داوا دەکات لە ڕێی وشکانییەوە نەچنە بەغدا.. بڕیاردەری لیژنەی ئاساییش و بەرگری هۆشداریی دا

هەولێر-KDP.info- بڕیاردەری لیژنەی ئاساییش و بەرگری لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، داوا لە هاووڵاتیانی کورد دەکات، هەرگیز لە ڕێی وشکانییەوە سەفەر نەکەن، چونکە ڕێگاکان مەترسیدارن و میلیشیاکان پرۆسەی ڕفاندنیان دەست پێ کردووە.
پلەدارێكی سەربازیی كورد دەڕفێندرێت و سەبازێكی عێراقیش دەستگیر دەكرێت، کە ددان دەنێت بەوەی کە لە رێگەی میلیشیا شیعەكانەوە كاری ڕفاندن ئەنجام دەدەن.
بڕیاردەری لیژنەی ئاساییش و بەرگری لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق (شاخەوان عەبدوڵڵا) بۆ KDP.infoـی ئاشکرا کرد کە، "لێكۆڵینەوەمان لەگەڵ هەندێك لە بەرپرسی میلیشیا شیعەكان و (حەشدی شەعبی) دەست پێ كردووە، لە بارەی رفاندنی هاووڵاتیانی كورد"، گوتیشی، "چەند تۆمەتبارێكمان دەستنیشان كردوون كە تۆمەتبارن بە رفاندنی هاووڵاتیانی كورد، بە تایبەت لە چەند بازگەیەك لە نێوانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان و بەغدا، بۆ لێكۆڵینەوە داوامان كردوون.
(شاخەوان عەبدوڵڵا) ڕیشیگەیاند "لە سێ مانگی رابردوودا، 25 هاووڵاتی كورد رفێندراون، لە نێوایاندا قوتابی و شۆفێری تاكسی و ئەفسەر و بازرگان هەن و بە پارە 24ـیان ئازاد كردوون."
بڕیاردەری لیژنەی ئاساییش و بەرگری لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، وردەكاریی ئەو پلەدارەی ئاساییشی ئاشكرا كرد كە ئێستا لە چنگی رفێنەرەكانەدایە و گوتی، "ناوی رائید (بەختیار جەلال)ـە و لە بازگەی نەهرەوان رفێندراوە و كەسێك كە سەربازی عێراقییە بەو تۆمەتی رفاندنەكەی گیراوە و ددانی ناوە كە بە هاوكاریی میلیشیا شیعەكان لەگەڵ دوو كەسی تر ئەوە رائیدەیان رفاندووە".
(شاخەوان عەبدوڵڵا) هێمای بۆ ئەوەش كرد لە هەفتەی رابردوودا كەسێكی خەڵكی دهۆك رفێندرابوو، بە 250 هەزار دینار ئازاد كرا بوو.
بڕیاردەری لیژنەی ئاساییش و بەرگریی عێراق، زیادبوونی رفاندنی هاووڵاتیان بە مەرسیدار ناو دەبات و دەڵێ، "بەرەڵاییی ئەمنی و هەبوونی چەندین میلیشیای شیعی و حەشدی شەعبی، هۆكاری ئەو رفاندنانەن و دەبێت ئەو بەرەڵاییە چارە بكرێت.. هاووڵاتییەكی كورد لە بازگەیەكی میلیشیا شیعەكان تەنیا بە بیانووی كوردبوونی داگیراوە، پاشان دوو ئۆتۆمبێلی سەربازی هاتوون بردوویانە، لەو نێوانەشدا ئەوانە لەگەڵ بنەماڵەی ئەو كەسە كەوتوونەتە گقتوگۆوە و پاش ماوەیەك، بە پارەیەكی زۆر ئازادیانكردووە."
بڕیاردەری لیژنەی ئاساییش و بەرگری هۆشداریشی دا لەوەی لە هاتوچۆکردن بە ڕێگای وشکانییەوە، مەترسیدارە و گوتی، "داوا لە هاووڵاتیانی كورد دەكەم بە تایبەت ئەوانەی پۆستی ئەمنی و ئیداریی و سەربازییان هەیە، یان بازرگان و سەرمایەدارن، بە رێگەی وشكانی هاتوچۆ نەكەن، بەڵكو لە رێگەی فڕۆكەوە سەردانی بەغدا و ناوچەكانی تر بكەن."
یەحیا سابیر




