٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

دژ بە داعشن.. 180عەرەبی مەخموور و گوێڕ هاوشانی پێشمەرگە دەجەنگن

سەرچاوە: KDP.info
لە ڕاستەوە: سیروان بارزانی و شەهیدی فەرماندە محەممەد باوە

مەخموور-KDP.info-  جێگری سەرپەرشتیاری ھەردوو میحوەری مەخموور – گوێڕ رەتی دەکاتەوە ھیچ چەکدارێکی داعش خۆی رادەستی ھێزی پێشمەرگە کردبێت، بەڵام دەڵێ ئەوانەی ھاتوون، عەرەبن و پەیوەندییان بە ریزەکانی ھێزی پێشمەرگەوە کردووە و داعش نین.

جێگری سەرپەرشتیاری ھەردوو میحوەری مەخموور- گوێڕ (ئاراز حەسۆ میرخان) بۆ Kdp.info ڕوونی کردەوە: "لە ماوەی رابردوودا 150ھاووڵاتی عەرەب لە گوندەکان دەوروبەری مەخموور و گوێڕ، ھاتوونەتە ناو ریزەکانی پێشمەرگەوە و شانبەشانی ھێزی پێشمەرگە شەڕی داعش دەکەن، هەروەها دوای ئازادکردنی ئەو 12 گوندەی ناوچەکە، لە دوو رۆژی رابردوودا زیاتر لە 30 کەسی دیکەیش پەیوەندییان بە پێشمەرگەوە کردووە و چەکیان پێ دراوە و شەڕی داعش دەکەن."

(ئاراز حەسۆ میرخان) جەختی کردەوە کە، ئەو کەسانە داعش نین و ھاووڵاتیانی عەرەبی ناوچەکەن و دژی داعشیشن، دووپاتیشی کردەوە کە، ئەوان لەئێستادا ژمارەیان لە 180کەس زیاترە و چەکبەدەستن و وەک پێشمەرگە مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت.

دەربارەی ئەو ژمارە عەرەبەی نێو ڕیزەکانی پێشمەرگە، جێگری سەرپەرشتیاری ھەردوو میحوەری مەخموور- گوێڕ زیاتر گوتی، "ئەوان لەو عەرەبانەی ناوچەکەن و بڕواپێکراون، لە چۆنیەتیی مامەڵەکردنیش لەگەڵ عەرەبەکانی ناوچەکەدا پشت بە ئەوان دەبەستین، چونکە ئەوانن کە دەزانن کێ لەگەڵ داعشە و کێ دژیەتی، جیا لەمە، ئەوان لەکاتی هێرشەکەی داعش بۆ ناوچەکە، زۆرێکیان ناوچەکەیان جێ ھێشتوو ھاتبوونە ھەولێر."

دەربارەی دۆخی ناوچە ئازادکراوەکانیش (میرخان) گوتی، "زۆرێک لە ھاووڵاتیانی کورد گەڕاونەتەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، بەڵام تا ئێستایش لە ھەندێک شوێن مینی چێندراو ماون و کارکردن لێیان بۆ پووچەڵکردنەوەیان درێژەی هەیە و، بە داخەوە دوێنێیش فەرماندەیەکمان بە مین شەھید بووە."
بەپێی زانیارییەکانی kdp.info کە لە سەرچاوەیەکی یەکێک لە کەسوکاری ئەو فەرماندەیەی پێشمەرگە بە دەستی گەییشتووە، دوێنێ فەرماندە (محەمەد باوە) لە کاتی پووچەڵکردنەوەی میندا، یەکێک لە مینەکان پێیدا تەقیوەتەوە، لە ئاکامدا شەھید بووە.

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار