هەرسێ بارەگاكەی پارتی لە جەلەولا تەقێندراونەتەوە

جەلەولا-KDP.info- بەرپرسی ناوچەی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە جەلەولا (كامەران محەممەد) ئاشكرایكرد كە، پارتیی دیموكراتی كوردستان لە جەلەولا سێ بارەگای حیزبی هەبوون و، تیرۆریستانی داعش هەر سێ بارەگاكەی تەقاندوونەتەوە.
دوای ئەوەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە گشت سەنگەرەكانی جەنگ گورزی گورچكبڕی لە تیرۆریستانی داعش وەشاند، لە ناحیەی جەلەولا بەر لە ئازادكردنەوەی لەلایەن هێزی پێشمەرگە، تیرۆریستانی داعش لە كارێكی ترسنۆكانەدا سێ بارەگای پارتیی دیموكراتی كوردستانیان لە ناحیەكە تەقاندووەتەوە، ماڵی هاووڵاتیان، دوكان و كۆڵانەكانیشیان مینڕیژ كردوون.
پێوەست بەم پرسە، بەرپرسی ناوچەی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە جەلەولا (كامەران محەممەد) بە Kdp.info-ی راگەیاند: "ئەمڕۆ چوارشەممە سەردانی جەلەولامان كرد و كە چووینە نێو شار، بینیمان هەرسێ بارەگاكانمان لە لایەن تیرۆریستانی داعشەوە تەقێندراونەتەوە و، بەمەیش نەوەستاون، بەڵكە مین و تەقەمەنیشیان لە بن دار و پەردووی باڵاخانەكاندا ناوەتەوە، كە مەبەستیان بووە هەر كەس لێیان نزیك ببێتەوە پێیاندا بتەقێتەوە."
وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە گشت سەنگەرەكانی جەنگدا بەبێ جیاوازی چەكی بەسەر پێشمەرگە دابەش كردووە و، لە سنووری ناحیەی جەلەولایش (كامەران محەممەد) پشتڕاستی دەكاتەوە كە، ئەمڕۆ لە سنووری ناحیەی جەلەولا، وەزارەتی پێشمەرگە چەكی نوێی بۆ هێزی پێشمەرگە رەوانە كردووە و، بەسەریاندا دابەش كرا.
وەك ئاماژەی كرد، "لە ناو جەلەولا، چەكدارە میلیشیاكانی شیعە ژمارەیەكی زۆری خانوو و دوكانی هاووڵاتیانیان تەقاندوونەتەوە و هەر ئەمڕۆ چەند خانوویەكیان تەقاندنەوە كە خۆم بینیم دووكەڵیان لێ بڵند دەبوو، ئەوان بەردەوامیشن لە تەقاندنەوە و خراپكردنی دوكان و خانووی هاووڵاتیان."
ئەو راشیگەیاند، تا ئێستایش تەقەمەنییەكی زۆر لەناو جەلەولا ماوە و پووچەڵ نەكراونەتەوە، بەڵام تیمە ئەندازیارییەكان بەردەوامن لە كاركردنیان بۆ پووچەڵكردنەوەیان بەردەوامن.
دەربارەی دۆخی ناحیەی سەعدیەیش، ئەو بەرپرسەی پارتی گوتی، لە ناوچەی كوبرا گۆڕێكی بەكۆمەڵ دۆزراوەتەوە كە، چەند تەرمێكی تێدان و، لەوانە ئەمڕۆ تەرمی پێشمەرگەیەك دەرهێندرایەوە.
بڵند ئیبراهیم




