نێچیرڤان بارزانی: پێویستمان بە ڕێككەوتنێكە، بڕیاری تاكەكەسی بەشەبودجەی پێ نەبڕێت

بەغدا-KDP.info- سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان (نێچیرڤان بارزانی) لە دیداری لەگەڵ جێگری سەرۆككۆماری عێراق (ئوسامە نوجەیفی)ـدا لە بەغدا رایگەیاند، "ئێمە پێویستمان بە ڕێككەوتنێك هەیە، كە ئیتر هیچ كەسێك لەم وڵاتەدا بە بڕیارێكی تاكەكەسی نەتوانێت بەشەبودجەی بەشێك لە هاووڵاتیانی عێراق ببڕێت"، جەختیشی کردەوە، كە، هەرێمی كوردستان یەكپارچەیی عێراق دەخوازێت، عێراقێك كە ئەم رەفتارانەی تیادا دووبارە نەبێتەوە، ئەگینا هەرێمی كوردستان ئەلتەرناتیڤی دیكەی هەیە، بەڵام هەمیشە هەرێمی كوردستان ئەوەی پێ باشترە كە لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵدا بگاتە چارەسەر و رێككەوتن.
لە بەردەوامیی دیدار و كۆبوونەوەكانیدا لە بەغدا، ئێوارەی ئەمڕۆ 30ـی نۆڤەمبەری 2014 سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان (نێچیرڤان بارزانی) و شاندی یاوەری، لەلایەن جێگری سەرۆككۆماری عێراق (ئوسامە نوجەیفی)ـیەوە پێشوازی لێ كرا.
لە دیدارێكدا (نوجەیفی) وێڕای بەخێرهێنان، سوپاسی خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستانی كرد كە، ئاوارەكانی ناوچەكانی شەڕی داڵدە داوە و گوتی: "ئەوان میوانی ئێوەن و هیوادارین زۆر لەلاتان نەمێننەوە."
جێگری سەرۆككۆماری عێراق هەروەها تیشكی خستەر سەر بارودۆخی ئەمڕۆی عێراق بەتایبەت دوای پێكهێنانی حكوومەتی تازەی عێراق بە سەرۆكایەتیی (د.حەیدەر عەبادی) و، ئاماژەی دا كە، دوای پێكهێنانی حكوومەتی نوێ، كەشێكی ئەرێنی هاتووەتە ئاراوە، بۆیە پێویستە هەموو لایەنەكان لەو كەشە ئەرێنییەدا نەرمی بنوێنن، چونكە ئەگەر هەمووان هاوكار نەبن، بارودۆخەكە سەختتر دەبێت.
(نوجەیفی) ئاماژەیشی دا، هەرێمی كوردستان بەرەیەكی فراوانی رووبەڕووبوونەوە و بەرەنگاربوونەوەی لەگەڵ تیرۆریستانی داعش هەیە و، هیوای خواست گفتوگۆكانی نێوان هەردوولا بگەنە ئەنجامێكی وا كە، لە بەرژوەندیی هەموولایەكدا بێت.
ئەوەیشی گوت، رێككەوتنی هەردوولا لەبارەی پرسی نەوت، سەركەوتنێكی گرینگە بۆ هەموو عێراق هەروەك چۆن رێككەوتن لەسەر دۆسێیەكانی ئاساییش و یاساكانیش گرینگی تایبەتی خۆی هەیە. دووپاتیشی كردەوە كە، عێراق سەقامگیر نابێت ئەگەر كێشەكان چارە نەكرێن.
لە بەرامبەردا سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان (نێچیرڤان بارزانی) ریگەیاند، ئامانجی سەردانی شاندی حكوومەتی هەرێمی كوردستان گەییشتنە بە چارەسەركردنی تەواوی كێشە هەڵواسراوەكانی نێوان هەرێم و بەغدا و دووپاتی كردەوە كە، حكوومەت و سەرۆكوەزیرانی نوێ لە بەغدا هەن، بۆیە زەوینەیەكی ئەرێنی بۆ چارەكردنی كێشەكان هەیە. بە مەبەستی چارەیش، هەرێمی كوردستان نەرمی دەنوێنێت.
سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، هەروەها ئاماژەی بەوەیش دا كە، "تیرۆر مەترسییەكی راستەقینەیە بۆ سەر هەمووان و هەموو پێكهاتەكانی عێراق لەژێر هەڕەشەی تیرۆردان، بۆیە دەبێ هەموومان بەیەكەوە بین و بەیەكەوە بەسەر تیرۆردا سەردەكەوین."
(نێچیرڤان بارزانی) لە بەردەوامیی گوتەكانیدا ئاماژەی بەوە كرد كە، هەرێمی كوردستان پێشوازی لە زیاتر لە یەك ملیۆن و نیو ئاوارە كردووە كە لە ناوچەكانی ژێر دەستی داعش و لە ترسی تیرۆر هەڵاتوون و ئاوارە بوون، ئەو ئاوارانە پێویستیان بە خزمەتگوزاریی تەندروستی، كارەبا، ئاساییش، كۆمەڵایەتی، رۆشنبیری و گشت خزمەتگوزارییەكانی دیكە هەیە و، ئەمەیش بارێكی قورسی خستووەتە سەر هەرێمی كوردستان، بۆیە دەبێ حكوومەتی عێراق لەمبارەیەوە هاوكارییەكی باشی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بكات.
هەروەها ئاشكرای كرد، ئەگەر بەغدا بە شێوەیەكی واقیعی سەیری چارەسەركردنی كێشەكان بكات، ئەوا هەردوولا دەگەنە چارەسەر و گوتی: "حكوومەتی پێشوو لە چارەكردنی كێشەكان واقیعی نەبوو و ئێستا ئێمە دەمانەوێ لەمبارەیەوە واقیعیانە سەیری بابەتەكان بكەین. ئەوەی سێ ساڵ لەمەوبەر لەفەلووجە روویدا لەئەنجامی تیرۆری داعش نەبووە، بەڵكو بەهۆی سیاسەتی هەڵەی حكوومەتی ئەوكاتی عێراق بوو".
سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، لە بەشێكی دیكەی گوتەكانیدا گوتی: "ئێمە پێویستمان بە ڕێككەوتنێك هەیە، كە ئیتر هیچ كەسێك لەم وڵاتەدا بە بڕیارێكی تاكەكەسی نەتوانێت بەشەبودجەی بەشێك لە هاوڵاتییانی عێراق ببڕێت. ئێمە داكۆكی لەسەر دووبارەنەبوونەوەی ئەم كێشانە دەكەین". ئەوەشی بیرهێنایەوە كاتێك سەرۆكوەزیرانی پێشووی عێراق بەشەبودجەی هەرێمی كوردستانی بڕی، هێشتا هەرێم نەوتی نەفرۆشتبوو، بەڵكو ئەو رۆژە لە بەغدا لە گفتوگۆدابووین بۆ چارەكردنی كێشەكان، بۆیە پێویستمان بە میكانیزمێك هەیە بۆ دووبارە نەبوونەوەی ئەو كردارانە."
سەرۆكوەزیران ئەوەیشی خستەڕوو كە، هەرێمی كوردستان یەكپارچەیی عێراق دەخوازێت، عێراقێك كە ئەم رەفتارانەی تیادا دووبارە نەبێتەوە، ئەگینا هەرێمی كوردستان ئەلتەرناتیڤی دیكەی هەیە، بەڵام هەمیشە هەرێمی كوردستان ئەوەی پێ باشترە كە لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵدا بگاتە چارەسەر و رێككەوتن.




