بەغدا سازشی بۆ هەرێم كرد.. بە عێراق سەلمێندرا، كە سیاسەتی نەوتی هەرێم دەستوورییە

بەغدا-KDP.info- ئەندامی پەرلەمانی كوردستان (دڵشاد شەعبان)، ئاشكرای دەكات كە، بەغدا لە رێككەوتنی ئەمڕۆیدا سازشی بۆ هەرێم كرد و، رێكکەوتنەكەیش كۆنكرێتی نییە، تەنیا بۆ پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی داهاتووە و، رەنگە لە ساڵانی دیكەدا گۆڕانكاری بەسەردا بێت. (موحسین سەعدوون)ـیش لەسەر ئەو باوەڕەیە کە، سیاسەتی سەركەوتووانەی (نێچیرڤان بارزانی) وای لە بەغدا كرد، سازش بكات.
هەرێمی كوردستان، كە داڕێژەری عێراقی دوای پرۆسەی ئازادی و نووسینەوەی دەستووری عێراق و ناسنامەی فیدڕاڵییەتی عێراق و پێكهێنانی كابینەی نوێی عێراق بوو، ئەمڕۆیش بە رێككەوتننامەی نێوان هەولێر و بەغدا سەلماندی كە كلیلی نەهێشتنی کۆی قەیرانەكانی عێراقی بە دەستەوەیە.
سەرۆكوەزیرانی كوردستان (نێچیرڤان بارزانی)، كە بە چەندین كارتی بەهێز، چوار رۆژە لە بەغدایە، كارتی تێكشكاندنی تیرۆریستانی داعش لەلایەن هێزی پێشمەرگە، هەناردەی نەوتی كەركووك و سیاسەتی سەركەوتووی هەناردەی نەوتی هەرێم بۆ بەندەرەكانی جیهانی، خستە سەر مێزی گفتوگۆ.
رەنگە پرسیارگەلێک بکرێن کە، بۆچی هەرێم لەگەڵ عێراق رێك كەوت؟، قازانجی كورد لەو رێككەوتنە لە چییدایە؟، چیی بەسەر هەناردەی نەوتی هەرێمدا دێت؟، بە كام رێگە نەوتی كەركووك هەناردە دەكرێت؟، كۆنكرێتیی رێككەوتنەكەی ئەمڕۆی نێوان هەولێر و بەغدا بۆ چەند ساڵە؟، چیی بەسەر نەوتەکەی دیكەی هەرێمدا دێت؟، هەرێم لە هەناردەی نەوتی خۆی بەردەوامی دەبێت؟، وەڵامی تێكڕای ئەو پرسیارانە و نهێنیی سەركەوتنی شاندی باڵای هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتیی (نێچیرڤان بارزانی)، لەو ریپۆرتەدا هەن.
بەغدا لە دەستپێكدا دەیەویست نەوتی كەركووك و هەرێم تێكڕا لە رێگەی كۆمپانیای سۆمۆوە هەناردەی دەرەوە بكات، بەڵام لەم هەنگاوەدا سەركەوتووو نەبوو، هەروەك جێگری سەرۆكی لیژنەی سامانە سرووشتییەكان لە پەرلەمانی كوردستان (دڵشاد شەعبان بە kdp.infoـی راگەیاند، "رێككەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا زۆر لە جێی خۆیەتی و هەرێم زیانی نەكردووە و قازانجی كردووە، بەغدایش سەرەتا دەیەویست گشت نەوتی هەرێم و كەركووك بە رێگەی كۆمپانیای سۆمۆ بفرۆشرێت، بەڵام سەرۆكوەزیرانی كوردستان بەو داوایەی حكوومەتی ناوەند رازی نەبوو و رەتی كردووە. دواجار وا رێككەوتن كە لە كۆی گشتیی 350 هەزار بەرمیلی نەوتی رۆژانەی هەرێم، 250 هەزار رادەستی كۆمپانیای سۆمۆ بكرێت و، پێوەست بە نەوتی كەركووكیش 300 هەزار بەرمیلی نەوت رۆژانە بە رێگەی بۆریی نوێی هەرێم هەناردە بكرێت".
قازانجی هەرێم لە رێككەوتنی ئەمڕۆیدا لەگەڵ بەغدا تەنیا بریتی نییە لە وەرگرتنەوەی بەشەبودجەكەی كە ماوەی ساڵێكە لەلایەن بەغداوە زەوت كراوە، بەڵكە بە عێراقی سەلماند كە، سیاسەتی نەوتی هەرێم دەستوورییە و، دەبێت هەرێم زیادەی نەوتی خۆی بۆخۆی بێت و، بە رێگەی خۆیشییەوە هەناردەی بكات.
ئەگەرچی (دڵشاد شەعبان) دەڵێت، نەوتی كەركووك پێشووتر لە رێگەی بەغداوە هەناردە دەكرا، بەڵام لە ئێستادا ئەو نەوتە لە رێگەی هەرێمەوە هەناردە دەكرێت و لە بری ئەو رێككەوتنەیش حكوومەتی عێراق 17%ـی بودجەی گشتیی عێراق و 17%ـی بودجەی وەزارەتی بەرگری بۆ هێزی پێشمەرگە رەوانە دەكات. بەڵام لەودیوی رێككەوتنەكەی ئەمڕۆدا، هەرێمی كوردستان زەنگی سەركەوتنی بۆ هاوپەیمانەكانی لێدا كە، توانای هەرێم بریتییە لە چارەكردنی گشت قەیرانەكانی عێراق و كلیلی چارەكردنەكەیش بە دەستی كوردەوەیە.
پرسیارێك لای دانیشتوانی هەرێمی كوردستان دروست بووە كە، بەرژەوەندیی هەرێم لە رێككەوتنی ئەمڕۆی نێوان هەولێر و بەغدا لە چییدایە؟ لە وەڵامدا (شەعبان) نایشارێتەوە كە، نرخی یەك بەرمیلی نەوت لە بازارەكانی جیهان بە 70 دۆلار خەمڵێنراوە و، ئەگەر هەرێم رۆژانە 500 هەزار بەرمیل بەو نرخە هەناردەی بازاڕەكانی جیهان بكات، ناگات بەو بودجەیەی كە لە بەغداوە بۆی رەوانە دەكرێت، كەوایە رێككەوتنەكە لە بەرژەوەندیی هەرێمی كوردستانە و هەرێم قازانجی كرد.
چاودێرانی سیاسی خوێندنەوەیان بۆ رەوشی ئێستای بەغدا كردووە و رایانگەیاندووە كە، بەغدا دەچێتە قەیرانێكی گەورەوە، بەڵام كلیلی چارەكردنی ئەو قەیرانە لە گیرفانی كوردە، بۆیە عێراق سازشی بۆ هەرێم كردووە، ئەگەرچی عێراق ئەو سازشەی دەرنابڕێت، چونكە بەگوێرەی دەستووری عێراق، هەرێمی كوردستان سەر بە دەوڵەتی عێراقە و، سەركردەكانی بەغدایش نایانەوێت هاووڵاتیان درك بەو سازشە بكەن، بەڵام جێگری سەرۆكی لیژنەی سامانە سرووشتییەكان لە پەرلەمانی كوردستان، ئاشكرای كرد كە، بەغدا سازشی بۆ هەرێمی كوردستان كردووە و ئامادەی رێككەوتن بووە، چونكە بەرهەمهێنانی نەوتی كەم بووەتەوە و ناتوانێت بەبێ هەرێم نەوتی كەركووك بفرۆشێت، جگە لەمەیش نرخی نەوتیش هاتووەتە خوارەوە و بەغدا بەبێ پاڵپشتیی هێزی پێشمەرگە ناتوانێت شەڕی تیرۆریستانی داعش بكات، بۆیە لە هەموو لایەكەوە عێراق لە قەیراندایە و، ناچار بوو سازش بۆ هەرێم بكات و، داوای رێككەوتنی لێ بكات.
ماوەی كۆنكرێتیی رێكەوتنەكە تا ئێستا بە فەرمی رانەگەیەنراوە كە تا چەند ساڵ بەردەوامی دەبێ، بەڵام (دڵشاد شەعبان) وەڵامی لابوو كە، كۆنكرێتیی رێككەوتنەكە تا ساڵێكە و دواتر گۆڕانكاری بەسەردا دێت، وەك ئەو دەڵێ، ناتواندرێت رێككەوتنی كۆنكرێتی لەگەڵ بەغدادا بكرێت، بەڵام ئەم رێككەوتنە بۆ ئەو قۆناخە بۆ هەرێم و عێراق زۆر باشە، چونكە ئەگەر ئەم رێككەوتنە تا كۆتاییی ساڵی داهاتوو بەردەوامی هەبێت، ئەوكات هەرێم پێویستی بە بەغدا نابێت، بۆیە رێككەوتنەكە تەنیا بۆ پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی داهاتووە و، رەنگە لە ساڵانی دیكەدا گۆڕانكاری بەسەردا بێت.
لای خۆشییەوە ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە لیستی پارتیی دیموكراتی كوردستان (موحسن سەعدوون) بە kdp.infoـی راگەیاند، كە رێككەوتنەكەی ئەمڕۆی نێوان هەرێم و عێراق، لە بەرژەوەندیی كورد بوو، چونكە 17%ـی بودجەی گشتیی عێراق بە تەواوەتی بەبێ دەركردنی نەفەقاتی سیادی و حاكیمە رەوانەی هەرێم دەكرێت و، بودجەی پێشمەرگەیش خەرج دەكرێت، هاوكات گشت ئەو بڕگە سزایانەی لە سەردەمی كابینەکەی (مالیكی)ـدا لە بودجەدا بۆ هەرێم دانرابوون، لابراون و ئیدی ناتوانرێت بە هیچ پاساوێكی یاسایی مووچە و بودجەی هەرێم ببڕدرێت.
(سەعدوون)، هاوکات رێككەوتنەكەی بە هەنگاوێكی ئەرێنی بۆ چارەكردنی كێشەكانی دیكەی نێوان بەغدا و هەولێر ناو برد و، ئاشكرای دەكات كە، چەندین لیژنە پێك دەهێنرێن بە مەبەستی چارەكردنی دۆسێ هەڵوسراوەكانی نێوان هەرێم و عێراق، رێككەوتنەكە لە بەرژەوەندیی هەرێمە و لە كاتی خۆیدا بوو.
(موحسین سەعدوون) ئاماژەیشی دا، "یاسای نەوت و غاز تا ئێستا لە عێراق تەوافوقی لەسەر نەكراوە و بوونی نییە، ماددەی 140 جێبەجێ نەكراوە، بۆیە بە پێویستی دەزانم هەرێم پێوەندی لەگەڵ عێراق باشتر بكات، چونكە لە ئێستادا نیەتی سەرۆكوەزیرانی عێراق باشە و پێناچێت قەیران دروست بكات، هەڵبەت هەرێمی كوردستانیش دەیەوێت بە رێگەی دەستووری عێراق مافەكانی دەستبەر بكات."
ئەو پەرلەمانتارەی عێراق گوتیشی كە، "عێراق پێویستی بە هەرێمی كوردستان هەیە، نەك ئێمە پێویستمان بە ئەوان بێت، بۆیە كورد سازش ناكات."
سیاسەتی سەركەوتووی سەرۆكوەزیرانی كوردستان (نێچیرڤان بارزانی)، ئەمڕۆ بۆ بەغدایش دەركەوت كە، نەوتی هەرێم لەسەر سكەی دەستووری هەنگاوی ناوە و، بۆریی نەوتی هەرێمیش تاكە دەروازی هەناردەی نەوتی كەركووكە، پێوەست بەم پرسەوە (سەعدوون) دەڵێت، ئەو رێككەوتنەی ئەمڕۆ لەنێوان هەولێر و بەغدا بە ئاكام گەییشت، بۆ سیاسەتی سەركەوتووانەی سەرۆكوەزیرانی كوردستان (نێچیرڤان بارزانی) دەگەڕێتەوە، چونكە لە دەستپێكدا بە سیاسەتێكی دروست بە نەوت هەنگاوی نا كە، توانی بۆریی نەوت بۆ توركیا رابكێشێت و بە دانوستانیش لەگەڵ بەغدا و توركیا نەوتی هەرێمی هەناردەی دەرەوە كرد، لە ئێستایشدا تەواوی بارودۆخەكە لە بەرژەوەندیی هەرێمدایە، وەك دەبینرێت كە عێراق داوا لە هەرێم دەكات نەوتی بۆ هەناردە بكات.
بڵند ئیبراهیم




