یوئێن: ئەو کارەی نێچیرڤان بارزانی و عەبادی کردیان، مالیكی پێی نەكرا

بەغدا-KDP.info- نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق، پێشوازی لە رێككەوتنی نێوان هەولێر و بەغدای كرد. جەختیشی كرد كە، ئەو رێككەوتنە لە ئاكامی گفتوگۆی چڕ و سەختی نێوان سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان (نێچیرڤان بارزانی) و سەرۆكوەزیرانی عێراق (حەیدەر عەبادی) بە ئەنجام گەییشت و توانییان رێك بكەون، لە كاتێكدا سەرۆكوەزیرانی پێشووی عێراق (مالیكی)، نەیتوانی ئەو كارە ئەنجام بدات.
ماڵپەڕی upi بڵاوی كردەوە، نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق (نیكولای میلادینۆڤ)، پێوەست بە رێككەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا پێشوازی لەو رێككەوتنە كردووە و رایگەیاندووە، "وا لە رێككەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا دەڕوانم كە، بە زووترین كات جێبەجێ بكرێت، رێككەوتنەكە پێوەست بە هاناردەی نەوتە لە ناوچەكانی هەرێمی كوردستان و كەركووك، هەروەها خەرجكردنی بودجەی هەرێمی كوردستانە لە بودجەی گشتیی عێراقدا".
بەگوێرەی ماڵپەڕەكە، نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق دەڵێت، ئەو رێككەوتنە لە ئاكامی گفتوگۆی چڕ و سەختی نێوان سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، (نێچیرڤان بارزانی) و سەرۆكوەزیرانی عێراق، (حەیدەر عەبادی)ـدا بە ئەنجام گەییشت و توانییان رێك بكەون، لە كاتێكدا سەرۆكوەزیرانی پێشووی عێراق (مالیكی)، نەیتوانی ئەو كارە ئەنجام بدات.
(نیكولای میلادینۆڤ)، دیالۆگ و دانیشتنی راستەوخۆ بە گرینگی زانیوە بۆ ئەوەی گشت لایەنەكان بەو رێگەیەوە لە پێناو بەرژەوەندیی گشتیی عێراق، رێك بكەون.




