٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

د.تاریق گەردی: كەسێكی وەك (عەبادی) لە بریتی جارێك دەجار پێویستی بە هەرێمی كوردستانە

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info-ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، (د.تاریق گەردی) رایگەیاند كە، ئەگەر لە كابینەكەی (حەیدەر عەبادی) بڕوانرێ، ئێستا لە نێو چەند تەنگوچەڵەمەیەكی نێوخۆیی خۆیاندان كە زۆر كەموكورتی هەیەو تا ئێستایش كێشەكانیان لەگەڵ لایەنگرانی (مالیكی) یەكلا نەكردووەتەوە، بۆیە كەسێكی وەك (عەبادی) لە بریتی جارێك دەجار پێویستی بە هەرێمی كوردستانە.

ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق (د.تاریق گەردی) بە KDP.info-ی راگەیاند، ئێمە وەك فڕاكسیۆنەكانی كوردستانی و ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، دەستخۆشی لە هەنگاوەكانی شاندی هەرێمی كوردستان دەكەین كە بە سەرۆكایەتی سەرۆكوەزیرانی كوردستان، (نێچیرڤان بارزانی) لەسەرەتای ئەم هەفتەیە هاتنە بەغدا و، بوێرانە توانیان هەموو پێداویستییەكان، هیوا، ئامانج و پرسە گرینگەكانی هەرێم بخەنە سەر مێزی گفتووگۆ.
(د.تاریق گەردی) دەشڵێت، ئەوەی بەلای ئێمە گرینگی تایبەتی هەبوو چەسپاندنی 17%-ی پشكی هەرێم بوو لە بودجەی گشتی عێراق كە، جارێكی دیكە جێگیركرایەوە، هەروەها چەسپاندنی مووچەی پێشمەرگە و دانانی پێشمەرگە وەك دەزگایەكی دەستووری یاسایی كە لەسەر ئەرزی واقیع بەرگری لەخاكی هەرێمی كوردستان و عێراق دەكات، ئەمانە نیشانەی بەهێزی هەنگاوەكانی داهاتووی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی پیشاندا.
(د.تاریق) پێوەست بە نەوت و هەناردەكردنی لە هەرێمی كوردستانەوە لە 150 هەزار بۆ 250 هەزار بەرمیلی نەوتی رۆژانە، ئەم كارەی بە هەنگاوێكی پێشكەوتووی گرینگی بواری بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی كوردستان ناوبرد كە، شاندی كوردی لە بەغدا توانیان لەلایەك پێداویستییەكانی هەرێمی كوردستان پڕبكاتەوە و، لەلایەكی دیكەیش بە پشكی خۆیی لە ئیرادات و نەوتی هەموو عێراق، بەشداربێت.
ئەو پەرلەمانتارەی عێراق، ئاماژەی كرد كە، "لەدوای سەری ساڵی نوێ كە خولی پەرلەمان دەستپێدەكاتەوە، رووبەڕووی بودجەی ساڵی 2015 دەبنەوە و ئەو كەموكورتیانەی كە لە بودجەدا هەیە بەتایبەت بابەتی حجز كە لەساڵی 2014 لەبەر بارودۆخی دارایی و ئابووریی و نەوت حجزێكی زۆر درووستبوو، چونكە بەهۆی جەنگەوە نەفەقات زیادبوو، لەلایەكی دیكەیشەوە نرخی نەوت دابەزیی كە كەمتر لە 70 دۆلارە، لەوانەیە لە 65 دۆلاریش رابووەستێ، ئەوانە هەمووی گرینگی ئەوە دەدات كە، هەرێمی كوردستان لەوانەیە لە پشكی خۆیی زیاتر بەشداری لە ناردنی نەوت كردبێت بۆئەوەی ئەو حجزە بەشێك بێت بۆ پڕكردنەوە و چارەكردنی كێشەكان. ئەو هەنگاوەش دەبێتە مایەی شانازی و سەربەرزی بۆ هەرێمی كوردستان كە، هەم لەسەر ئەرزی واقیع بەرگری لە خاكوكیانی هەرێمی كوردستان و عیرَاق دەكات، هەم لەرووی مالییەوە لە پشكی خۆی كەمتری دانەناوە بۆ ئامادەكردنی بودجەی 2015".
(د.تاریق گەردی) رووینكردەوە كە، "رێككەوتنی ئەمجارەی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی ناوەندی عێراق، بەهۆی پێگەی بەهێزی حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە بوو، بە دوو لایەنەوە، یەك لەلایەنی واقیعییەوە ئێمە ئەمڕۆ جگە لە هەرێمی كوردستان زۆر شوێنی دیكەیشی وەك سنووری ماددەی 140 لەژێر كۆنتڕۆڵی هێزی پێشمەرگەی كوردستانە و بەرگرییان لێدەكات، كە خۆمان بەكوردستانی دەزانین، بەڵام لە ژێر سیادەی حكوومەتی عێراق. لەلایەنی دووەمەوە حكوومەتی ئیتحادی ناتوانێت نەوتی كەركووك رەوانەی دەرەوە بكات، تەنیا بەرێگەی بۆڕی نەوتی هەرێمی كوردستانەوە دەتوانێت، ئەوەش پێگەی هەرێمی كوردستانی بەرز كردەوە لەو دانووستانانە و بەپێچەوانەوە ئەوە بووە خاڵی لاوازی حكوومەتی عێراقی كە هانا بۆ هەرێمی كوردستان بهێنێت  لەچارەكردنی كێشە داراییەكانی. لەلایەكی دیكەیشەوە ئەگەر لە كابینەكەی (حەیدەر عەبادی) بڕوانرێ، ئێستا لە نێو چەند تەنگوچەڵەمەیەكی نێوخۆیی خۆیاندان كە زۆر كەموكورتی هەیەو تا ئێستایش كێشەكانیان لەگەڵ لایەنگرانی (مالیكی) یەكلا نەكردووەتەوە، بۆیە كەسێكی وەك (عەبادی) لە بریتی جارێك دەجار پێویستی بە هەرێمی كوردستانە، بۆیە كەسێكی وەك (عەبادی) لە بریتی جارێك دەجار پێویستی بە هەرێمی كوردستانە، هەم وەك هێزێكی ئابووری، هەم وەك هێزی مرۆیی، یاخوود ئەندام پەرلەمانەكان كە، پشتگیری لە راو بۆچوونەكانی بكەن، چ لە ئەنجوومەنی وەزیران چ لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق".
 

هەواڵی پەیوەندیدار