دزەیی: هەردوو لا بەرپرسانە و ڕاشکاوانە گفتوگۆ دەکەن.. کێشەکانی هەولێر و بەغدا بە تەنیا کۆبوونەیەک چارە ناکرێن

بەغدا-KDP.info- سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە، هەردوو شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی بەغدا کۆ بوونەوە و وەک گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمیش دەڵی، گفتوگۆکانی نێوان هەردوو لا جیددی بوون و کۆبوونەوەی زیاتریش ساز دەدەن.
گوتەبێژی فەرمیی حکوومەتی هەریمی کوردستان(سەفین دزەیی) لە بەغداوە رایگەیاند، لە کۆبوونەوەی نێوان شاندی حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی عێراقدا، ڕاشکاوانە قسە کراوە، هەڵبەت دانیشتنی دیکەی بەدواوە دەبێ"، زیاتر گوتی، "کۆبوونەوەکان گرینگن و پێویستیشە واقیعەکە لە مێدیادا وەک خۆی بگوێزرێتەوە."
لەو لێدوانەیدا کە پاش کۆتایی یەکەم کۆبوونەەی هەولێر و بەغاا بۆ ڕۆژنامەنووسان دوا، (دزەیی) جەختیشی کردەوە کە، "شاندی هەرێمی کوردستان کە (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆکایەتیی دەکات، بە نیازی چارەسەری گرفتەکان هاتووەتە بەغدا. هەڵبەت ڕوونە کە کێشە هەڵپەسێردراوەکان بە تەنیا کۆبوونەیەک چارە ناکرێن و پێویست بە دانوستانی زیاترە، بەڵام دەتوانین بڵێین کە هەردوو لا لە ئاست بەرپرسارەتیدا گفتوگۆ دەکەن."
دەربارەی ئامادەیی وەزیری پێشووی نەوت(حوسێن شەهرستانی)، (دزەیی) ئەندامی شاندی دانوستانکارە گوتی، "(شەهرستانی) پشێتر وەزیری نەوت بووە و ئێستایش نوێنەرایەتیی لایەنێکی سیاسی دەکات، گفتوگۆیش وابووە کە، لە کۆبوونەوەکان و دانوستانەکاندا کۆی لایەنەکان بەشدار ببن و ئاگایان لە ڕێککەوتن هەبێ."
زریان زیاد




