تەواوی خاكی كوردستان لە میحوەری مەخموور و گوێڕ ئازاد كرا.. پێشمەرگە گەییشتە رووباری مووسڵ

مەخموور-kdp.info- جێگری سەرپەرشتیاری میحوەری مەخموور و گوێڕ ڕایگەیاند، ئەمڕۆ هێزی پێشمەرگە لە میحوەری گوێڕ و مەخموور سەركەوتنی گەورەی بە دەست هێنا و تەواوی خاكی كوردستانی لە دەست داعش لەو سنوورەدا رزگار كرد.
جێگری سەرپەرشتیاری میحوەری مەخموور و گوێڕ (د. ئاراس حەسۆ میرخان) بە kdp.info-ی راگەیاند، دوای ئەوەی ئەمڕۆ هێزی پێشمەرگە لە هەردوو میحوەری مەخموور و گوێڕ هێرشیان بۆ سەر تیرۆریستانی داعش دەست پێ كرد، 11 گوند لە هەردوو میحوەرەكەدا ئازاد كران.
(د. ئاراس) گوتیشی، "هێزەكانی پێشمەرگە لە میحوەری مەخموور و گوێڕ زیانی زۆریان بە تیرۆریستانی داعش گەیاندووە و ژمارەیەكی زۆر لە تیرۆریستان كوژراون، تەنیا لەوانەی من بینیومن هەشت تیرۆریست كەوتوونەتە دەست هێزی پێشمەرگە، هاوكات دوو هەمەڕ، سێ ئۆتۆمبێل و سێ دۆشكەیش كەوتوونەتە دەستی هێزی پێشمەرگە".
ڕوونیشی كردەوە كە، لە ئێستادا تەواوی خاكی كوردستان لە سنووری مەخموور و گوێڕ لە دەست تیرۆریستانی داعش رزگار كراوە و هێزی پێشمەرگە گەییشتووەتە سەر رووباری مووسڵ.
(میرخان) ئاماژەیشی دا، لە ئێستادا شەڕەكە كۆتایی پێ هاتووە و هێزی پێشمەرگەیش لە گشت ناوچە ئازادكراوەكان نیشتەجێن.
لای خۆیەوە موقەددەم (ئیبراهیم سلێمان)، بۆ kdp.info گوتی، "تیرۆریستان لە بەرانبەر زەبری پێشمەرگە ورەی بەرداوە، هەڵبەت ئەوەی کە ئێستا لە توانایاندایە بەرانبەر بە ئێمە دەیکەن، ئەگەر بواریان بدرێ کردەی خۆکوژییە بەو هەمەرانەی کەوتوونەتە دەستیان، هەروەها دوای ئەوەی کە شکست دەبەن، لە پاش خۆیان مین دەنێنەوە. بەڵام لەبەردەم هێرشی پێشمەرگەدا خۆ ناگرن، یان دەکوژرێن یانیش دەرفەتیان هەبێ ڕادەکەن."
سەبارەت ئەو زیانەی کە بە دوژمنیان گەیاندووە، موقەددەم (ئیبراهیم سلێمان) گوتی، "ئەوەی کە لە سنووری ئێمە 15 تەرمی تیرۆریستانە کە پاش شکستەکەیان کەوتوونەتە دەست پێشمەرگەوە، لە بەرانبەردا، بەپێی زانیارییەکانی من، پێشمەرگەیەک شەهید بووە و هەشتی دیکەیش بریندار بوون
جێی ئاماژەیە، ئەمڕۆ هێزەكای پێشمەرگە لە میحوەری گوێڕ گوندەكانی زومارە، ساقی و كوشافی رزگار كردوون و لە میحوەری مەخمووریش، گوندەكانی عەلیاوە، جەدیدە و گوندێكی دیكەیش لە داعش پاك كراوەتەوە.
بڵند ئیبراهیم




