زانایانی کورد لە ئەزهەر: "کردارەکانی داعش، سەری منداڵی ساوا سپی دەكات"

میسر-KDP.info- سەرۆكی یەكیەتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان (مەلا عەبدوڵڵا سەعید)، رایگەیاند كە، داعش بە ناوی ئیسلام و پەیامی خوایییەوە تاوانەكانیان ئەنجام دەدەن و ئیسلام لێیان بەرییە، لە كاتێكدا ئیسلام وەك پەیامێكی ئاسمانی سەرچاوەی پێكەوەژیان و رەحمەتە، كەچی ئەوان بە بەرچاوی دونیاوە وێنەیەكی دڕندانەیان بۆ ئیسلام دروست كردووە كە، ئەگەر شارەزاییی پێشتر نەبوایە، موسڵمانان پێش هەموو كەس لە دین دوور دەكەوتنەوە.
لەژێر ناوونیشانی (ئەزهەر لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و توندڕۆیی) لە ئەزهەر گەورەترین كۆنگرەی زانستی بۆ بەرەنگاربوونەوەی بیری تووندڕۆیی لە قاهیرەی پایتەختی میسڕ، كە زیاتر لە (200) كەسایەتیی ئایینی، سیاسی، ئەكادیمی، راگەیاندنكار و دیپلۆماسی بەشدارییان تێیدا كرد و، ماوەی 3 رۆژ دەخایەنێت، لە كۆنگرەكەدا سەرۆكی یەكیەتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان (مەلا عەبدوڵڵا سەعید) گوتارێكی پێشكەش كرد و رایگەیاند كە، ئێستا بانگەوازی ئیسلامی تووشی تەحەددای گەورە و هێرشی دڕندانە لە لایەن دوژمنانی دەبێتەوە و هەندێكیشیان خۆیان لە ژێر پەردەی حەشار داوە، ئەگەر خەمخۆرانی موسڵمانان بە لێكۆڵینەوە و توێژینەوە و بەدواداچوونی زیاتر، بەرەوڕووی ئەم هێڕشانە نەبنەوە و لە مەترسییەكانی كەم نەكەنەوە، بێگومان دواجار زیانێكی گەورە لە كاری بانگەوازیی ئیسلامی دەدەن، یەكێك لەو تەحەددیانە توندڕۆیی ئایینییە، كە زۆر مەترسیدارە و لە بواری تیۆر، پراكتیك، بیر و هەست و رێكخستن، پێوەندیی كات و شوێن، دژی بیری میانڕۆییە.
سەرۆكی یەكیەتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان، دەشڵێت: "هاتنی داعش و دەستكردنی بە كارەكانی حاڵەتێكی زۆر ناهەموار و دۆخێكی زۆر دژواری دروست كرد، بە شێوەیەك هەندێك جار لێكۆڵینەوە و توێژینەوەكان لە ئاستیدا دەستەوەستانن و، ناتوانن هیچ شیكردنەوەیەكی بۆ بكەن، ئەوەیش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە، كەس لە قۆناخێكی وەك ئێستا چاوەڕوانی سەرهەڵدانی گرووپێكی دڕندانەی لەم شێوەیە نەبوو."
(عەبدوڵڵا سەعید) لە گوتارەكەیدا ئاماژی كرد كە "هاتنی داعش تەنیا سەرهەڵدانی گرووپێكی توندڕۆ نەبوو، بەڵكە كردنەوەی دەرگایەكی گەورەی تیرۆر و تۆقاندن بوو، تا وای لێهات ترساندنی خەڵكی مەدەنی و بێتاوان وەك شانازییەك لەسەر شاشەكان نیشان بدەن، تا گەییشتە ئەوەی منداڵ و ژنەكانیان هەر زوو لەسەر شەڕ و كوشتن رابهێنن و، بڕینی سەری مرۆڤ بە لای منداڵانەوە ببێتە شتێكی ئاسایی و پێكەنینیان لەگەڵ بێت. لە هەموویشی ناخۆشتر ئەم كارە بە ناوی ئیسلام و پەیامی خوایییەوە ئەنجام دەدەن و ئیسلام لێیان بەرییە، لە كاتێكدا ئیسلام وەك پەیامێكی ئاسمانی سەرچاوەی پێكەوەژیان و رەحمەتە، كەچی ئەوان بە بەرچاوی دونیاوە وێنەیەكی دڕندانەیان بۆ ئیسلام دروست كردووە كە، ئەگەر شارەزاییی پێشتر نەبوایە موسڵمانان پێش هەموو كەس لێی دوور دەكەونەوە".
لە گوتارەكەیدا روونی كردەوە، كە داعش هات، جیاوازی لە نێوان موسڵمانێك و مەسیحییەك و ئێزدییەك، یان نەتەوە و مەزهەبێك نەكرد، هەموو لایەك لە فیكری ئەواندا دوژمنی خوایە و، پەیامیشیان كوشتنی غەیری خۆیانە، بۆیە كاتێك هاتنە عێراق دەستیان كرد بە كوشتنی موسوڵمان، مەسیحی، ئێزدی، كورد، عەرەب، توركمان و نەتەوەكانی دیكە، هەروەها لە یەك كاتدا مزگەوتی موسڵمانان و كەنیسەی مەسیحی و پەرستگای ئێزدی و مەرقەدی پێغەمبەرانیان تەقاندنەوە.
" دیارە بەشێكی زیانەكانی ئەو تیرۆریستانە بەر ئێمەی كورد كەوت، بەشێكی خاكی كوردستانیان داگیر كرد، هەروەها شەهیدكردنی رۆڵەكانمان و ئاوارە و دەربەدەركردنی بەشێكی خەڵكی كوردستان تاوانێكی دیكەیان بوو، بەوەیش نەوەستان ماڵ و حاڵی خەڵكیان رووخاند، دەستدرێژییان بۆ سەر ئێزدییەكانیان كرد، ژن و كچەكانیان بە بەرچاوی خەڵك و بە ئاشكرا لە بازاڕەكانی هەردوو شارەكانی مووسڵ و رەققە و شارەكانی دیكە دەفرۆشتن، بە زۆریلێكردن هەندێك مەسیحییەكانیان دەكردنە موسوڵمان و، تاوانگەلێكی وایان ئەنجام دا، سەری منداڵی ساوا سپی دەكات"، مەلا (عەبدوڵڵا) وایگوت.
لە درێژەی گوتارەكەیدا مەلا (عەبدوڵڵا) گوتیشی، داعش پێشڕەوی دەكرد، بەڵام هەركە دەستی گڵاویان گەیاندە هەرێم، حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە پشتیوانیی پێشمەرگە و جەماوەری كوردستان، بە توندی رەتیان دانەوە، هەر لەو رۆژەوە هەموو پێشكەوتنەكانیان راوەستان، شكان و دۆڕانەكانیان دەستی پێ كرد، چونكە كورد هەموو بە یەكدەست بەرەنگاریان بوونەوە، ئێستا خانەوادە هەیە لە 10 برا پێك هاتووە هەموویان پێشمەرگەنە و لە سەنگەردان، هەروەها سێ برای پێشمەرگە شەهید بوون، ئەوە سەرباری ئەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەرگای بە رووی ئاوارەی عەرەب، مەسیحی و ئێزدی و هەموو ئایین و نەتەوەكاندا كردەوە و، زیاتر لە یەك ملیۆن ئاوارەی لەخۆ گرتووە، لە كاتێكدا لە 3 پارێزگا پێك هاتووە و، حكوومەتی عێراقیش ماوەی نزیكەی ساڵێكە هەموو بودجە و پارەیەكی لێ راگرتووین، گەورەترین گەمارۆی ئابووری لەسەر هەرێمی كوردستان داناوە، ئەوەی مایەی شانازییەوە دەرگای مزگەوتەكان و كەنیسەكان بە رووی ئاوارەكان كرایەوە. لەوەشدا مامۆستایانی ئایینی پشكی شێریان بەركەوت، ئەوان هەمیشە لە گوتارەكانیان ئەم بابەتانە روون دەكەنەوە و خەڵكی، بۆ شەڕی داعش و لە باوەشگرتنی ئاوارەكان هان دەدەن، هانی خەڵك دەدەن هاوكاریی ئەو خەڵكە لێقەوماوە بكەن.




