خەیات: هەرێم پێگەی ئابووری و بازرگانیی خۆی پاراستووە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  سەرۆکی یەکیەتیی ژوورە بازرگانی و پیشەسازییەکانی هەرێمی کوردستان(دارا جەلیل خەیات) رایگەیاند، بەهۆی ئەو سەقامگیرییەی لە ڕووی ئاساییشەوە لە شار و شارۆچکەکانیدا هەیە، توانیویەتی ببێتە ناوەندێکی گرینگی بازرگانی لە عێراق و ناوچەکەدا. کۆنسووڵی گشتیی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی(راشد ئەلمەنسووری)، جەختی کردەوە "بوونی پێشمەرگە، باشترین زامنکارییە بۆ پێشکەوتنی بواری ئابووری لە هەرێمی کوردستان، چونکە پێشمەرگە بە پاراستنی سەقامگیریی ئاساییشی ئەم هەرێمە، وڵاتانی جیهانیش هان دەدات بەوەی بێن پرۆژەی گەورەی وەبەرهێنان ئەنجام بدەن."

لە لێدوانێکی تایبەتدا بە ماڵپەڕی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، (دارا جەلیل خەیات) ئاماژەی دا کە، هەڕەشەی تیرۆریستی و بڕینی بەشەبودجەی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکوومەتی پێشووی ‌‌بەغداوە، "دوو تەحەددای زۆر سەرەکی بوون لەبەردەم هەرێمی کوردستان، کە بوونە هۆکارێک بۆ ئەوەی هەرێم بیر لە پێڕۆکردنی شێوازی دیکە و پلانی دیکە بکاتەوە بۆ پاراستنی باری ئابووری. ئەمەش بە سوودوەرگرتن لە سەقامگیریی ئەمنی و سیاسی و گرینگیدان بە کەرتی تایبەت."
ئەو گوتیشی کە، پاڵپشتیکردنی حکوومەت بۆ وەبەرهێنان "باشترین وەڵام بوو لەو بارودۆخەدا. هەبوونی وەبەرهێنەری خۆماڵی لە کەرتە چالاکەکان، بە ڕێژەی دەتوانم بڵێم زیاتر لە 70 لەسەد، وایکرد سستییێکی زۆر نەکەوێتە نێو بازاڕەکانی هەرێمی کوردستانەوە و، زەرەرەکە بە ڕێژەیەکی گەورە نەبێت بەراورد بە شوێن و ناوچەکانی دیکەی عێراق."

بەهۆی دۆخی ئەم دواییەی عێراق و هەرێمی کوردستان، لە ئەنجامی هەڕەشەی تیرۆریستانی رێکخراوی ناسراو بە داعش، هەروەها بە هۆی بڕینی بەشی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتیی عێراق و پێنەدانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، هەرێمی کوردستان تووشی قەیرانێکی دارایی بووەوە کە، بە هۆیەوە زۆر لە پرۆژەکان وەستان.

(دارا جەلیل خەیات)، رێککەوتنی هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بەغدای بە پێشڤەچوونێکی گرینگ لە قەڵەمدا و دووپاتی کردەوە کە، ئەم رێککەوتنە زەوینە خۆش دەکات بۆ بەجموجۆڵکردنەوەی چالاکیی ئابووری؛ هەروەها عێراق و کوردستانیش پێگەیەکی بەهێزتریان لە بازاڕی نەوتی جیهاندا دەبێت، ئەگەرچی ئێستا نرخی نەوت دابەزیووە. گوتیشی کە "بەپێی پێشبینییەکان لە ماوەی پێنج تا شەش ساڵی داهاتوودا، داهاتی نەوتی عێراق رەنگە بگاتە زیاتر لە 300  ملیار دۆلار."
(دارا جەلیل خەیات) جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە، "پێویستە بایەخ بە ئەنجامدانی کۆبوونەوە و دیداری بازرگانی و ئابووری بدرێت، بەتایبەتی لەگەڵ ئەو وڵاتانەی دەستی باڵایان ل ەبواری بازرگانی و وەبەرهێناندا هەیە." هاوکات ئاماژەی بەو رێککەوتن و کۆبوونەوانە کرد کە هەرێمی کوردستان و بیلاڕووسیا و هەنگاریای لەم دواییەدا کۆ کردەوە کە "بوونە دەستپێکی گرینگ بۆ هەنگاوی گرینگتر لە داهاتوودا."

دیداری ئابووریی ژووری بازرگانیی دوبەی
هەر لەم بارەیەوە، لقی هەولێری ژووی بازرگانیی دوبەی، دیدارێکی ئابووری لە 18ـی نۆڤەمبەر/تشرینی دووەمی رابردوو ئەنجام دا، بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر باری ئابووریی کوردستان و بەشداریکردنی وەبەرهێنانی بیانی، بەتایبەتی ئیماراتی.
پارێزگاری هەولێر، سەرۆکی یەکیەتیی ژووری بازرگانی و پیشەسازییەکانی هەرێم، کۆنسووڵی گشتیی ئیمارات، کۆنسووڵی ئیتاڵیا لە هەرێمی کوردستان، نوێنەری ژووری بازرگانیی ئەڵمانیا و ژمارەیەکی بەرچاو لە بەرپرسانی بواری ئابووری و وەبەرهێنان ئامادەی بوون.
پارێزگاری هەولێر جەختی لەسەر گەڕانەوەی چالاکییە بازرگانییەکان کردەوە و ئاماژەی دا بە ڕۆڵی حکوومەتی هەرێم لە پاڵپشتیکردنی ئەم جۆرە چالاکیانە بۆ زیاتر پێشخستنی کەرتی بازرگانی و وەبەرهێنان و بەرزکردنەوەی ئاستی ئابووریی هەرێم.
لەم دیدارەدا، (دارا جەلیل خەیات) گوتی "بە بایەخدان بە بواری پیشەسازی دەکرێ خودی کوردستان و شارەکانی عێراق و وڵاتانی دەوروبەر، سوود لە بەرهەمە پیشەسازییەکان وەربگرن، وەکو ئاسن و چیمەنتۆ".
لەبواری گەشتوگوزاریشیدا، سەرۆکی یەکیەتیی ژوورە بازرگانی و پیشەسازییەکانی هەرێم ئەوەی دووپات کردەوە، "بە سوودوەرگرتن لەم کەرتە، دەکرێ ساڵانە کوردستان پێشوازی لە چوار تا پێنج ملیۆن گەشتیار بکات، بەجێبەجێکردنی پرۆژەی تازە و پێشکەوتوو".
لەلای خۆشیەوە کۆنسووڵی ئیتاڵیا لە هەرێمی کوردستان(کارمیلیۆ فیکارا)، گوتی "بەهۆی ئەو بارودۆخەی عێراق و هەرێم و ناوچەکە بە گشتی پێیدا تێپەڕی، دوو پیشانگای زۆر گرینگی ئیتاڵیایی لە هەرێمی کوردستان دواخرا، بەڵام لە ئایندەیەکی نزیکدا چالاکییەکانمان لە هەرێمی کوردستاندا دەست پێ دەکاتەوە". (فیکارا) ئەوەی دووپات کردەوە کە، کەرتی تایبەتی وڵاتەکەی بە پەرۆشە بۆ دەستپێکردنەوەی چالاکییە ئابووری و بازرگانییەکانیان لە هەرێمی کوردستان.
هەر لەهەمان دیداردا، کۆنسووڵی گشتیی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی(راشد ئەلمەنسووری) لە وتەیەکدا دووپاتی کردەوە "هەرێمی کوردستان شوێنێکی سەقامگیر و ئارامە و خاوەنی پێگەی ئابووریی خۆیەتی لەسەر ئاستی جیهان، بۆیە وڵاتەکەی بیر لە پرۆژەی گەورە و سوودبەخش دەکات کە لە کوردستان جێبەجێی بکات."
(راشد ئەلمەنسووری) دووپاتی کردەوە "بوونی پێشمەرگە، باشترین زامنکارییە بۆ پێشکەوتنی بواری ئابووری لە هەرێمی کوردستان، چونکە پێشمەرگە بە پاراستنی سەقامگیریی ئاساییشی ئەم هەرێمە، وڵاتانی جیهانیش هان دەدات بەوەی بێن پرۆژەی گەورەی وەبەرهێنان ئەنجام بدەن، داواشی کرد هەرچیی زووە، وڵاتان سوود لەم دەرفەتە وەربگرن و باشترین پرۆژەی خۆیان بهێننە کوردستان".

 

هەواڵی پەیوەندیدار