خورماتوو.. 15 كوژرا و بریندار هەن

خورماتوو-KDP.info- ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە، تەقینەوەیەك لە قەزای خورماتوو رووی دا و، لە ئاكامدا 15 هاووڵاتی بوونە قوربانی کە كوژراو و بریندار لە نێویاندا هەن.
پێوەست بە تەقینەوەكە بەرپرسی ئاساییشی خورماتوو رائید (فارووق ئەحمەد) بە Kdp.info-ی راگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ لە گەڕەكی سەربازیی قەزای خورماتوو، لە كاتی گردبوونەوەی هاووڵاتیاندا بۆمبێك تەقییەوە، لە ئاكامدا چوار هاووڵاتی كوژران و 11-ی دیكەیش بریندار بوون.
ئەگەرچی بەرپرسی ئاساییشی خورماتوو نەیگوت كە كێ لە پشتی ئەو تەقینەوەیە بووە، بەڵام دەربارەی قوربانییەكان زانیاری دا كە، کۆی ئەو هاووڵاتییانە سوننە مەزهەبن و لە گوندەكانی دەوروبەرەوە، ئاوارەی خورماتوو بوون.
ئەو گوتیشی، دوای تەقینەوەكە هێزە ئەمنیەكان گەییشتوونەتە شوێنەكە و تەرمەكانیان رەوانەی پزیشكی دادوەری كردوون و، بریندارەكانیش بە مەبەستی چارەسەركردن رەوانەی نەخۆشخانە كراون.
بڵند ئیبراهیم




