نێچیرڤان بارزانی: لە بەغدا كەشێكی ئەرێنی بەدی دەكرێت..فوئاد مەعسوم: بە ئەركی هەمەلایەنە سەنگەر لەدژی تیرۆر یەك دەخرێت

هەولێر-KDP.info- لەبەردەوامی سەردانەكەیدا بۆ بەغدا سەرۆكوەزیرانی كوردستان (نێچیرڤان بارزانی) لەلایەن سەرۆككۆماری عێراق، (د.فوئاد مەعسوم)، پێشوازی لێكرا و سەرۆككۆماری عێراق، كار و ئەركی هەمەلایەنەی بۆ گەیشتن بەچارەسەری كێشە هەڵواسراوەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا دووپاتكردەوە. لای خۆییشەوە سەرۆكوەزیرانی كوردستان، ئاماژەی بە كەشێكی ئەرێنی لە بەغدا كرد بەمەبەستی چارەكردنی كێشەكان.
هەر لە درێژەی سەردانەكەیدا ئێوارەی ئەمڕۆ 30ـی نۆڤەمبەری 2014، سەرۆككۆماری عیراقی فیدراڵ (د.فوئاد مەعسوم) لە كۆشكی ئاشتی پێشوازی لە سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان (نێچیرڤان بارزانی) و شاندی یاوەری كرد كە، جێگری سەرۆكوەزیران (قوباد تاڵەبانی) و ژمارەیەك لەوەزیر و راوێژكاران، یاوەری بوون.
لەدیدارەكەدا سەرۆككۆماری عێراق، بەخێرهاتنی سەرۆكوەزیرانی كوردستان و شاندی یاوەری كرد و، هەروەها كار و ئەركی هەمەلایەنەی بۆ گەیشتن بەچارەسەری كێشە هەڵواسراوەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا دووپاتكردەوە بەشێوەیەك كە لەبەرژەوەندی هەموولایەكدا بێت و، ببێتە هۆكارێك سەنگەری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە هەموو عێراقدا یەك بخات.
لە بەرامبەردا سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، دووپاتیكردەوە كە گەیشتن بە چارەسەری واقیعی لەبارەی پرسە هەڵواسراوەكان لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ، لەپێشەنگی كارەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە بەشێوەیەك كە لە بەرژەوەندی هەموو عیراقدا بێت. رونیشیكردەوە كە شاندی حكوومەتی هەرێم لەم سەردانەیدا بۆ بەغدا و، بەتایبەت لە كۆبوونەوەی لەگەڵ شاندی حكومەتی عێراق، كەشێكی ئەرێنی بۆ گەیشتن بە چارەسەر لەسەر كێشە هەڵواسراوەكانی نێوان هەردوولا بەدیكرد.




