واشنتن پۆست: كورد بە تەنیا شەڕی داعش دەكات.. فوئاد حوسێن: هاوپەیمانەكانی ئێمە هێشتا لە ئاسمانن

واشنتن-KDP.info- رۆژنامەی واشنتن پۆست لە رایپۆرتێكی شیكاریدا نووسیویەتی، كورد بە تەنیا شەڕی داعش دەكات. سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان (فوئاد حوسێن)یش رایگەیاندووە كە، "هاوپەیمانییەكی نێودەوڵەتیمان هەیە، بەڵام هاوپەیمانییەكە هێشتا لە ئاسمانە، ئێمە هاوپەیمانێتیی سەر ئەرزمان دەوێ، چونكەی ئەوەی ئێستا لەسەر ئەرز شەڕ دەكات بە تەنیا ئێمەی كوردین".
هاوپەیمانییەكی نێودەوڵەتیمان هەیە، بەڵام هاوپەیمانییەكە هێشتا لە ئاسمانە
(جاكسن دێهل) لە رۆژنامەی واشنتن پۆست ریپۆرتێكی شیكاری بە ناوی "كورد بە تەنیا شەڕی داعش دەكات" نووسیوە و لە بابەتەكەدا پشتی بە دیمانەیەكی لەگەڵ سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان (د.فوئاد حوسێن)، بەستووە و چەند ئاماژەیەكی روونی شیی كردووەتەوە كە كورد لە دژی تیرۆریستانی داعش بە تەنیا لە شەڕدایە.
لە دەسپێكی ریپۆرتەكەی واشنتن پۆستدا هاتووە كە، شەڕی دژ بە داعش چۆن بەڕێوە دەچێ؟ یەكێك لە ئاماژە گرینگەكانی ئەم پرسیارە خۆی لە هەڵوێستی كوردستانی عێراقدا دەدۆزێتەوە، كە بڕواپێكراوترین هاوپەیمانی ئەمەریكایە لەو شەڕەدا و درێژترین سنووری رووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ تیرۆرستاندا هەبێ. بەر لە چوار مانگ، دوو لە گەورەبەرپرسانی كورد سەردانی واشنتۆنیان كرد بۆ ئەوەی وێنەی دۆخە مەترسیدارەكە بە ئیدارەی ئەمەریكا رابگەیەنن كە، دەوڵەتی ئیسلامی بەردەوامە لە فراوانخوازی و هیچ هێزێك لە ناوچەكەدا نییە بتوانێ بەرەنگاری بێتەوە. كوردستانیش چیتر ئارەزوو ناكات، ببێتە بەشێك لە عێراقێكی وێرانكراو.
رۆژنامەكە نووسیویەتی كە لە هەفتەی رابردوودا و دوای ئەوەی كورد جارێكی دی لە گەڕێكی نوێیدا سەردانی واشنتنی كردەوە، بۆی رەخسا كاریگەریی لەسەر لایەنی خاوەنبڕیار دابنێ و، باس لە هەندێ گۆڕانكاریی گەورە بكات. گورزە ئاسمانییەكان لەلایەن ئەمەریكاوە بووە هۆی ئەوەی هەڕەشەی دەوڵەتی ئیسلامی(داعش) لەسەر هەولێر نەهێڵێت كە دەیویست هێرشێكی بەربڵاو بكاتە سەر هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان، ئەمەیش وایكرد هێزە كوردییەكان كۆنترۆڵی چەند ناوچەیەكی گرینگ بكەنەوە، عێراقیش بە بەشداریی كورد بووە خاوەن حكوومەتێكی نوێ و، دانوستان لە بەغدا لەبارەی یەكلاییكردنەوەی ئەو ململانێیە تایەفەگەرییەی ماوەیەكی درێژە لە ئارادایە، دەستی پێ كرد. لەگەڵ ئەوەشدا، خاڵی گرینگ بەلای كوردەوە لەوە چڕ دەبێتەوە كە دەوڵەتی ئیسلامی(داعش) تا ئێستا سێ یەكی خاكی عێراق و سووریای لە ژێر ركێفدایە، توانای هێرشبردنی سەربازی و تیرۆرستیشی هەیە. تا زیاتر ئەو ناوچانەشی بە دەستەوە بێ مەترسییەكەی زیاتر دەبێ. لەوەش خراپتر، ئەگەر وا بڕوا زۆر ئەستەمە هێزە هاوپەیمانەكان بە سەركردایەتیی ئەمەریكا بتوانن شكست بە داعش بهێنن و، سەركەوتن لە شەڕەكەدا ئەگەرێكی لاوازە. لەمبارەیەوە سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان (فوئاد حوسێن) گوتی،" هاوپەیمانییەكی نێودەوڵەتییمان هەیە، بەڵام هاوپەیمانییەكە هێشتا لە ئاسمانە، ئێمە هاوپەیمانێتی سەر ئەرزمان دەوێ، چونكەی ئەوەی ئێستا لەسەر ئەرز شەڕ دەكات بە تەنیا ئێمەی كوردین".
سوپای عێراق گیرۆدەی میلیشیای شیعەیە..ئێران سەرپەرشتی دەكات
واشنتن پۆست شیی كردووەتەوە كە، لەوانەیە لێپرسراوە ئەمەركایی و عێراقییەكان بڵێن ئەم قسەیە زیادەڕۆیی تێدایە، بەوەی كە سوپای عێراقیش دژ بە دەوڵەتی ئیسلامید داعش دەجەنگێ بەتایبەت لە رۆژئاوای عێراق و هەواڵ لەبارەی وەدەستهێنانی سەركەوتن هەیە كە لە هەفتەی رابردوودا توانیویەتی، پاڵاوتەیستراتیژیی بێجیی کۆنترۆل بكاتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا سوپای بەغدا هەر پەرت و لاوازە و تەنیا متمانە بە چەند یەكەیەكی سەربازیی ئەو سوپایە دەكرێ و، تا ئێستا گیرۆدەی دەستی چەندین گرووپی میلیشیای شیعەی دەرەوەی كۆنترۆڵی دەوڵەتە كە لەلایەن ئێرانەوە سەرپەرشتی دەكرێن و، حكوومەتی ناوەند دەستی بەسەریاندا ناشكێ.
چۆن گاردی نیشتیمانی لەسەر خاكێك دادەمەزرێ كە لەلایەن دەوڵەتی ئیسلامییەوە كۆنترۆڵ كرابێ
(فوئاد حوسێن) هەروەها ئاماژەی بە پلانێكی درەنگكەوتوو كرد بۆ بەسەربازییكردن و مەشقپێكردنی كوڕانی هۆزە سوننەكان بە مەبەستی پێكهێنانی گاردی نیشتیمانیی،" ئەمە بیرۆكەیەكی باشە و دەشێ ببێتە پلان، بەڵام كێ جێبەجێی دەكات؟ چۆن گاردی نیشتیمانی لەسەر خاكێك دادەمەزرێ كە لەلایەن دەوڵەتی ئیسلامییەوە كۆنترۆڵ كرابێ..؟".
لە رۆژنامەكەدا ئەوە خراوەت ڕوو كە، ئەو گۆڕانكارییە سیاسییە گەورەیەی لە هاوینی رابردوودا روویدا ئارەزووی كوردەكان بوو كە دەرفەتێكی دیكە بدەنە حكوومەتی ناوەندیی عێراق، یان لانیكەم هەنگاوە ئاشكراكانیان بەرەو سەربەخۆیی دوا بخەن. لە تەمموزدا ئیدارەی كوردستان سووربوونی خۆی راگەیاند كە لەسەر پێداگریی خۆی بەردەوام دەبێ بە ئاراستەی ئەنجامدانی راپرسیی بۆ یەكلاییكردنەوەی چارەنووسی ناوچەكە و بە توندی گوشارەكانی ئەمەریكای رەتكردەوە پێوەست بە بەشداریكردن لە "حكوومەتێكی یەكیەتیی نیشتیمانی" نوێ لە بەغدا. ئەمە بەر لە هێرشەكەی دەوڵەتی ئیسلامی بوو بۆ سەر كوردستان و دەستكردنەوەی ئەمەریكا بە وەشاندی گورزی سەربازی و، سەركەوتنی ئیدارەی (ئۆباما) لە ناچاركردنی (نووری مالیكی) دەست لە سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران هەڵبگرێ.
دەستمان لە مافی خۆمان هەڵنەگرتووە كە بڕیاردانی چارەنووسە
( فوئاد حوسێن) دەڵێ، ئێستا" ئێمە بەشێكین لەم حكوومەتەی عێراق و هیوای سەركەوتنی بۆ دەخوازین". هەروەها دەڵێ" ئێمە دەستمان لە مافی خۆمان هەڵنەگرتووە كە بڕیاردانی چارەنووسە. بەڵام سەرەتاكاری ئێستامان لە ناوبردنی داعش(دەوڵەتی ئیسلامی)یە". لەم دواییەشدا كورد شاندێكی ناردە بەغدا و رێككەوتنێكی سەرەتاییان لەگەڵ حكوومەتی (حەیدەر عەبادی)-دا واژۆ كرد لەبارەی ناردنی داهاتەكانی پترۆڵی كورد بۆ بەغدا، لەبەرامبەر وەرگرتنی بەشەبودجەی فیدراڵیی خۆیان كە درەنگكەوتووە و نەدراوە.
حكوومەتی ناوەندیی عێراقی زۆربەی كات هەر لەسەر كاغەز بوونی هەیە. هەر چۆنێك بێت، چۆن سەبارەت بە سوپایش هەر وایە؛ حكوومەتی ناوەندی زۆربەی كات هەر لەسەر كاغەز بوونی هەیە. پرسە گڕگرتووەكانی سەبارەت بە كوردستانیش هەر ئاوەها بە بێ چارەسەری دەمێنێتەوە، بە پرسی پترۆڵیشەوە؛ كە رێگا بە كوردستان دەدرێ یان نا هەناردەی دەرەوەی بكات، یان كەركووكی دەوڵەمەند بە پترۆڵ لەژێر دەستیدا بمێنێتەوە، بە كام مەرج و رێوشوێنیش سوپا 150000 سەدوپەنجاهەزار سەربازەكەی دەبێتە بەشێك لە گاردی نیشتیمانیی عێراق.
ئەمەریكا 25 زرێپۆش بە كورد دەدات
رۆژنامەکە وەهایشی نووسیووە، كە لە كۆتاییدا؛ كوردەكان خۆیان بە تەنیا دەبینن. هەوڵی ئەمجارەشیان لە گوشار خستنەسەر واشنتن ئەوەبوو چەكی قورسی ئەمەریكایی بە دەست بێنن كە رادەستی هەولێر بكرێ، چ بە ڕەزامەندیی بەغدا بێ یان بەبێ رەزامەندیی ئەو. بەڵام وەڵامی پێنتاگۆن پێچەوانەی ئارەزووی كورد بوو: چونكە پلانێك هەیە ئامادە دەكرێ بۆ ناردنی 250 زرێپۆش بۆ عێراق و بەشی كورد لەو كاروانە 25 زرێپۆش دەبێ. ئیدارەی ئەمەریكایی هاوكات نەخشەی ئەوە دەكێشێ 9 لیوای عێراقی و 3 لیوای كورد مەشق پێ بكات، بەو هیوایەی كارێكی لەم جۆرە بەشی ئەوە بكات لە ناوچەكانی باكوور و رۆژئاوای عێراق چەندین هێرشی پێ بكرێت. بەڵام لێپرسراوە ئەمەریكاییەكان هێشتا سوورن لەسەر ئەوەی دەبێ هەر كاروانێكی چەكی نێردراو بۆ كوردستان لە رێگای حكوومەتی ناوەندەوە بێ.
بەڵام كورد پێیانوایە، ئەم پلانە هێزی پێویستی ئەوتۆی نییە و، لەمەشدا لەگەڵ پسپۆرە سەربازییەكانی ئەمەریكا و لە نێویاندا وەزیری پێشووی بەرگریی ئەمەریكا (رۆبێرت گێتس)-دا هاوڕان و بە هەمان شێوە پرسەكە دەبینن.
(فوئاد حوسێن) دەڵێت "سێ تیپ بە واتای 10000 شەڕكەر، ژمارەی دانیشتووانی مووسڵ كە وەك پایتەختی دەوڵەتی ئیسلامی راگەیەنراوە، زیاترە لە یەك ملیۆن كەس و شارێكە زۆر بە باشی بەو چەكە ئەمەریكاییانە پارێزراوە كە دەستی بەسەردا گیرا. كێ مووسڵ رزگار دەكات؟ ناتوانین كارێكی لەمجۆرە بەبێ چەكی قورس:(هەلیكۆپتەری ئەپاچی و ئۆتۆمبێڵی سەربازیی جۆری هامفی و تۆپ و رووكێت و چەكی نیشانەشكێن)، ئەنجام بدەین".
(فوئاد حوسێن) بەردەوام دەبێ و دەڵێ "لە پێناو رزگاركردنەوەی مووسڵ، پێویستیمان بەوە هەیە سوپایەك لەتەكمان بێ، ئەو سوپایە لە كوێ دێت؟" ئەمە ئەو پرسیارەیە كە پێویستە ئیدارەی (ئۆباما) رۆژێك لە رۆژان وەڵامی بۆی هەبێ.




