یەکیەتیی زانایانی گەرمیان: میلیشیاکان كارە تەواونەكراوەكانی داعش بەئەنجام دەگەیەنن

هەولێر-KDP.info یەکیەتیی زانایانی لقی گەرمیان، لە بەیاننامەیەكدا لەبارەی دەستدرێژیی میلیشیا شیعەكان لە جەلەولا و سەعدیە، داوایان لە هێزی پێشمەرگەیە بە فەرمی ڕایبگەیەنن کە ئەوان دژی ئەو كارانەن.
لقی گەرمیانی یەکیەتیی زانایانی كوردستان، لەبارەی ڕەوشی جەلەولا و سەعدیەوە كە ئێستا بە هۆی بوونی میلیشیا شیعەكانەوە خەڵكی ناوچەكەی نیگەران كردووە، لە بەیاننامەیەكدا كە كۆپییەكی دەست KDP.info كەوتووە دەڵێن، "ئێستا كۆمەڵێك (میلیشیای دەرەوەی كوردستان) لە پەنای پێشمەرگەدا چاویان بە باڵادەستیی پێشمەرگە لەو ناوچانەدا هەڵنایە و بە شێوەیەكی دڕندانە و نامرۆڤانە، لەژێر ناو و پەردەی روبەڕووبونەوەی تیرۆردا، هەموو هێڵ و سنوورەكانیان بەزاندوون، كارە تەواونەكراوەكانی داعش تەواو دەكەن، چونكە ئەو ناوچانە كوردستانین، ئەوانیش وەك داعش خۆیان بە خاوەن و بەرپرس بەرامبەر خاك و خەڵكی ناوچەكە نازانن ".
لە بەیاننامەكەدا ئەوەیش خراوەتە ڕوو كە، (میلیشیای دەرەوەی كوردستان) تەنانەت ڕێز لە شوێنە پیرۆزەكانیش ناگرن و مزگەوتەكانیش دەڕوخێنن، دەست بۆ ماڵ و حاڵی خەڵك دەبەن و دەیڕوخێنن و، بە تاڵانی دەبەن.
لە بەیاننامەكەدا روون كراوەتەوە كە، "(میلیشیای دەرەوەی كوردستان) بەوەیشەوە نەوەستاون، لەنێو شاری كەلاریش بە شێوەیەكی دوژمنكارانە پەلاماری مامۆستایەكیان داوە، ئێمە لە لقی گەرمیانی یەکیەتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان كە، بە توندی ئەم دەستدرێژیانە مەحكوم و ڕیسوا دەكەین، ئەوەیش ڕِادەگەیەنین بە هیچ شێوەیەك ئەم دڕندایەتییە لە لایەن خەڵكی كوردستانەوە قبووڵ ناكرێت و تەواو دژە لەگەڵ بنەماكانی ئایینی ئیسلام و هەڵسوكەوتی پێغەمبەرمان (د.خ)، مەبەستیش لێی لەكەداركردنی هێزی پێشمەرگەی كوردستانە."
لە درێژەی بەیاننامەكەدا هاتووە، "ئەم كردارە چەپەڵانە ئەوەندەی دژە بە سەماحەت و مرۆڤدۆستیی ئیسلامە، ئەوەندەیش بۆ تەفرەقە و لێكهەڵوەشاندنەوەی ئەو یەكرێزییەیە كە لە نێو هەموو ئایین و مەزهەبە جیاجیاكانی كوردستاندا هەیە. بۆیە داوا لە هێزی پێشمەرگەی كوردستان دەكەین بە فەرمی ڕایبگەیەنن ئەوان دژی ئەو كارانەن و نەیارن بەو سوكایەتیكردن و تێكدانانە، بێبەرین لەو كارە نامرۆڤانە، هەروەك بێبەریبوونی خۆیان لە كارە قێزەونەكانی سنووری خورماتوو ڕاگەیاند."
لە بەیاننامەكەدا نووسراوە كە، "داواكارین بەپەلە ڕێگری و لێپێچینەوە بكرێت لەگەڵ ئەو تاقمانەی (میلیشیای دەرەوەی كوردستان) لە پەنای پێشمەرگەدا كاری نەشیاو دەكەن، چونكە ئەمانە و هاوكارەكانیان ژیلەمۆی گەشەپێدان و دروستكردنی تیرۆرن و، پێویستە پێشمەرگە وەك هەمیشە بە هەموو توانایەوە دژی تۆقاندن و زوڵم و زۆر بن."




