بەرێوبەری گشتیی کەمپەکانی دھۆک: خۆپێشاندانەکەی کەمپی شاریا مەرامی سیاسی لە پشتەوە بوو

دھۆک-KDP.INFO- بەرێوبەری کەمپەکانی دھۆک ئاشکرای دەکات کە، ئاساییە خۆپێشاندان بۆ داواکاریی ماف ئەنجام بدرێ، بەڵام بەشێکی ئاوارەکانی کەمپی شاریا ەل سنووری دهۆک، توندوتیژییان بە کار ھێناوە و بۆ مەرامی سیاسی، خۆپێشاندانیان ئەنجام دا.
وەها بڵاو بوونەوەوە کە لە سنووری پارێزگای دھۆک، بە ھۆی ئەوەی ئاوارەکانی کەمپی شاریا خۆپێشاندانیان ئەنجام داوە لەلایەن ھێزەکانی پۆلیسەوە ژمارەیەکیان لی دەستگیر کراون.
پیوەست بەم پرسە و هۆکاری خۆپێشاندانەکە، بەرێوبەری کەمپەکانی دھۆک (ئیدریس نەبی) بۆ KDP.INFOی ڕوون کردەوە: "کەمپی شاریا لەلایەن تورکیاوە دروست کراوە و، ھەندێک کەموکوڕی ھەن، بەو بارانبارینەیش دەرکەوت کە، ئاو دەچێتە ژێر خێمەکانەوە، هەڵبەت ئێمە داواکاریمان پێشکەشی پارێزگا کردووە و لە ئیستادا سەرقاڵی چارەکردنی ئەو کێشەیەین، بەڵام بەشێک لە ئاوارەکان چاوەڕێ نەبون تا ئەو کەموکوڕیانە چارە دەکرێن و خۆپێشاندانێکیان ئەنجام دا، کە لە ئاکامدا توندوتیژییان بەرامبەر پۆلیس بە کارھێنا"، ئەگەرچی(نەبی) ئامادە نەبوو ناوی هیچ لایەنێک و گروپێکی سیاسی ببات کە لە پشت ئەم ڕووداوە بووبێتن، بەڵام جەختی کردەوە کە "دەرکەوتووە ئەوەی کردوویانە بۆ مەبەستێکی سیاسی بووە نەک، چارەکردنی گرفتەکانیان."
ئەگەرچی (ئیدریس نەبی) ددان بەوەدا دەنێ کە، ئاساییە خۆپێشاندان بۆ داواکاریی مافەکانیان ئەنجام بدەن و مافی خۆیانە، بەڵام حکوومەتی ھەرێم ئەوەی لە توانایدا بووبێت بۆیانی کردووە، لە داهاتوویشیدا دەیکات، "بەڵام ناکرێت لە پۆلیس بدرێت و سەری پۆلیس بشکێنن، خۆ ئەمانیش کوڕی ئەم وڵاتەن و پارێزگاری لە ئەوان و کوردستان دەکەن، ھەر بێگومان چونکە پۆلیس یاسا جێبەجێ دەکات، هەر بەرەوڕووبوونەوەیەک و دەستدرێژییەک بۆ سەری بە واتای دەستدرێژییە بۆ سەر یاسا، بەوپێیە ئەوەی توندوتیژی بە کار بێنێت، پۆلیس مافی خۆیەتی دەستگیریان بکات."
دووپاتیشی کردەوە کە، "حکوومەتی ھەرێم ھەموو تواناکانی خۆی خستووەتە گەڕ بۆ ئەوەی بتوانێ کەموکوڕیی ئاوارەکان نەهێڵێ و داواکارییەکانیان جێبەجێ بکات، بۆیە ناکرێت ئەوان بۆ مەرامی سیاسیی چەند لایەنێک، ئاژاوە دروست بکەن."
بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەرەکەمان، لە خۆپێشاندانەکەی کەمپی شاریادا، ژمارەیەک پۆلیس بریندار بوون و یەکێکیان بە هۆی پەلاماری ئاوارە خۆپێشاندرەکانەوە سەری شکاوە و یەکێکی دیکەیش پێی شکاوە، ئەوانەیشی کە گومانی نانەوی کێشەیان لێ کراوە، دەستگیر کراون.
بڵند ئیبراھیم




