٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

عەدنان كەركووكی، مەترسییە گەورەكەی بەردەم ریفراندۆمی كەركووكی ئاشكرا كرد

سەرچاوە: KDP.info

كەركووك-KDP.info-  گوتەبێژی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە كەركووك (عەدنان كەركووكی)، مەترسییەكانی بەردەم ریفراندۆمی داهاتووی كەركووكی ئاشكرا كرد كە، لە ئێستادا 60 هەزار خێزانی عەرەب لە كەركووك هەن و ئیدارەی كەركووكیش تا ئێستا ئاماری بۆ نەكردوون. جەختیشی كردەوە ئەو ئاوارانە لە هەوڵی ئەوەدان ناویان بخەنە نێو تۆماری كەركووكەوە.

 

60 هەزار خێزانی ئاوارە روویان لە كەركووك كردووە
گوتەبێژی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە كەركووك (عەدنان كەركووكی)، بە kdp.infoـی راگەیاند، "لە شارەكانی ناوەڕاستی عێراق تەنانەت بە بەغدایشەوە، بەهۆی خراپیی رەوشی ئەمنییەوە، ژمارەیەكی یەكجار زۆری خەڵك رووی لە شاری كەركووك كردووە و، بەهۆی هێرشی تیرۆریستانی داعشیشەوە بۆ ناوچەكانی دیالە، تكریت و مووسڵ، لەوێیشەوە ژمارەیەكی یەكجار زۆری خەڵك بۆ كەركووك هاتوون، بەگوێرەی زانیارییەكانی ئێمە تێكڕای ئەوانەی لەو ناوچانەوە هاتوون زیاتر لە 60 هەزار خێزان دەبن، كە تا ئێستایش ئامارێكی فەرمی نییە، كەمتەرخەمییەكەیش بۆ ئەو ئیدارەیە دەگەڕێتەوە كە، نەیتوانیوە ئامارێك بۆ ئەو خێزانە ئاوارانە بكەن."

(عەدنان كەركووكی) دەشڵێت، "ئەو خێزانانە جگە لەوەی وەك ئاوارە روویان كردووەتە كەركووك، بە لای ئێمەوە هاتنی ئەو ژمارە زۆرە بۆ كەركووك، بە پیلانێك دەزانرێت كە دووبارە هەوڵێكی دیكە بێت بۆ عەرەباندنی كەركووك، بەڵام بە شێوازێكی دیكە و، جیاواز لە حكوومەتەكانی رابردووی عێراقی پێش ساڵی 2003.


ئیدارەی كەركووك كەمتەرخەمە
گوتەبێژی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتیی لە كەركووك زانیاریی دیكەی راگەیاند، "بوونی ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارە، بۆ سەقامگیریی كەركووك مەترسیدارە، چونكە تا ئێستا ئیدارەی كەركووك نەیتوانیوە رێكیان بخات و، زانیاریی وردیان لەسەر كۆ بكاتەوە كە، ئەو خێزانانە لە كوێوە هاتوون و لە كوێی شارەكەیش نیشتەجێ بوون. مەترسییەكی دیكەیش ئەوەیە كە، بوونی ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارە، كاریگەری دەبێت لە گۆڕینی باری دیمۆگرافیی شاری كەركووك و، بە عەرەباندن لێك دەدرێتەوە، چونكە كەركووك لە داهاتوودا ریفراندۆمی بۆ دەكرێت و ئەو ژمارەیەیش مەترسیی بۆ ئەو پرسە هەیە."
(كەركووكی) لەسەر ئەو باوەڕەیشە كە، ئەگەر كەركووك خرایە ریفراندۆمەوە ئاوارەكان دەنگیان بە نەخێر دەبێت لە گەڕانەوەی كەركووك بۆ سەر هەرێمی كوردستان، چونکە دژی گەڕانەوەی كەركووكن بۆ سەر ئیدارەی هەرێمی كوردستان.

ژنخوازیی ئاوارەكان مەترسیدارە
(عەدنان كەركووكی)، بابەتی ژنخوازیی ئاوارەکان بە یەکێک لە مەترسییەكانی دیکە بۆ سەر شاری كەركووك ناو دەبار و، ڕوونی دەکاتەوە، " بابەتی ژنخوازیی ئاوارەكان مەترسییەكی دیكەی ئاوارەكانە، کە لە نێوان كچی ئاوارەكان، یان ئەوان هەوڵ دەدەن كچی عەرەبەكانی كەركووك بخوازن، ئەوەیش زیاتر بە مەبەستی ئەوەیە كە بتوانن بەڵگەنامەی خۆیان بگوازنەوە سەر كەركووك و ببنە كەركووكی، چونکە ژن و ژنخوازیێكی یەكجار زۆر لەنێو عەرەبەكاندا دەكرێت بەتایبەتی ئەوانەی ئاوارەن یاخود ئەوانەی كە لە دەرەوەی ئەو شارەوە هاتوونەتە كەركووك، تا رەگەزنامەی باری شارستانی دروست بكەن یاخود ناویان بخەنە تۆماری كەركووكەوە."

دادوەر و پارێزەری عەرەب خانوو بە ناوی ئاوارەكانەوە دەكەن
گوتەبێژی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتیی لە كەركووك، مەترسییەكی دیكەی ئاوارەكان لە كەركووك ئاشكرا دەكات، كە ژمارەیەكی زۆر لە پارێزەرانی عەرەب بە ناوی ئاوارەوە هاتوونەتە كەركووك و هەماهەنگییان لەگەڵ چەند دادوەرێكی عەرەبدا هەیە، بەداخەوە لە كەركووك ژمارەیەك كورد خانوو بەو عەرەبانە دەفرۆشن، ئەگەر عەرەبەكە نەچێتە دادگایش بەمەبەستی بەناوكردنی موڵكەكەی، ئەوا لەلایەن پارێزەرە عەرەبەكانەوە بەبێ ئامادەبوونی كڕیارەكە كە عەرەبە، یەكڕاست موڵكەكەی بە ناو دەكرێت، چونكە دادوەرەكە كە عەرەبە و پارێزەرەكەیش عەرەبە كارئاسانییان بۆ دەكات، بۆیە پێویستە ئیدارەی كەركووك ئاگاداری دادگای كەركووك بكاتەوە، کە ئەوەی ناوی لە سەرژمێریی ساڵی 1957ـدا نەبێت، بۆی نەبێت موڵك لە كەركووك بەناو بكات، چونكە كەركووك شارێكە تا ئێستا چارەنووسی یەكلا نەبووەتەوە. داوا بكرێت خەڵكی كەركووك خانوو و موڵكی خۆیان ئەوەی بە ناوی خۆیانەوەیە و تاپۆیانە بە هیچ كەسێكی دیكەی نەفرۆشن، چونكە ئەمە بابەتێكی مێژوویی و نەتەوایەتییە، دواتریش ئەگەر ئەم بابەتە هەر وا بروات مەترسیی گەورەتری لێ دەكەوێتەوە".

داو لە سەرۆكایەتیی هەرێم دەكەین لەو پرسە بكۆڵنەوە
گوتەبێژی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتی لە كەركووك، داوا لە سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، پەرلەمان و حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكات لەم مەترسییە بكۆڵنەوە و زیاتر گوتی: "لە ئێستادا هێزێكی زۆری پێشمەرگە پارێزگاری لە سنوورەكانی كەركووك دەكات كە ئەمە جێگای دڵخۆشییە، بەڵام بەرپرسیارەتیی ئیدارەی كەركووكە كە بتوانێت ئەو مەترسییانەی كە ئاماژەم پێكردن لە ئەستۆ بگرێت، ئەركی ئیدارەی كەركووك و ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووكە كە بتوانێت ئەو كێشەو مەترسییانە لەسەر كەركووك نەهێڵن و چارەی بكەن."
پێوەست بە هەڵوێستی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە كەركووك، گوتەبێژەكەی ئەو ئەنجوومەنە دەڵێت، "پێوەندیی ئێمە لە رێگای نوێنەرانمانەوەیە لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك، ئەگەر نا، وەك ئەنجوومەنی سەركردایەتیی كەركووك -گەرمیان هیچ پێوەندییەكمان لەگەڵ پارێزگاری كەركووك نییە، ئەوەش لە ئەنجامی ئەو هەڵسوكەوتەی پاریزگار بوو كە لە دوای هەڵبژاردنەكانەوە بەرانبەر بە ئەندامانی پارتی لە دامودەزگاكانی كەركووكدا نیشانی دا کە پاکتاوکردنیان بوو و، هەڵبەت لە دانیشتنی ڕاستەوخۆ نا، بەڵام بە ڕیگای دیکە، لەو مەترسیانەیش ئاگادارمان كردووەتەوە."

KDP.info

هەواڵی پەیوەندیدار