سێ هۆزی سەر بە داعش، لە دەڤەری شنگال تێکبەربوون

شنگال-KDP.info- فەرماندەیەکی هێزی پێشمەرگە لە چیای شنگال (قاسم شەشۆ) ڕاگەیاند، لە سنووری شنگال ناكۆكی كەوتووەتە نێوان سێ هۆزی سەر بە تیرۆریستانی داعشەوە بە ناوەكانی هۆزی تەلەعفەری، متێتا و خاتوونی، لە ئاكامدا بەشەڕ هاتوون و چەندین كوژرا و برینداریان هەن.
لە چیای شنگالەوە فەرماندەی هێزی پێشمەرگە (قاسم شەشۆ) بە kdp.infoـی ڕاگەیاند كە، "لە سنووری شنگال ناكۆكی كەوتووەتە نێوان سێ هۆزی تیرۆریستانی داعشەوە بە ناوەكانی هۆزی تەلەعفەری، متێتا و خاتوونی، هەردوو هۆزی متێتا و خاتوونی بوون بە یەك و دژی هۆزی تەلەعفەری شەڕیان كردووە، بە گوێرەی زانیارییەكانی ئێمە لە ئاكامی شەڕی ئەو سێ هۆزەدا چەندین كوژرا و بریندار هەن، هۆكارەكەیش بۆ ئەو دەگەڕێتەوە كە، ئەم سێ هۆزە بە كارەكانی یەكتر رازی نین."
لای خۆیەوە بەڕێوبەری شارەدێی سنوونێ (نایف سەیدۆ) بە KDP.infoـی راگەیاند كە، تیرۆریستانی داعش لە سنووری شارەدێی سنوونێ ورەیان رووخاوە، بۆیە هەڵساون بە مینڕێژكردن و تێكدانی خانوو و ماڵی هاووڵاتیان لە ناوچەكەدا.
(نایف سەیدۆ) ئاماژەی دا، تیرۆریستانی داعش لە دوو رۆژی رابردوودا زیاتر لە 10 خانوویان لە رێگەی بۆمبی چێنراوەوە لە سنووری شارەدێی سنوونێ، تەقاندووەتەوە.
نەشوان بەرزنجی




