سەرۆك بارزانی واژۆی كرد.. هەڵەبجە بوو بە پایتەختی ئاشتیی هەرێم

هەولێر-KDP.info- راوێژكاریی یاساییی سەرۆكی هەرێمی كوردستان حاكم (ئازاد مەلا فەندی) رایگەیاند كە، (سەرۆك بارزانی) واژۆی لەسەر بڕیاری (ناونانی پارێزگای هەڵەبجە بە پایتەختی ئاشتیی هەرێمی كوردستان) كردووە و، ئەو بڕیارەیش دوای بڵاوبوونەوەی لە رۆژنامەی وەقایعی كوردستان، دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.
راوێژكاریی یاساییی سەرۆكی هەرێمی كوردستان حاكم (ئازاد مەلا فەندی) بە kdp info-ی راگەیاند كە، (سەرۆك بارزانی) واژۆی لەسەر بڕیاری (ناونانی پارێزگای هەڵەبجە بە پایتەختی ئاشتیی هەرێمی كوردستان) كردووە و، ئەو بڕیارەیش دوای بڵاوبوونەوەی لە رۆژنامەی وەقایعی كوردستان دەچێتە بواری جێبەجێكردن و، پێویستە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، رێكارەكانی جێبەجێكردنی ئەو بڕیارە، بەجێ بگەیەنێت. راوێژكاریی یاساییی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، جەختی كردەوە ئەو بڕیارە لە رووی مەعنەوییەوە كاریگەریی باشی بۆ پارێزگای هەڵەبجە دەبێت و، دەبێت هەموو پرسەكانی پێوەست بە ئاشتی و پێكەوەژیان لە پارێزگاكە ئەنجام بدرێن.
جێی ئاماژەیە، لە كۆتایی مانگی ئەیلولدا پەرلەمانی كوردستان بڕیاری (ناونانی پارێزگای هەڵەبجە بە پایتەختی ئاشتی هەرێمی كوردستان)ی دەركردووە.
بەپێی خاڵەكانی بڕیارەكە، پارێزگای هەڵەبجە پایتەختی ئاشتی هەرێمی كوردستانە و، كۆنفرانس و كۆڕ و كۆبونەوەو مەڕاسیمی تایبەت بە بڵاوكردنەوەی رۆشنبیریی و پەیامی پێكەوەژیانی ئاشتیانە لەو پارێزگایە ساز دەكرێت، حكوومەتیش ساڵانە بودجە بۆ ئەو مەبەستە تەرخان دەكات.
یەحیا سابیر




