عەبادی دژی رەخنەگرانی رێككەوتنی هەولێر و بەغدایە.. پەرلەمانتارانی کورد: پێشمەرگە تەنیا پێویستی بە دەستخۆشی نییە
بەغدا-KDP.info- "سەرۆكوەزیرانی عێراق پێراگەیاندووین كە، هەولێر و بەغدا رێككەوتنی سیاسییان كردووە و دژی ئەو بۆچوونانەم كە رەخنە لەو رێكکەوتنە دەگرن و دەستخۆشی لە هێزەكانی پێشمەرگە كرد، بەڵام پەرلەمانتاران گوتیان كە پێشمەرگە تەنیا پێویستی بە دەسخۆشی نییە، پێویستی بە هاوكاری و خەرجكردنی بودجە هەیە "، (ئەشواق جاف) وایگوت.
ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە لیستی پارتیی دیموكراتی كوردستان (ئەشواق جاف)، بەkdp.infoـی راگەیاند پێوەست بە رەوانەنەكردنی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق، ئەمڕۆ سەرۆكوەزیرانی عێراق سەردانی پەرلەمانی كرد و رایگەیاند كە، بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت نەتوانراوە دوێنێ پڕۆژەیاسای بودجە لە حكوومەتەوە پەسەند بكەن كە، نرخی هەر بەرمیلێك بە 70 دۆلار خەمڵێدراوە، بۆیە لیژنەیەك دروست كراوە تا پێداچوونەوە بە بودجە بكات و، لە ماوەی هەفتەیەك یاخود 10 لیژنەكە تاووتوی تەواوی بودجە دەكات و پڕۆژەیاسای بودجە رەوانەی پەرلەمان دەكرێت.
(ئەشواق جاف) دەشڵێت كە، (عەبادی) جەختی لەوە كردەوە لە كاتی رەوانەكردنی بودجە بۆ پەرلەمان، بە كۆبوونەوەی نائاسیی پەرلەمانی دەتوانێت خوێندنەوەی یەكەمی بۆ بكات.
پێوەست بە رێككەوتنامەی نێوان هەرێم و بەغدا (ئەشواق جاف) رایگەیاند كە، سەرۆكوەزیرانی عێراق پێیراگەیاندوون، دژی بۆچوونی هەندێ لە پەرلەمانتارانی عێراقە كە رەخنەیان لەو رێككەوتنە گرتووە، چونكە رێككەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا رێككەوتنی سیاسی بۆ كراوە. بە گوێرەی لێدوانی (ئەشواق جاف)، سەرۆكوەزیرانی عێراق گوتوویەتی كە ئێمە رەزامەندیمان داوە پێشینەیەك پارە رەوانەی هەرێم بكەین، هەرێمی كوردستانیش رەزامەندی داوە كە، جگە لە رادەستكردنی 150 هەزار بەرمیلی رۆژانە بەڕێگەی حكوومەتی عێراق، هاوكات 20 ملیۆن بەرمیلی نەوتی دیكەی هەرێم لە بەندەری جیهان هەیە ئەو نەوتەیش رادەستی عێراق دەكرێت.
"(عەبادی) دەستخۆشی لە سوپای عێراق و میلیشیا شیعەكان كرد، دواتر دەستخۆشی لە هێزی پێشمەرگە كرد و ئێمەیش داوامان كرد پێشمەرگە تەنیا پێویستی بە دەستخۆشی نییە، بەڵكە پێویستە هاوكاریی هێزی پێشمەرگە بكرێت و بودجەی بۆ خەرج بكرێت"، (ئەشواق جاف) وایگوت.
بڵند ئیبراهیم




