چاوەڕوان دەكرێت، هەولێر و بەغدا سبەینێ ڕێک بکەون

هەولێر-KDP.info- سەرۆكوەزیرانی كوردستان و سەرۆكوەزیرانی عێراق، بە هەمان گیانی ئەرێنی و بە گەشبینییەوە كۆتاییان بە سێیەم دانیشتنی كۆبوونەوەكە هێنا و، چاوەڕوان دەكرێت سبەی بگەنە ئەنجامێكی كۆتایی، هەردوولا گەشبینیی خۆیان بۆ گەییشتن بە ڕێككەوتن و چارەكردنی كێشەكان دووپات كردەوە.
بۆ ئەنجامدانی دانیشتنی سێیەمی كۆبوونەوەكانی شاندی باڵای حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدراڵ، ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 1-ی دیسەمبەری 2014، سەرۆكوەزیرانی كوردستان (نێچیرڤان بارزانی)، لە شوێنی مانەوەی خۆی لە بەغدا، پێشوازی لە سەرۆكوەزیرانی عیراق (حەیدەر عەبادی) و شاندی یاوەری كرد.
ئەم دانیشتنە بەردەوامیی دوو دانیشتنی سەر لەبەیانی و پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆی كۆبوونەوەكانی هەردوولا بوو، كە لە كەشێكی ئەرێنی و گەشبیندا بەڕێوەچوون و تیایدا بەكراوەیی و بەڕوونی كێشەكان و دیدی هەردوولا بۆ چۆنیەتیی چارەسەركردنیان خرانە ڕوو. بە هەمان گیانی ئەرێنی و بە گەشبینییەوە كۆتایی بە سێیەم دانیشتنی كۆبوونەوەكە هات و چاوەڕوان دەكرێت سبەی بگەنە ئەنجامێكی كۆتایی و هەردوولا گەشبینیی خۆیان بۆ گەیشتن بە ڕێككەوتن و چارەكردنی كێشەكان دووپات كردەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا هەریەكە لە جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان(قوباد تاڵەبانی)، جێگری سەرۆكوەزیرانی عێراق (د.ڕۆژ نووری شاوەیس)، وەزیرانی دارایی و ئابووری، سامانە سرووشتییەكان و پلاندان، لە شاندی هەرێمی كوردستان، هەروەها وەزیری نەوت و پلاندانان و خوێندنی باڵا، لە شاندی حكوومەتی فیدراڵ ئامادەی كۆبوونەوەكە بوون.




