ئەمشەو هێزێكی نوێی پێشمەرگە دەگاتە كۆبانی.. فەرماندەی پێشمەرگە: سبەی دەگەڕێینەوە
__2014_12_02_h20m1s33__LB.jpg)
كۆبانی-kdp.info- فەرماندەی هێزی پێشمەرگە لە كۆبانی لیوا (عەبدولقەهار مەجید حاجی) رایگەیاند كە، "ئەمشەو كاروانێكی نوێی هێزی پێشمەرگە گەییشتوونەتە توركیا و، رەنگە هەر ئەمشەویش بگەنە كۆبانی و بەیانیش ئێمە دەگەِرێینەوە هەرێمی كوردستان."
بەگوێرەی زانیاریی KDP.info، ئەمڕۆ هێزێكی پێشمەرگەی كوردستان گەییشتوونەتە نێو خاكی توركیا و، بریاریشە هەر ئەمشەو بەبێ پشوودان بگەنە كۆبانی، تا ببن بە شوێنگرەوەی ئەو هێزی پێشمەرگەی كوردستان كە ماوەی مانگێك زیاترە لە كۆبانی لە جەنگدان.
پێوەست بەچوونی كاروانێكی نوێی هێزی پێشمەرگە بۆ كۆبانی، فەرماندەی هێزی پێشمەرگە لەو شارەدا لیوا (عەبدولقەهار مەجید) زانیارییەكانی پشتڕاست كردەوە و بە KDP.info-ی راگەیاند، "ئەمشەو كاروانێكی نوێی هێزی پێشمەرگە گەییشتوونەتە فڕگەی ئورفای توركیا و، رەنگە هەر ئەمشەویش بگەنە كۆبانی، بەیانی هێزەكانی ئێمەیش دەگڕێنەوە هەرێمی كوردستان."
ئەو هێزەی پێشمەرگە لە كۆبانی كە ماوەی زیاتر لە مانگێكە دەجەنگێت و بە فەرمانی (سەرۆك بارزانی) بە مەبەستی پاراستنی رۆژئاوا لە تیرۆریستانی داعش رەوانەی كۆبانی كران، لە كاتی چوونیان بۆ ئەو شارە تا ئێستا توانراوە بەشێكی زۆری كۆبانی لە دەست تیرۆریستانی داعش رزگار بكەن و، وەك پاڵپشتییەكی بەهێزیش بۆ شەڕڤانان رۆژ دوای رۆژ تیرۆریستان لە كۆبانی وەدەربنێن.
شەوی ڕابردوویش لە داستانێكی دیكەی نەبەردایەتیی ئەو هێزەدا، توانییان هێرشێكی بەرفراوانی تیرۆریستانی داعش تێك بشكێنن. وەك فەرماندەی هێزی پێشمەرگەیش لە كۆبانی، دەڵێت، شەوی رابردوو لە باشووری كۆبانی تیرۆریستانی داعش هێرشێكی بەفراوانیان بەرپا كرد، بەڵام شەڕڤانان بە هاوكاریی هێزی پێشمەرگە بە توندی رووبەڕوویان بوونەوە و شەڕەكە تا بەیانیی ئەمڕۆ بەردەوام بوو، لە ئاكامدا هێرشەكەیان تێك شكێندرا و، پێشمەرگە و شەڕڤانان توانییان پێشڕەوی بكەین و چەند شوێنێك كۆنتڕۆڵ بكەین."
لیوا (عەبدولقەهار مەجید) گوتیشی، لەو شەڕەدا ئەمیرێكی داعش بە ناوی (ئەسعەدوڵڵا شیشانی)كوژرا و پێنچ تیرۆریستی دیکەی بەرەگەز ئۆزبەكستانیش دەستگیر كران.
بڵند ئیبراهیم




