یەكێتی و گۆڕان ڕێك كەوتن.. دوو ساڵی یەكەم پۆستی پارێزگار بە یەکێتی دەدرێ

سلێمانی-KDP.info- سەرۆكی لیستی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی دەڵێت، ئەمڕۆ جارێكی دیكە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی دوا خرا، چونكە یەكێتی و گۆڕان گەییشتوونەتە رێككەوتن و بڕیارە ئەمڕۆ رێككەوتن واژۆ بكەن، بۆیە داوای چەند رۆژێكی دیكەیان بۆ یەكلاكردنەوەی پۆستەكان كردووە.
سەرۆكی لیستی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی (زیاد كاكە رەزا)، بە kdp.info-ی راگەیاند، ئەمڕۆ سەرۆكی لیستەكانی ناو ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی كۆ بوونەوە و تێیدا كۆبوونەوەی ئەنجوومەن بۆ 11/12 دوا خرا، چونكە یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان گەییشتوونەتە رێككەوتن لەبارەی پۆستەكانەوە و بڕیارە ئەمڕۆ رێككەوتن واژۆ بكەن، بۆیە داوایان كرد ئەم چەند رۆژە مۆڵەتیان پێ بدرێت بۆ ئەوەی پۆستەكانی هەڵەبجە و گەرمیان و راپەڕینیش یەكلا بكەنەوە.
(زیاد كاكە رەزا) گوتیشی، بەپێی رێككەوتنەكە، یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان دوو ساڵی یەكەم پۆستی پارێزگاری سلێمانی وەردەگرێت لەگەڵ پۆستی سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای هەڵەبجە و گۆڕانیش پۆستی سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی و پۆستی پارێزگاری هەڵەبجە وەردەگرێت و دوای دوو ساڵ پۆستەكان ئاڵوگۆڕ دەكرێن.
زیاتر گوتی، (ئاسۆ فەرەیدوون) بۆ پارێزگاری سلێمانی و (هەڤاڵ ئەبوبەكر)ـیش بۆ پۆستی سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی دیاری كراون، بەڵام هیی هەڵەبجە كاندیدەكان یەكلا نەكراونەتەوە.
(رەزا) راشیگەیاند، "ئەگەر بەپێی ئیستحقاقی هەڵبژاردنەكان بێت، ئێمە وەكو پارتیی دیموكراتی كورستان یەك لەسەر 10-ی پۆستەكانمان بەر دەكەوێت".
بڵند ئیبراهیم




