٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

فەرماندەی هێزی پێشمەرگە لە كۆبانی دەڵێت، شوێنگرەوەمان نەگەییشتوون

سەرچاوە: KDP.info

كۆبانی-KDP.info-  فەرماندەی هێزی پێشمەرگە لەكۆبانی لیوا (عەبدولقەهار مەجید حاجی)، رەتی دەكاتەوە كە، ئەمڕۆ هێزێكی دیكەی پێشمەرگە بۆ شوێنگرتنەوەی ئەوان بەرەو كۆبانی بەڕێكەوتبێت، دەشڵێت تا ئێستا وادەی هاتنی هێزێكی دیكەی پێشمەرگە، دیاری نەكراوە و ئەوان لە ئەركی خۆیاندا بەردەوامن.

ئەمڕۆ هەندێ كەناڵی راگەیاندن وایان بڵاو كردەوە كە، گوایە هێزێكی دیكەی پێشمەرگە بەرە و كۆبانی بەڕێكەوتووە بە مەبەستی شوێنگرەوەی ئەو هێزەی ئێستا لە كۆبانی هەن، بەڵام فەرماندەی هێزی پێشمەرگە لە كۆبانی، لیوا (عەبدولقەهار مەجید حاجی) بە kdp.info-ی راگەیاند كە، "تا ئێستا هیچ وادەیەك دیاری نەكراوە، تەنیا ئەمە دەنگۆیە و هیچ هێزێك بە مەبەستی شوێنگرەوەی ئێمە بۆ كۆبانی بەڕێ نەكەوتووە، چونكە ئەگەر هێزەكەی ئێمە بگۆڕدرێت ئاگادار دەكرێینەوە، تا ئێستایش ئێمە لە ئەركی خۆمان بەردەوامین."
هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە كۆبانی بۆ پارێزگاریكردن لەو شارەدا بەردەوامییان هەیە و بەگوێرەی زانیارییەكانی لیوا (مەجید حاجی)، ئەمڕۆیش تیرۆریستانی داعش هێرشیان بۆ هێناون، بەڵام ئەوان بەرپەرچیان داونەتەوە و تێكیان شكاندوون، ئەو دەڵێت، "لە بەیانییەوە تیرۆریستانی داعش لە رۆژهەڵاتی كۆبانی چەندین جار هێرشیان كردووە، بەڵام هێزی شەڕڤانان بە هاوكاریی پێشمەرگە بە توندی روبەڕوویان بوونەتەوە و هێرشەكانیان تێك شكێندراون و، تۆپخانەكانی ئێمەیش تا ئێوارە مۆڵگەكانی ئەوانیان بۆردوومان كردوون و زیانیان پێگەییشتووە، بەڵام قەبارەی زیانەكان دیار نییە."
بۆ پارێزگاریكردن لە كۆبانی فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانان بە رۆكێت لە مۆڵگەكانی تیرۆریستانی داعش دەدەن، پێوەست بە هێرشی فڕۆكە جەنگییەكان لیوا (عەبدولقەهار مەجید) ئاماژەی دا، ئەمڕۆیش فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانان چەند جارێك مۆڵگەكانی داعشیان بۆردوومان كردووە و بە دڵنیاییەوە زیانی گەورەیان بە تیرۆریستان گەیاندوون، بەڵام تا ئێستا بە تەواوی قەبارەی زیانەكان بەردەست نین.
بڵند ئیبراهیم

هەواڵی پەیوەندیدار