٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

نێچیرڤان بارزانی: فڕگەكانی هەرێم ئامادەن.. جەعفەری: داوام كردووە هاوكارییەكان راستەوخۆ بنێردرێنە هەرێمی كوردستان

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info-  سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان (نێچیرڤان بارزانی) لە دیداری لەگەڵ وەزیری دەرەوەی عێراقدا ڕایگەیاند، هەرێم ئامادەیە هەموو ئاسانكارییەك پێشكەش بكات بۆ ئەوەی هەمان ئەو تیمانەی بەغدا بێنە هەرێمی كوردستان و، هەمان ئەو رێكارانەی كە لە فڕگەی بەغدا هەیە، لە فڕگەكانی هەرێمیش بۆ ئەو فڕۆكانەی كە یارمەتیی مرۆیی و سەربازی دەگەیەننە عێراق و هەرێمی كوردستان، جێبەجێ بكەن".

لە دواوێستگەی دیدارەكانیدا، ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە 30ـی نۆڤەمبەری 2014 سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان (نێچیرڤان بارزانی) و شاندی یاوەری لەلایەن وەزیری دەرەوەی عێراق(د.ئیبراهیم جەعفەری) پێشوازی كرا.
لە دیدارەكەدا رەوشی ئێستای عێراق و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و گرینگیی هاوكاری و هەماهەنگیی هەموو لایەنەكان لە شەڕی دژی تیرۆردا، خرایە بەر باس و بۆ سەركەوتن بەسەر تیرۆردا، هەردوولا یەكێتی و یەكڕێزیی لایەنە عیراقییەكانیان دووپات كردەوە و، هەروەها تیشك خرایە سەر ڕەوشی ئاوارەكان لە هەرێمی كوردستان و پێویستی هاوكاریكردنیان لەلایەن عیراق و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە.

لە لایەنێكی دیكەی دیدارەكەدا، هەردوولا كێشەكانی نێوان بەغدا و هەولێریان خستە ڕوو و، هیوایان خواست سەردانی شاندی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا و دروستبوونی كابینەی نوێی حكوومەتی عیراق، ببێتە دەرفەتێك بۆ چارەكردنی هەموو كێشەكان.
وەزیری دەرەوەی عێراق، جەختی كردەوە كە، بنەمای هەموو فیدراڵیەتێكی سەركەوتوو، یەكگرتنێكی ئارەزوومەندانەیە كە لەسەر خۆشەویستی و تەبایی دابمەزرێت و بە تەبایی و یەكێتی و یەكڕیزی و لێكتێگەییشتن و رێككەوتن بێتە دی، نەك بە زۆر و ستەمكاری.

دەربارەی هاوكاریكردنی ئاوارەكانیش لە هەرێمی كوردستان، (جەعفەری) ئاماژەی دا، هەمیشە لە سەردانەكانی بۆ دەرەوەی وڵات داوای كردووە كۆمەك و هاوكارییەكان راستەوخۆ بنێردرێنە هەرێمی كوردستان.

لە بەرامبەردا سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان (نێچیرڤان بارزانی)  گوتی: "حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئامادەیە هەموو ئاسانكارییەك پێشكەش بكات بۆ ئەوەی هەمان ئەو تیمانەی بەغدا بێنە هەرێمی كوردستان و، هەمان ئەو رێكارانەی كە لە فڕگەی بەغدا هەیە، لە فڕگەكانی هەرێمیش بۆ ئەو فڕۆكانەی كە یارمەتیی مرۆیی و سەربازی دەگەیەننە عێراق و هەرێمی كوردستان، جێبەجێ بكەن".
هیوایشی خواست هەولێر و بەغدا بگەنە ڕێككەوتن و، هەموو كێشەكان چارە بكرێن، ئاماژەی بەوەش دا كە شاندی هەرێمی كوردستان بە مەبەستی چارەكردنی كێشەكان سەردانی بەغدای كردووە و، ئامادەیە هەموو كێشەكان لە ڕێگەی دیالۆگەوە چارە بكات، بە شێوەیەك كە لە بەرژەوەندیی هەموو عێراق و هەرێمی كوردستاندا بێت.

هەواڵی پەیوەندیدار