بە چارەبوونی قەیرانی دارایی، بڕیارەکانی پەیوەست بە پێشمەرگە جێبەجێ دەکرێن

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، بەشێک لە بڕیارەکانی پەرلەمانی کوردستان لەبارەی ھێزی پێشمەرگەوە، جێبەجێ کراون و بە چارەبوونی قەیرانی داراییش، بڕیارەکانی دیکەیش جێبەجێ دەکرێن، بۆیە لەئێستادا چاوەڕوانی چارەکردنی ئەو قەیرانە دەکەن.
سەرۆکی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان (ئاری ھەرسین) بەkdp.infoی گوت: "لە 23/7/2014، پەرلەمانی کوردستان 21بڕیاری لەبارەی ھێزەکانی پێشمەرگە دەرکردووە و لەئێستادا بەشێک لەو بڕیارانە جێبەجێ کراون، بەڵام بەشێکیان ماون کە پەیوەندییان بە پارەوە ھەیە و، بەھۆی قەیرانی داراییشەوە هێشتا جێبەجێ نەکراون، بۆیە ھیوادارین لەئێستادا کە قەیرانەکە بەرەو چارەکردن دەڕوات، ھەموو ئەو بڕیارانەی ماون جێبەجێ بکرێن."
دەربارەی ھەندێکی ئەو بڕیارانەیشی کە ماونەتەوە و هێشتا جێبەجێ نەکراون، وەک زیادکردنی مووچە و جلوبەرگ و پڕچەککردن، بە گوتەی(ئاری ھەرسین)، بۆ جێبەجێکردنیان پێویستی بە پارە ھەیە و، بەڵام وەک ئەو دەڵێ، چونکە ھەرێمی کوردستان لە قەیران دابووە، گوشاریان نەخستووەتە سەر حکوومەت تا ئەو پێداویستیانەی پێشمەرگە چارە بکەن، "بەڵام بەڵێن دراوە ھەر کاتێک قەیرانەکە چارە بێت بڕیارەکانیش ھەمووی جێبەجێ دەکرێن."
جەختیشی کرد کە، زۆرینەی بڕیارەکان جێبەجێ نەکراون و، چاوەروان دەکرێت لە دوای چارەبوونی ئەو قەیرانە داراییە ھەمووی جێبەجێ بکرێت، چونکە "وەزارەت بە نووسراوی فەرمی وەڵامی ئێمەی داوەتەوە."
(هەرسین) ئاماژەیشی دا، لەئێستادا دوامی ھێزەکانی زیرەڤانی زیادی کردووە و ھێزی پێشمەرگەیش گلەیی لەوە ھەیە، چونکە پێشتر 10رۆژ لە دوام بوون و 10رۆژیش پشوویان دەگرت، بەڵام لەئێستادا دوامیان زیاد کراوە بۆ 14رۆژ، پشووەکانیشیان بۆ حەوت رۆژ کەم کراوەتەوە، بۆیە داوا دەکەن دەوامەکەیان وەک خۆی لێ بکرێتەوە.
ئەوەیشی خستەڕوو، لەئێستادا ھێزی پێشمەرگە لە سەنگەرەکانی شەڕدایە و پێویستە ھاوکارییان بکرێت و دەوامەکەیان وەک خۆی لێ بکەنەوە، چونکە گلەییەکی زۆریان لە زیادکردنی دوام ھەیە.
بەپێی یەکێک لە بڕیارەکان، مووچەی ھێزی پێشمەرگە ھاوتای مووچەی ھێزی ناوخۆ و ئاساییشی ھەرێمی کوردستانی لێ دەکرێت، جگە لەوەش دەرماڵەی مەترسییش بۆ ھێزی پێشمەرگە خەرج دەکرێت.
بڵند ئیبراھیم




