لیژنەی ئاساییش و بەرگری: مووچە و پڕچەككردنی پێشمەرگە لە بودجەی عێراق جێگیر دەكەین

بەغدا-KDP.info- پەرلەمانتاری عێراق لە لیژنەی ئاساییش و بەرگری (شاخەوان عەبدوڵڵا) ئاشكرای دەكات كە، لە ناوەڕاستی ئەم مانگەدا سەردانی هەرێم دەكەن، بە مەبەستی جێگیركردنی خەرجیی مووچەی پێشمەرگە و پڕچەككردنی لە بودجەی گشتیی عێراقدا.
ئەندامی لیژنەی ئاساییش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق (شاخەوان عەبدوڵڵا) بە KDP.infoی راگەیاند، "لە پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراقدا، بودجەی هێزە ئەمنییەكان و سوپای عێراق دێتە لای لیژنەكەی ئێمە و، تا ئێستایش هەندێك لە دەستگاكان داواكارییەكانی خۆیان بۆ ئێمە ناردووە، تا داواكارییەكانیان لە پڕۆژەیاسای بودجە جێگیر بكرێن، خۆیشم داوام كردووە داواكارییەكانی هێزی پێشمەرگە لە بودجەدا جێگیر بكرێت."
ئەگەرچی (شاخەوان عەبدوڵڵا) زانیاریی هەبوو كە داواكاریی هەرێمی كوردستان بۆ لیژنەكەی ئەوان بریتین لە پێدانی مووچە و پڕچەككردنی هێزی پێشمەرگە، بەڵام وەك رایگەیاند، لە ناوەڕاستی ئەم مانگەدا شاندێك لە لیژنەكەی ئەوان سەردانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و خەرجكردنی مووچە بۆیان، لە بودجەی گشتیی عێراق، جێگیر بكرێت.
ئەو پەرلەمانتارە زیاتر روونی كردەوە كە، لە ساڵی 2007-وە مافەكانی هێزی پێشمەرگە لە پڕۆژەیاسای بودجە جێگیر كراون، بەڵام لەلایەن حكوومەتی ناوەندەوە ئەو مافانە جێبەجێ نەكراون، بۆیە ئەگەر ئەمساڵیش مافەكان جێگیر بكرێن، ئەوا پێویستی بە رێكکەوتنی سیاسی هەیە، تا بچێتە قۆناخی جێبەجێكردنەوە بۆ ئەوەی وەك ساڵانی رابردوو بەغدا ئەو مافەی هەرێم پێشێڵ نەكات.
"لە ئێستادا عێراق، تووشی كورتهێنانی بودجە بووە، هۆكارەكەیش دەگەڕێتەوە بۆ دابەزینی نرخی نەوت و، رێگرییەكانی تیرۆریستانی داعش لە هەناردەی نەوت، بۆیە عێراق پێویستی بە هەرێمی كوردستانە، تا ئەو كورتهێنانەی بودجە پڕ بكاتەوە، ئەگەرنا هەرێمی كوردستان پێویستی بەوان نییە و نەماوە"، (شاخەوان عەبدوڵڵا)، وایگوت.
بڵند ئیبراهیم




