نەجات عەلى: لە دواخاڵی سنووری کوردستان هێزمان جێگیر کردووە.. داعش لە پلانی سەربازیدا شکستی بردووە

مەخموور -KDP.info- بەرپرسى لقى مەخموورى پارتى دەڵێت، سەرکەوتنى گەورەیان لە بەرەکانى جەنگ لە سنووری میحوەری مەخموور – گوێڕ تۆمار کردووە و پێشمەرگەیش لەو شوێنانە جێگیر دەکەن کە ئازاد کراون.
بەرپرسى لقى پارتیی دیموکراتی کوردستان لە مەخموور(نەجات عەلى) بە KDP.infoى ڕاگەیاند، داعش ئومێدیان بە میحوەرى مەخموور – گوێڕ نەماوە، چونکە لێرە تواناى بەرگریکردنیان نییە و ماوەیەکى دیکە تەواوى ناوچەکە لە داعش پاک دەکرێتەوە."
ئەو بەرپرسەی پارتی لە ناوچەکە زیاتر گوتی، "بە پلانێکى ئەمنیی تۆکە توانیومانە سەرکەوین، لە بەرانبەردا تیرۆریستانی داعش لە پلانى سەربازیدا شکستیان بردووە، پلانەکانیان بۆ هێزەکانی پێشمەرگە ئاشکرا بوون، بە تایبەتى لە دانانى بۆمب، هەروەها ئەوان هەرگیز ناتوانن زانیاریى پێشوەختەیان لەسەر هێزى پێشمەرگە و هێرشەکانى پێشمەرگە هەبێت، ئەمەیش بەردەوام دووچاری شکستیان دەکاتەوە."
(نەجات عەلی) هاوکات باس لە ئەو شوینانە دەکات کە لە جەنگی دوو ڕۆژەیان لەگەل داعشدا ئازادیان کردوون و گوتى: "هێزى ئێمە لە سوڵتان عەبدوڵڵا هەتا زوبەیببە، مەعەنا و دووگورتکان پێشڕەوییان کرد، ئەو ناوچانەى ئازادیشمان کردوون سنوورى کوردستانن و سوڵتان عەبدوڵڵایش دواخاڵى کوردستانە لەو محیوەرە، کە ئێستا بە دەست ئێمەوەیە و سەربازگەمان لێی جێگیر کردووە."
دەربارەی ئەو زیانەیشی کە پێشمەرگە بە داعشی گەیاندووە،(عەلی) دەڵێ، سەرجەم هێزەکانیان تێک شکاون و ژمارەیەکی زۆر لە تیرۆریستان لەو شەڕەدا کوژران، 7 ئاربیجى و چەندان هەمەریان کەوتوونەتە دەست پێشمەرگە، بە هۆی ئەو گورزە کوشندەیش کە پشیمەرگە لیی داون، ئەستەمە جارێکى دیکە وەک گرووپێکی بەهێز لەو شوێنانە دەربکەونەوە.




