قوباد تاڵەبانی بۆ KDP.info: بێ گەڕانەوە بۆ بەغدا داهاتی هەناردەی بەشێك لە نەوتی هەرێم بۆ كوردستانە

هەولێر-KDP.info- جێگری سەرۆكوەزیرانی كوردستان، (قوباد تاڵەبانی)، رایگەیاند كە، ئەو نەوتەی كەركووك كە بەڕێی بۆڕیی نەوتی هەرێمی كوردستاندا هەناردە دەكرێ، سامانی كۆی عێراقییەكانە و داهاتەكەیشی بە گوێرەی پشكی هەرێم كە 17%ـە، بۆ هەرێم دەكەوێ، "بەڵام جیا لەوەی بۆ عێراقی دابین دەكەین، بەشێك لە نەوتەكەمان ڕاستەوخۆ ڕەوانە دەكەین و داهاتەكەیشی بۆ خۆمانە."
رێككەوتنی بەغدا و هەرێم، ناونیشانی پێشوازیی ئەم ئێوارەیەی جێگری سەرۆكوەزیرانی كوردستان (قوباد تاڵەبانی) بوو، كە ژمارەیەك دەستگای میدیایی لە كوردستاندا بانگهێشت كرابوون و، لەنێویشیاندا KDP.info یەكێك بوو لە میدیا بانگهێشتكراوەكان. جێگری سەرۆكوەزیرانی كوردستان، (قوباد تاڵەبانی)، وێڕای جەختکردنی لە سەركەتوویی سیاسەتی نەوتیی هەرێمی كوردستان، گوتی "ئەو دانوستانانانە و ئەنجامەكانی، نیشانەی سەركەوتوویی سیاسەتی نەوتیی هەرێمی كوردستانە و بە هیچ جۆرێك سیاسەتی نەوتیی هەرێم شكستی نەبردووە."
چاودێرانی سیاسی دەڵێن، كورد بە عێراقی سەلماند كە گرێبەستە نەوتییەكانی هەرێم، تەواو دەستوورین و ئیدی عێراق بیانووی بۆ ئەم پرسە نەما، بەتایبەت كە دوێنێیش رێككەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا زەنگی سەركەوتنی هەرێمی بەسەر عێراقدا لێدا و، یەكێك لە كارتە بەهێزەكانی كوردیش لە بەغدا نەوت بوو.
ئەگەرچی (قوباد تاڵەبانی) زەنگی سەركەوتن بەسەر بەغدا بە جۆرێكی دیكەی ناو دەبات و دەڵێت، "ئەگەر ئەو سیاسەتە نەوتییەی حكوومەتی هەرێم نەبوایە، ئێستا لە كوردستان نەوتمان نەدەبوو و كارتی نەوتیشمان بۆ ئەو دانوستاندنانە بە دەستەوە نەدەبوو." دوێنێیش جێگری سەرۆكی لیژنەی سامانە سرووشتییەكانی پەرلەمانی كوردستان، (دڵشاد شەعبان) پێی گوتین، نەوتی كەركووك پێشووتر لە رێگەی بەغداوە هەناردە دەكرا، بەڵام لە ئێستادا ئەو نەوتە لە رێگەی هەرێمەوە هەناردە دەكرێت و لە بری ئەو رێككەوتنەیش حكوومەتی عێراق 17%ـی بودجەی گشتیی عێراق و 17%ـی بودجەی وەزارەتی بەرگری بۆ هێزی پێشمەرگە رەوانە دەكات".
بەڵام لەودیوی رێككەوتنەكەی بەغدادا، هەرێمی كوردستان زەنگی سەركەوتنی بۆ هاوپەیمانەكانی لێدا كە، توانای هەرێم بریتییە لە چارەكردنی گشت قەیرانەكانی عێراق و كلیلی چارەكردنەكەیش بە دەستی كوردەوەیە. بە جۆرێك (قوباد تاڵەبانی) لە وەڵامی پرسیارەكانمان گەییشتە ئەو باوەڕی كە بڵێ "سیاسەتی نەوتیی هەرێمی كوردستان دەریخست كە ئەو سیاسەتە بووە هۆی ئەوەی، بەغدا پێویستی بە نەوتی هەرێمی كوردستان بێت و، ئەو قەناعەتەیش دروست بكات كە پێویستە پێداچوونەوە بە هەموو سیستمی فرۆشتن و داهاتی نەوتی عێراقیشدا بكرێتەوە".
سازشەكەی بەغدا بۆ هەرێمی كوردستان لە جێگەی خۆیدا بوو، چونكە عێراق، بە هۆی بەڵێننەبردنە سەر بەرانبەر بە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەوەی كە، زیاتر لە 3ملیۆن بەرمیل نەوت ڕەوانەی دەرەوە دەكات، نرخی نەوتیش بۆ كەمتر لە 70 دۆلار دابەزی، هاندەری سەرەكی بوو لە پەناهێنان بۆ هەرێمی كوردستان.
هەڵبەت قازانجی هەرێم لە رێككەوتنی لەگەڵ بەغدادا، تەنیا بریتی نییە لە وەرگرتنەوەی بەشەبودجەكەی كە ماوەی ساڵێكە لەلایەن بەغداوە زەوت كراوە، بەڵكە بە عێراقی سەلماند كە، سیاسەتی نەوتی هەرێم دەستوورییە و، دەبێت هەرێم زیادەی نەوتی خۆی بۆخۆی بێت و، بە رێگەی خۆیشییەوە هەناردەی بكات.
لە ڕێككەوتنی هەولێر و بەغدادا وەها هاتووە كە لەبەرانبەر بە جێگیركردنی 17%ـی كۆی گشتیی بودجەی عێراق و دابینكردنی بڕی ملیارێك دۆلار، كە وەك گوتەبێژی حكوومەت(سەفین دزەیی) لەو كۆبوونەوەیەدا گوتی، كە دەكاتە نزیكەی دوو لە سێی كۆی خەرجیی پێشمەرگە، هەرێمی كوردستان، 300هەزار بەرمیل نەوتی كەركووك و 250هەزاری هەرێمی كوردستان بە بۆریی نەوتیی هەرێمدا لە جیاتی عێراق هەناردەی دەرەوە دەكات.
باسەكە تا ئێرە هەناردەی نەوتی عێراق و سەركەوتنی سیاسەتی نەوتی كوردستانە، بەڵام ئەی بۆ هەناردەی نەوتی هەرێم رێگەچارەی دیكە چییە كە بتوانرێت پەنای بۆ ببردرێت؟، پێوەست بەوەی كە پاش دابینكردنی ئەو 250 هەزار بەرمیل نەوتەی دەیدەنە بەغدا، هەرێم چیی دیكەی بۆ دەمێنێتەوە ڕەوانەی بكات و پرۆسەی ڕەوانەكردنەكە، چۆن دەبێ، جێگری سەرۆكی حكوومەت لە وەڵامی ماڵپەڕی فەرمیی پارتیدا، ڕایگەیاند، "كاری لەپێشینەمان دابینكردنی پێویستیی نێوخۆیە، لە سەرووی ئەو 250هەزارەیش دەیدەین بە بەغدا، ئەوەی لە توانای هەرێمدا بێت، بەرهەمی بێنێ، هەناردە و فرۆشتنی و داهاتەكەیشی ڕاستەوخۆ بۆ هەرێم دەگەڕێتەوە و پێوەندییەكی بە بەغداوە نابێ."
ماوەی كۆنكرێتیی رێككەوتنەكە كە جێگری سەركوەزیرانی هەرێم لەو دیدارەدا رایگەیاند، شەش مانگ تا ساڵێكە و دواتر گۆڕانكاری بەسەردا دێت، چونكە وەك (قوباد تاڵەبانی) دووپاتی كردەوە، پرسگەلی دی ماون كە لە داهاتوودا دەبێ لەگەڵ بەغدادا یەكلا ببنەوە. ئەو گوتی، "ئەم رێككەوتنە بۆ ئەم قۆناخە بۆ هەرێم و عێراقیش زۆر باشە و لە بەرژەوەندیی هەردوولادایە و قازانجەكەی دوولایەنەیە."
دوێنێ سەرۆكوەزیرانی عێراق، (حەیدەر عەبادی) بەرێككەوتنی لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی كوردستان جیاوازییەكەی لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی پێشوو (مالیكی) بەدیار كەوت، ئەم جیاوازییەش رەنگە یەكەم شوێنێك هەستی پێ كردبێت، نەتەوە یەكگرتووەكان بووبێت كە لەبەیاننامەیەكدا بڵاویان كردەوە ئەوەی (نێچیرڤان بارزانی) و (حەیدەر عەبادی) كردیان (مالیكی) پێی نەكرا. لە شەقامی عێراقیشدا جیاوازییەكە بینراو لە شەقامی هەرێمی كوردستانیش بۆ یەكەم جارە دەگوترێ تۆ بڵێی (عەبادی) لە (مالیكی) جیاواز بێ؟ وەڵامەكەمان لای جێگری سەرۆكوەزیرانی كوردستان دەستكەوت كاتێ پێیگوتین، "(حەیدەر عەبادی)، كەسێكی كردەییە و لە سەرۆكوەزیرانی پێشوو زۆر جیاوازترە، ئەو باوەڕی بە گوتنەوەی دروشم و دەستی دەستی نییە، هەروەها لەبارەی پێشمەرگەوە، كە جیاوازترە لە سەرۆكوەزیرانی پێش خۆی ئەوەیە كە، لە جیاتی گرفت نانەوە، رۆڵی پێشمەرگەی بەرز نرخاند و لە كۆبوونەوەی لە پەرلەمانیش هەمان بۆچوونی بۆ پێشمەرگە هەبووە، ئەوەش دەستكەوتێكی گەورە بوو بۆ كورد."
ویستمان بزانین كە ڕۆڵی كۆمپانیای سۆمۆی عێراقیش پێوەست بەو بڕەنەوتەی كە لە بۆریی نەوتیی هەرێمدا هەناردە دەكرێ چییە؟ (قوباد تاڵەبانی) لە وەڵامدا پێی گوتین، "ئەوەی ئێمە دەیكەین هاوكارییە بۆ عێراق، چونكە ئەوان پێویستیان بە ئێمە هەیە، ئاساییشە كە كۆمپانیای سۆمۆ چاودێریی ئەو بڕە نەوتە بكات كە ئێمە لە بارەیەوە ڕێككەوتووین."
بەشێوەیەكی گشتیی لە هەگبەی دیپلۆماسیەتی شاندی باڵای ئەنجوومەنی نەوت و غازی هەرێم، دووخاڵ هەبوون:
یەكەم: كورد نیمچەسەربەخۆیی ئابووریی خۆی وەرگرت، بەوەی بەبێ گەڕانەوە بۆ پشكی بەغدا، زیادە نەوتی خۆی هەناردەی دەرەوەی هەرێم دەكات.
دووەم: وێڕای وەرگرتنەوەی بەشەبودجەی هەرێم لە بەغدا، پشكی پێشمەرگەیش چەسپێندرا و بە بەغدایان سەلماند كە رێرەوی سیاسەتی نەوتی هەرێم دەستوورییە.
دوێنێ هەندێکی کەناڵەکانی ڕاگەیاندن وەهایان بڵاو کردەوە کە، ئەو شاندەی چەند ڕۆژێک بۆ دانوستان چوونەتە بەغدا و ڕێککەوتنیان لەگەڵ بەغدادا ساز دا، زیاتر شاندێکی حیزبیانە تا ئەوەی حکوومەتی بێ، (قوباد تاڵەبانی) لەسەر ئەم پرسە قسەی هەبوو و گوتی، "شاندی دانوستانکار، شاندی باڵای ئەنجوومەنی باڵای نەوت و غاز بوو و ئەندامانی ئەو ئەنجوومەنە بوون، کە دانوستانیان کرد، نەک ئەوەی کە نوێنەرایەتیی ئەم و ئەو حیزب بێ."




