هەرێم بە رێككەوتنی لەگەڵ بەغدا، نیمچە سەربەخۆییی ئابووریی گەرەنتی كرد

هەولێر-KDP.info- چاودێری سیاسی (سیروان زەهاوی)، رێككەوتنی نێوان هەولێر و بەغدای پێوەست بە نەوت، بودجە و پێشمەرگە بە گرینگ ناو برد و گوتی، لە داهاتوودا نەوتی كوردستان زیاد دەبێت و، هەرێم دەتوانێ نەوتی زیادەی خۆی هەناردە بكات و لە هەمانكاتیشدا توانی نیمچە سەربەخۆییی ئابووریی هەرێمیش گەرەنتی بكات، وێڕای ئەوەی كە پشكی هەرێم كە لە بودجەی گشتیی عێراق 17%ـە، وەری دەگرێت.
ئەمڕۆ سەرۆكوەزیرانی كوردستان (نێچیرڤان بارزانی) لە پڕێسكۆنفڕانسێك لە بەغدا ئاشكرای كرد كە، رێكکەوتنێكی سەرەتایییان پێوەست بە نەوت، بودجە و پێشمەرگە لەگەڵ بەغدا كردووە و، بەغدا ڕازی بووە بەشەبودجەیەك بۆ پێشمەرگە دیاری بكات و، مووچەی فەرمانبەرانیش ڕەوانە بكات.
دەربارەی ئەم پرسە، چاودێری سیاسی (سیروان زەهاوی) بە KDP.info-ی گوت، "بەستەڵەكی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا شكێنراوە و، سەرەتایەكی باش دەستی پێ كردووە، چونكە ئێمە كۆمەڵێك گرفتمان لەگەڵ بەغدا هەن كە خۆی لە پرسی پێشمەرگە، بودجە، نەفەقاتی سیاسی و، پشكی ئێمە لە سوپای عێراق و ماددەی 140ـدا دەبینێتەوە، بەڵام پێویستە بە چاوێكی گرینگ لە رێككەوتننامەیەی ئەمڕۆی نێوان هەولێر و بەغدا بڕوانرێ، چونكە پرسی بودجە و نەوت، قورساییەكانی لەخۆی گرێ داوە و، چارەكردنی ئەو دوو پرسەیش، هەنگاونانە بۆ چوونە نێو بابەتەكانی دیكە و دۆزینەوەی چارەكردنیان"، گەشبینیی خۆیشی نیشان دا بەوەی کە "پێشبینی دەكەم ئەو ڕێكکەوتنەی كراوە جێگەی دڵخۆشی هەموو لایەك بێت."
پرسی نەوت و بودجە بە گرینگرتن خاڵی چارەكردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا دەستنیشان دەكرێت، هەروەك (سیروان زەهاوی) روونی كردەوە كە ئەمڕۆ، دوو پرسی گرینگ لە پرسە هەڵواسراوەكانی نێوان هەولێر و بەغدا چارە كران، ئەوانیش بودجە و نەوت بوون.
عێراق و هەرێمی كوردستان ماوەی ساڵێكە بەهۆی بودجە و نەوتەوە ناكۆكی لە نێوانیاندا هەیە، بە بۆچوونی چاودێرانی سیاسییش ئەم دوو پرسە وایكردووە كە، ناكۆكیی نێوان هەولێر و بەغدا زیاتر ببێت، بەڵام بە چارەكردنی ئەم دوو كێشەیە هەرێم و عێراق لاپەڕەیەكی نوێ لە پێوەندییەكانیان هەڵدەدەنەوە، هەروەك سەرۆكوەزیرانی كوردستان (نێچیرڤان بارزانی) ئەمڕۆ لە بەغدا رایگەیاند كە، "ئێمە ڕێك كەوتووین و بەو هیوایەن كە جێبەجێی بكەین. ئەوەی لەبارەیەوە ڕێك كەوتووین، دەرفەتێكە بۆ هەرێم كە ئێمە لاپەڕەیەكی نوێ لە پێوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا بكەینەوە، بۆ مەبەستی گەییشتن بە چارەیەك كە لە بەرژەوەندیی هەردوو لادایە".
(زەهاوی) دووپاتی دەكاتەوە، رێككەوتنەكە بەرژەوەندیی هەرێمی كوردستان و عێراقیشی تێدایە، چونكە ئێستا عێراق ناتوانێت بەبێ رەزامەندیی هەرێمی كوردستان دەست بۆ هەناردەكردنی نەوتی كەركووك بەرێت، چونكە كەركووك بەپێی دەستوور ناوچەی جێناكۆكە و، دەبێت عێراق و هەرێم وێکڕا بڕیاری لەبارەیەوە بدەن.
هەر پێوەست بە كەركووك (سیروان زەهاوی)، نەوەك تەنیا لە رووی هەناردەی نەوت لێكتێگەییشتنی نێوان بەغدا و هەرێمی بە گرینگ زانی، بەڵكە لە ڕووی سەربازی، ژێرخانی ئابوورییشەوە بە پێویستی زانی كە ئەو لێكتێگەییشتنەی نێوان هەرێم و بەغدا قووڵتر بكرێتەوە و، گوتی، "خۆ ئەگەر گریمان كەركووك ناوچەی جێناكۆك نەبێت، ئەوا بەغدا ناتوانێت نەوتەكەی لە ڕێگای كەركووكەوە بنێرێتە دەرەوە، هەر دەبێ هەناردەكە بە رێگەی هەرێم بێت، بۆیە كاتێك لە لایەن هەرێمی كوردستانەوە ڕۆژانە 300هەزار بەرمیلی نەوتی كەركووك هەناردە دەكرێت، وێڕای ئەوەی بۆ هەرێم كارێكی باشە بۆ عێراقیش هەمان شتە، چونكە گرفتی كورتهێنانی بودجەی گشتیی عێراقی پێ چارە دەكرێت، لەبەرانبەریشدا هەرێمی كوردستان 250 هەزار بەرمیلی نەوت بە ڕێگای سۆمۆوە دەنێرێت، واتە بەشێك لە نەوتی كوردستان لە ڕێگای سۆمۆوە دەڕوات و ئەوی دیكەیش هەرێم دەتوانێت مامەڵەی لەگەڵدا بكات و، بەرهەمی نەوتی زیاد بكات".
(سیروان زەهاوی)، پێوەست بە زیادبوونی نەوتی هەرێمی كوردستان و چۆنیەتیی هەناردەكردنی بۆچوونی وابوو، كە لە داهاتوودا نەوتی كوردستان زیاد دەبێت، هەرێم دەتوانێ نەوتی زیادەی خۆی هەناردە بكات و لە هەمانكاتیشدا توانی نیمچە سەربەخۆییی ئابووریی هەرێمیش گەرەنتی بكات، وێڕای ئەوەی كە پشكی هەرێم كە لە بودجەی گشتیی عێراق 17%ـە، وەری دەگرێت.
KDP.info




