٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

نێچیرڤان بارزانی: سزاکانی سەر هەرێم هەڵگیران.. بەغدا بەشەبودجەیەک بۆ پێشمەرگە دیاری کرا

سەرچاوە: KDP.info

بەغداـKDP.infoـ  سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕێککەوتنی سەرەتایی لەگەڵ حکوومەتی (عەبادی) رایگەیاند و بە سەرەتایەکی باشیشی ناو برد.  (نێچیرڤان بارزانی) گوتیشی کە، بەغدا ڕازی بووە بەشەبودجەیەک بۆ پێشمەرگە دیاری بکات و مووچەی فەرمانبەرانیش ڕەوانە بکات.

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان(نێچیرڤان بارزانی) لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا کە لە بەغدا ساز درا، هاوکات ڕایگەیاند، چەندان کۆبوونەوەیان ساز داون لەگەڵ ئەو تیمەی حکوومەتی بەغدا کە بۆ گفتوگۆ دانرا بوو.

ویستی چارەی کێشەکان لە بەغدا هەبوو
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، کۆبوونەوەکان باش بە ڕێوە چوون. ویستی چارە لە لایەن سەرۆکوەزیران(حەیدەر عەبادی) و وەزیری نەوت و هەندێ بەرپرسی دی لە حکوومەتی عێراق هەیە. ڕوونی کردەوە، "ئەولەویەتمان چارەی کشێەکانە لەگەڵ بەغدا و لە هەر بژاردەیەکی دیکەمان پێ باشترە."

سەرۆکوەزیران باوەڕیشی وایە کە، دوای کۆبوونەوەکان لەگەڵ سەرۆکوەزیران و تیمەکە گەییشتوونەتە ڕێککەوتنێک کە لە بەرژەوەندیی هەردوو لایە(هەولێر و بەغدا).
(نێچیرڤان بارزانی)، هاوکات ئاشکرای کرد کە، هەرێمی کوردستان 250هەزار بەرمیل نەوت بۆ بەغدا دابین دەکات، ئەمەیش وەک یارمەتی بۆ هەناردەی نەوتی کەرکووک، هەڵبەت ئەوانیش بەشەبودجەی هەرێمی کوردستان دابین دەکەن.
گوتیشی، "هەوڵمان داوە و ئەوانیش رازین لە بارەی پێشمەرگەوە، کە مەبلەغی ترلیۆنێک و 200ملیار دیناریان بۆ پێشمەرگە دیاری کردووە"، ئاماژەیشی دا کە "ئەمە ڕێککەوتنی باشە بەڵام کۆتایی نییە. چونکە کێشەی دیکە ماون کە دەبێ لەبارەیانەوە ڕێک بکەوین. بەڵام ڕێککەوتنی ئێستامان سەرەتایەکی باشە بۆ ئەوەی لە داهاتوودا کۆی کێشەکانی دیکەمان چارە بکەین."

دووپاتی کردەوە، "بە گشتی دەڵێم خۆشحاڵین بەم ڕێککەوتنە و بە دەستکەوتێکی باشی دەبینین، ئەمە بەراورد بە کێشەکانی پێشوومان لەگەڵ حکوومەتی پێشووی بەغدا. هەڵبەت سەرۆکوەزیرانی عێراق(عەبادی) ویستی بۆ چارەی گرفتەکان هەیە. ئەوەیشی کردوومانە بە ویستی هەردوو لامان بووە، هیچ گوشارێکیش نەبووە."
هەروەها گوتی، "سەرۆکوەزیرانی عێراق پێزانینی بۆ قارەمانیەتی و بەرخودانی پێشمەرگە هەیە، چونکە دەزانێ کە پێشمەرگە شەڕی ئازادی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان و جیهانیش دەکات."


ئەمەریکا و یوئێن هاندەر بوون
دەربارەی ڕۆڵی ئەمەریکا و یوئێنیش بۆ گەییشتن بە ڕێککەوتن، سەرۆکوەزیران رایگەیاند، "هاندەر بوون، بەڵام لە وردەکاری ئاگادار نەبوون."
دەربارەی بڕێک پارەیش کە وەک نیەتپاکی بەغدا دەینێرێتە کوردستان، (نێچیرڤان بارزانی) ڕوونی کردەوە کە، "لەو بڕەی 17% نییە، گرینگیشە کە ڕازیی بوون لە بودجەی بەرگریی عێراق ڕێژەیەک بۆ پێشمەرگە دادەنێن."

لە پەیامیشیدا بۆ فەرمانبەران (نێچیرڤان بارزانی) وێرای پێزانینی بۆ خۆڕاگریی فەرمانبەر و خاوەنکارانی هەرێم، گوتی، پارەی کەس نافەوتێ. "ئێستا سلفەیەکی دی وەردەگرین و، لەو باوەڕەداین کە تا مانگی یەک کێشەی مووچە چارە ببێ."
جەختی کردەوە، "پابەندین بە مووچە و پشێینەی پڕۆژەکان و هیچ پێشینەیەک نافەوتێت."

بەڵام دەربارەی بڕیار و بەڵێنی بەغداوە و وابەستەیی بە ڕێککەتنەکانەوە گوتی، "هیچ گەرەنتییەک نییە کە داخۆ بەردەوام دەبێ یان جارێکی دی ڕادەگیرێ، ئەمە وابەستەی ڕێککەوتنەکانمانە و بەو هیوایەیشین کە جارێکی دی هەڕەشەی وەها نەیەنە ئاراوە."

جیا لەوەی بۆ بەغدای دابین دەکەین، خۆیشمان نەوت ڕەوانە دەکەین
دەربارەی خاڵێکی ڕێککەوتنیش لە بارەی نەوتی کەرکووکەوە رایگەیاند، "پێوەست بە 300هەزار بەرمیلی نەوتی کەرکووکیش وەها ڕێککەوتووین کە، لە ڕێی هەرێمی کوردستانەوە بێ و لە ماوەی هەفتەیەکیشدا کار بەم ڕیککەوتنە دەکرێ."

زیاتر گوتی "ئێمەیش ئەو نەوتەی کە هەمانە ڕەوانەی دەرەوەی دەکەین. دیارە کە هەندێکی لە نێو خۆ بە کار دەهێنرێت و ئەمە کاری لەپێشینەمانە، بەڵام ئەوی دی رەوانەی دەرەوە دەکەین." سەرۆکوەزیران ئەو بڕەی دیاری نەکرد کە هەرێمی کوردستان ڕەوانەی دەرەوەی دەکات.

ڕوونی کردەوە، "نەوتی کەرکووک هەم لە قازانجی هەرێم و عێراقیشە، لە بەرانبەر گوازتنەوەیشیدا هیچ وەرناگرین ، بەڵام لەو 17% وەریدەگرینەوە، بەڵام هەوڵمان ئەوەیە کە کێشەکانی کەمیی ئەو ڕێژەیە چارە بکەین."
سەرۆکوەزیرانی هەریمی کوردستان ئاماژەیشی دا "ستراتیژی ئێمە وا بووە کە هەرچیی جیاوازیمانە لەگەڵ بەغدا چارەى بکەین، دیارە کە بە یەک جار کۆی کێشەکان چارە نابن، بەڵام ستراتیژمان داناوە بۆ چارەکردنی کشێشەکان و بەرنامە هەیە کە لە ماوەی ساڵێکدا کۆی کێشەکان چارە دەکەین." گوتیشی کە، "هەرچی سزاکانی سەر هەرێمە هەموویان هەڵگیراون."

دەربارەی ئیستیحقاقاتی هەرێمیش لە کۆی بودجەی 2014دا، رایگەیاند، "ئیستحقاقاتی 2014 کە نەدراوە بە ئێمە و لە وەزارەتی داراییش جێگیر کراون، بە دانیشتنی دیکە دەتوانین چارەیان بکەین."
گوتیشی "ئێمە ڕێک کەوتووین و بەوهیوایەن کە جێبەجیی بکەین. ئەوەی لەبارەیەوە ڕێک کەوتووین، دەرفەتێکە بۆ هەرێم کە ئێمە لاپەڕەیەکی نوێ لە پێوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بکەینەوە، بۆ مەبەستی گەییشتن بە چارەیەک لە بەرژەوەندیی هەردوو لادایە."

بەغدا KDP.info 

هەواڵی پەیوەندیدار