رێككەوتنی هەولێر و بەغدا شكستی بە مالیكی برد.. عەبادی پلانەکانی هەڵدەوەشێنێتەوە
__2014_12_03_h16m46s59__LB.jpg)
بەغدا-kdp.info- ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە لیستی پارتیی دیموكراتی كوردستان (د.عەرەفات كەرەم) رایگەیاند كە، دوێنێ هەرێمی كوردستان بە رێككەوتنی لەگەڵ عێراق، سەركەوتنی یەكجارەكی بەسەر (مالیكی) راگەیاند و، سەرۆكوەزیرانی عێراق (عەبادی)-یش دەیەوێ ئاسەواری (مالیكی) و كۆتلەكەی لە عێراق بسڕێتەوە.
ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە لیستی پارتیی دیموكراتی كوردستان (د.عەرەفات كەرەم) بە kdp.info-ی راگەیاند كە، (مالیكی) بەرێككەوتنی دوێنێ نێوان هەرێم و عێراق، نیگەرانە و داوای كردبوو خۆپیشاندان لەدژی ئەو رێككەوتنە بكرێت، لەئێستایشدا ئەو رێككەوتنە كراوە، واتای شكستپێهێنانی (مالیكی) و لایەنگرانی دەگەیەنێت، چونكە ئەوان دژی ئەو رێككەوتنە بوون، بۆیەش لەئێستادا بەشێك لە پەرلەمانتارانی نزیك لە (مالكی) لێدوان دژی ئەو رێككەوتنە دەدەن.
د.(عەرەفات كەرەم) گوتیشی، ئەو رێككەوتنە لەبەرژوەندی عێراق و هەرێمی كوردستانە، هەرێمیش دوێنێ بەو رێككەوتنە سەركەوتنی بەسەر (مالیكی ) راگەیاند، چونكە سەرۆكوەزیرانی پێشوو لە رابردوو دژایەتی راستەوخۆی هەرێمی كوردستانی دەكرد و سەرۆكوەزیرانی ئێستایش (حەیدەر عەبادی) كەسێكە كارەكانی راشكاوانەیە و هەموو شتێكی بەلاوەناوە و رێككەوتنی لەگەڵ هەرێمی كوردستان كرد كە، ئەمەیش بۆ هەرێم و عێراق، هەنگاوێكی باشە.
ئەو پەرلەمانتارەی پارتی راشیگەیاند، كوتلەی (نووری مالیكی) تووشی شكست هاتوون، چونكە هەموو كارێكیان دژی هەرێمی كوردستان بوو و سزای زۆریان بۆ هەرێم دانابوون، بەڵام لەئێستادا ئەو سزایانە لادران و (مالیكی) و كوتلەكەی بە تەواوەتی لەو پیلانەی دایانڕشتبوو شكستیان برد.
ئەوەیشی خستەڕوو، لە ئێستادا (عەبادی)دەستی كردووە بەهەڵكێشانی ئەو رەگوریشانەی چەند ساڵە (نووری مالیكی) لە عێراق كوتاویەتی، (عەبادی) ناوی 50 هەزار بندیواری سڕیوەتەوە و، 24سەركردەی لاداوە و لە گۆڕانكارییەكان بەردەوامی هەیە، بۆ ئەوەی ئاسەواری دەستەڵاتی (مالیكی) نەمینێت، چونكە ئەگەر (عەبادی) ئەو كارە نەگرێتە بەر ئەوا لە داهاتوودا شكست دەبات.
(عەرەفات)، ئاماژی كرد كە، دوای رێككەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا چەند پەرلەمانتارێكی لیستی دەوڵەتی یاسا وەك (حەنان فەتلاوی)، (عالیە نووسەیف) و (سوھەیب) لێدوان دژی ئەو رێككەوتنە دەدەن و هەر ئەمڕۆیش پەرلەمانتارێكی دیكە بەناوی (عەبدولسەلام مالیكی) لەراگەیندراوێكدا گوتوویەتی، ئەو رێككەوتنەی نێوان هەرێم و بەغدا واتا تاڵانكردنی سامانی عێراق، بەڵام ئەم لێدوانانە گشتی لەبەر ئەو شكستەیە كە (مالیكی) و كوتلەكەی دوێنێ بە رێكەوتنی نێوان هەرێم و عێراق، شكستیان برد.
بڵند ئیبراهیم




