٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

نێچیرڤان بارزانی: ئامادەین لەسەر بنەمای واقیعبینی بۆ پرسەکان، کۆی كێشەكان چارە بكەین.. عەللاوی و جبووری لەگەڵیدا هاوڕان

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info-  سەرۆكوەزیرانی كوردستان (نێچیرڤان بارزانی) لە پەرلەمانی عێراق دەڵێ، ئەوان بە نیازی چارەكردنی كێشەكان چوونەتە بەغدا و، ئامادەن لەسەر بنەمای واقیعبینی بۆ پرسەکان، کۆی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا چارە بكەن. هاوكات لە دیدارێكی دیكەی لەگەڵ (ئەیاد عەللاوی)ـدا رایگەیاند كە، هەرێمی كوردستان هەموو هەوڵێك دەدات بۆ ئەوەی لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵدا بگاتە چارەسەر.

لە بەردەوامیی سەردانەكەی سەرۆكوەزیرانی كوردستان بۆ بەغدا، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ 30ـی نۆڤەمبەری 2014 (نێچیرڤان بارزانی) و شاندی یاوەری لەلایەن  سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق (د.سەلیم جبووری) پێشوازی كرا.
لە دیدارێكدا سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران بەخێرهاتنی (نێچیرڤان بارزانی) و شاندی یاوەری كرد و، هیوای خواست سەردانەكەیان بۆ بەغدا ببێتە مایەی چارەكردنی هەموو ئەو كێشانەی لەنێوان بەغدا و هەولێردا بە هەڵواسراوی ماونەتەوە.
(نێچیرڤان بارزانی) سوپاسی پێشوازی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی كرد و دووپاتی كردەوە كە، ئەوان بە نیازی چارەسەركردنی كێشەكان هاتوونەتە بەغدا و، ئامادەن لەسەر بنەمای واقیعبینی بۆ كێشەكان، کۆی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا چارە بكەن و، خۆشحاڵی خۆیشی نیشان دا كە بۆ چارەكردنی كێشەكان، كەشێكی تازە و ئەرێنی لە بەغدا بە دی دەكرێت.
سەرۆكوەزیرانی كوردستان، ئاماژەیشی دا، "عێراق لە بارێكی خراپدایە و تیرۆریش سەلماندی كە جیاوازی لەنێوان هیچ پێكهاتەیەكدا ناكات و، هەمووان دەكاتە ئامانج، بۆیە پێویستە هەمووان بەیەكەوە رووبەڕووی ببینەوە." دووپاتیشی كردەوە، بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، هەرێمی كوردستان ئامادەی هەموو هاوكاری و هەماهەنگییەكە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكانی عێراق و هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی.
هەر لە كۆبوونەوەكەدا ژمارەیەك لە سەرۆكفراكسیۆنەكانی پەرلەمانی عێراق دوای بەخێرهێنانی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان(نێچیرڤان بارزانی) و شاندی یاوەری، باسیان لە ڕەوش و كێشەكانی ئەمڕۆی عێراق كرد و، جەختیان لە چارەكردنی كێشەكان كردەوە بە شێوەیەك كە لە بەرژەوەندیی عێراق و هەرێمی كوردستاندا بێت. هەروەها سوپاسی خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستانیان كرد كە، بە هانای ئاوارە و پەنابەرانەوە چوون و هاوكاری و كۆمەكیان پێشكەش كردوون و لەوبارەوە هەرچی پێویست بووبێت ئەنجامیان داوە.
لای خۆییشەوە (نێچیرڤان بارزانی) دووپاتی كردەوە كە خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەرچیی لە توانایاندا بێت بۆ ئاوارە و پەنابەران كردوویانە و دەیكەن، بەردەوامیش دەبن.
هەروەها داوای لێبوردنیشی كرد ئەگەر هەر كەموكوڕییەك لە بەهاناوەچوون و پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكاندا بۆ ئاوارە و پەنابەران هەبووبێت، هەمووانی دڵنیا كردەوە كە ئەوەی لە توانادا بێت بۆ یارمەتیدان و هاوكاریی ئاوارەكان، كەمتەرخەمی ناكرێت.
پێوەست بەو سەردانەی سەرۆكوەزیرانی كوردستان بۆ پەرلەمانی عێراق، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە لیستی پارتیی دیموكراتی كوردستان(ئەشواق جاف)، بە KDP.infoـی راگەیاند "سەرۆكوەزیرانی كوردستان لە پەرلمانی عێراق رایگەیاندووە كە، هاتوون تا كێشەكان چارە بكەن نەك كێشە دروست بكەن و، پەرلەمانتارانیش دەستخۆشییان لە حكوومەتی هەرێم  كرد كە، پێشوازییان لەو هەموو ئاوارەیە كردووە و سەرۆكوەزیرانی كوردستانیش پێی گوتن كە بە ئەركی خۆیان زانیوە هاوكاریی ئاوارەكان بكەن، سەرەڕای ئەوەی بودجەیشیان بڕدراوە، بەڵام هاوكاریی ئاوارەكانیان كردووە، لەو كاتەدا پەرلەمانتارێك گوتی، "شەرم دەكەم بە شەقامەكانی هەرێمی كوردستاندا بڕۆم كە دەبینیم بودجەی فەرمانبەرانی ئەو هەرێمە بڕدراوە". (جاف) دەشڵێت، سەرۆكوەزیرانی كوردستان، باسی لە قوربانیدانی هێزی پێشمەرگە كرد، كە ژمارەیەکیان شەهید بوونە و زیاتر لە سێهەزار پێشمەرگەیش بریندارن، كە ئەمانە پێویستیان بە چارەسەر هەیە، بۆیە بە پێویستی زانی بەغدا هاوكاریی هەرێم بكات.

نێچیرڤان بارزانی و ئەیاد عەللاوی چارەكردنی كێشەكانیان تاوتوو كرد
دواتر سەرۆكوەزیرانی كوردستان (نێچیرڤان بارزانی) و شاندی یاوەری لەلایەن  جێگری سەرۆككۆماری عیراق (د.ئەیاد عەللاوی) پێشوازی كرا. لە دیدارێكدا وێڕای بەخێرهێنانی سەرۆكوەزیران و شاندی یاوەری، تیشك خرایە سەر ڕەوشی ئەمنی و سیاسی ئەمڕۆی عێراق و بەتایبەت ئەو هەڕەشانەی كە تیرۆر بۆ سەر هەموو پێكهاتەكانی عێراق بە بێ‌ جیاوازی دروستی كردووە.
لە بەشێكی دیكەی دیدارەكەدا باس لە كێشە هەڵواسراوەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا كرا و، هەردوولا چارەكردنی كێشەكانیان دووپات كردەوە، بە شێوەیەك لە بەرژەوەندیی هەرێم و بەغدادا بێت.
(نێچیرڤان بارزانی)، جەختی كردەوە كە، هەرێمی كوردستان هەموو هەوڵێك دەدات بۆ ئەوەی لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵدا بگاتە چارەسەر.
 

هەواڵی پەیوەندیدار