هەولێر.. كاروانی چوارەمی هاوكاریی ئەمەریكا گەییشت.. 25,000 خێزانی ئاوارە سوودی لێ دەبینن

هەولێر-KDP.info- كۆنسووڵگەریی گشتیی ئەمەریكا رایگەیاند كە، كاروانی چوارەمی هاوكارییەكانی وڵاتەکەیان، ئەمڕۆ پێنجشەممە گەییشتە هەرێمی كوردستان و 25 هەزار ئاوارە سوود لەو هاوكارییە دەبینن.
ئەمەریكا بڕیاری داوە 7 كاروانی هاوكاری، بۆ ئاوارەكانی عێراق دابین بكات و تا ئێستایش چوار كاروان گەییشتوون. بە گوێرەی راگەیاندراوێكی كۆنسووڵگەریی گشتیی ئەمەریكا لە هەولێر، ئەمڕۆ، كاروانی چوارەمی كەلوپەلی زستانەی ئاژانسی پەنابەرانی سەربە نەتەوە یەكگرتووەكان گەییشتە هەولێر، كەوا پشتیوانی كراوە لەلایەن هەوڵەكانی بەهاناوەچوونی مرۆییی بەردەوامی وڵاتە یەكگرتووەكان لە عێراق.
كۆنسووڵی گشتیی وڵاتە یەكگرتووەكان (جۆزێف پێنینگتن) و گەورەكارمەندی زانیاری ڕێكخەری كوردستانی كۆمسیۆنی باڵای پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان (ئیدوارد) و پارێزگاری هەولێر (نەوزاد هادی) ئامادەی كاتی گەییشتنی كاروانەكە بوون.
كاروانەكە چوارەم دانەیە لەو حەوت كاروانی فڕۆكانەی كەلوپەلی زستانە بۆ 25,000 خێزانی ئاوارەی نێوخۆی عێراق دەهێنێت. كەلوپەلەكان پێك هاتوون لە راخەری جیاكەرەوەی سەر زەوی و راخەری تەنیشت چادر.
ئەم كەلوپەلانە بەشێكن لە هەڵمەتێكی فراوانتری یارمەتیی زستانە بۆ دابینكردنی كۆمەكی سەرەكی بۆ 600,000 ئاوارەكان تا لە وەرزی زستان گرفتیان نەبێت. ئەم كاروانی فڕۆكەیەی كۆمسیۆنی باڵای پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان گەیاندییە هەرێم، بە پێزانینەوە لەلایەن خەڵك و حكوومەتی ئەمەریكاوە پشتیوانی كراوە.
بەگویرەی رێكخراوی كۆچی نێودەوڵەتی، لە سەرانسەری عێراق زیاتر لە 2 ملیۆن منداڵی بێتاوان و، ژن و پیاو شوێنی خۆیان جێ هێشتووە.
وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بە قووڵی نیگەرانە بۆ باری تەندروستی و سەلامەتیی ئاوارەكان بە كۆمەڵگە كەمینە ئایینی و رەگەزییەكانیشەوە، كەوا لەلایەن دەوڵەتی ئیسلامیی داعش، بە تایبەت كراونەتە ئامانج.
ئەمساڵ، وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا زیاتر لە 200 ملیۆن دۆلاری ئەمەریكایی لە هاوكاریی مرۆیی بۆ ئاوارە عێراقییەكان لەنێو عێراق و ناوچەكە پێشكەش كردووە.
لە رایگەیاندراوەكەی كۆنسووڵگەریی ئەمەریكادا هاتووە كە، ئێمە پابەند دەمێنینەوە بەرامبەر خەڵكی عێراق و هەرێمی كوردستان و پشتیوانیكردنی هەوڵەكانی حكوومەتی عێراق و حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە پڕكردنەوەی پێویستیە مرۆییە گرینگەكان.




