کۆنسووڵی چین لەگەل پارێزگاردا پێدانی ڤیزایان تاوتوو کرد.. ستاییشی سەركەوتنەكانی پێشمەرگە كرا

هەولێر-KDP.info- كۆنسووڵی گشتیی چینی لە هەرێمی كوردستان (تان بانگلین)، رایدەگەیەنێت كە، بە فەرمی كۆنسووڵگەریی وڵاتەكەیان لە هەولێر دەكەنەوە و دەیانەوێ بەم رێگەیشەوە ڤیزای وڵاتەكەیان بە هاووڵاتیانی هەرێم بدەن.
ئەمڕۆ پارێزگاری هەولێر (نەوزاد هادی) لە دیوانی پارێزگادا پێشوازی لە كۆنسووڵی گشتیی چینی میللی لە هەرێمی كوردستان (تان بانگلین) و هەریەك لە جێگری كۆنسووڵ و بەرپرسی پێوەندییە بازرگانییەكانی كۆنسوڵگەرییەكە كرد.
ئەم شاندە بە بۆنەی دەستبەكاربوونی ستافی کۆنسووڵگەریی وڵاتی چینی میللی لە هەولێری پایتەخت، سەردانی پارێزگایان كردووە و، لە لە دیدارەكەدا سەرەڕای پرۆتۆكۆڵی یەكترناسین و پیرۆزباییكردن بە بۆنەی دەستبەكاربوونی ستافی کۆنسووڵگەریی چینی لە هەولێر، جەخت لە هەماهەنگی و هاریكاری و برەودانی پێوەندی دۆستایەتیی هەردوولا كرایەوە، بەتایبەتیش ئامادەكارییەكانی رێورەسمی كردنەوەی کۆنسووڵگەرییەکە لە هەولێری پایتەخت.
لە دیدارەكەدا ئاماژە بە قووڵتركردنەوەی پێوەندییە سیاسی و ئابووری و فەرهەنگییەكانیان لەگەڵ هەرێمی كوردستان كرد، پێدانی ڤیزایش بۆ هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان بە رێگەی کۆنسوولگەریی چین بەشێكی دیكەی ناوەرۆكی دیدارەكە بوو.
کۆنسووڵی گشتیی وڵاتی چین، ستاییشی ئەو پێشوەچوونەی هەولێری پایتەخت و سەركەوتنەكانی پێشمەرگەی كوردستانی لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستانی داعش كرد و، هیوای سەركەوتن و سەرفرازی خەڵكی كوردستان و زیاتر پێشوەچوونی رەوشی ئاوەدانی و گەشەپێدانی هەرێمی كوردستانی خواست.
كەنعان بەهادین




