حەیدەر عەبادی: تاكە رێگەی بەردەممان، رێككەوتنە.. نێچیرڤان بارزانی: پێویستە ستراتیژێك بۆ چارەسەركردنی كێشەكان دابندرێت

بەغدا-KDP.info- سەرۆکوەزیارنی عێراق، لەسەر ئەو باوەڕەیە کە، هیچ كێشەیەكی وا لەنێوان بەغدا و هەولێردا نییە كە چارەسەر نەكرێت و هەموو كێشەكان قابیلی چارەسەركردنن. "بە دەستبەكاربوونتان، هەنگاوەكان بەرەو چارەسەركردنی كێشەكان دەچن. سەرۆکوەزیرانی کوردستانیش گوتی، باس لەوە ناكەن كە كێ بەرپرسی دروستبوونی كێشەكانی نێوان بەغدا و هەولێرە، بەڵام نیشانەكان ئەوە دردەخەن كە دەستبەكاربوونی (عەبادی) وەك سەرۆكوەزیرانی عێراق، لاپەڕەیەكی نوێ بۆ هەموو عێراق دەكاتەوە.
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ یەكشەمە 30ی نۆڤەمبەری 2014 سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان(نێچیرڤان بارزانی)، بە سەرۆكایەتیی شاندێكی باڵای حكوومەتی هەرێمی كوردستان گەییشتە بەغدا و لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا لەلایەن جێگری سەرۆكوەزیرانی عێراق(بەها ئەعرەجی)ـیەوە پێشوازی لێ كرا.
دواتر لە كۆشكی سەرۆكایەتیی حكوومەت لەلایەن سەرۆكوەزیرانی عیراق(د.حەیدەر عەبادی)ـەوە پێشوازی لێ كرا و كۆ بوونەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا (عەبادی) وێڕای بەخێرهێنانی شاندی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، هەروەها خۆشحاڵی خۆی بۆ سەردانی (نێچیرڤان بارزانی) و شاندی یاوەری نیشان دا و هیوای خواست ئەم سەردانە ببێتە هۆكار بۆ چارەسەركردنی سەرجەم كێشەكان.
(عەبادی) لە بەردەوامیی قسەكانیدا گوتی: "بە بڕوای من هیچ كێشەیەكی وا لەنێوان بەغدا و هەولێردا نییە كە چارەسەر نەكرێت و هەموو كێشەكان قابیلی چارەسەركردنن. عێراق هەموومان كۆ دەكاتەوە؛ ئەگەر رێك نەكەوین، زیان بە هەردوولامان دەگات؛ بۆیە تاكە رێگا كە لەبەردەمماندایە، رێككەوتنە".
(عەبادی) ئاماژەیشی دا كە، ئێستا باری داراییی عێراق خراپە و نرخی نەوت دابەزیوە و هاووڵاتیانیش داواكاریی زۆریان لە حكوومەت هەیە و بارودۆخی سەربازییش دیارە لە چ حاڵێكدایە، "بەڵام رێككەوتن رێگامان بۆ خۆش دەكات و توانای زیاترمان پێ دەبەخشێت كە بەسەر هەموو ئەم كۆسپانەدا سەركەوین"، هەروەها گەشبینی خۆی بۆ گەییشتن بە ڕێككەوتن دەربڕی.
لەلای خۆشیەوە سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان(نێچیرڤان بارزانی) سوپاسی ئەو پێشوازییە گەرمەی سەرۆكوەزیرانی عێراقی كرد و خۆشحاڵیی خۆی نیشان دا كە ئێستا لە بەغدایە و گوتی: "خۆشحاڵم كە جارێكی دیكە لێرە دەتانبینمەوە، نامانەوێ سەردانی ئێمە بۆ بەغدا ببێتە بابەتێكی میدیایی، بەڵكو سەردان و هاتوچۆمان بۆ بەغدا ببێتە شتێكی ئاسایی".
سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان هەروەها پیرۆزبایی لە (عەبادی) كرد بە بۆنەی دەستبەكاربوونی وەك سەرۆكوەزیرانی حكوومەتی عێراق و گوتی: "بە دەستبەكاربوونتان، هەنگاوەكان بەرەو چارەسەركردنی كێشەكان دەچن. ئێمە بە هیچ شێوەیەك باس لەوە ناكەین كە كێ بەرپرسی دروستبوونی كێشەكانی نێوان بەغدا و هەولێرە، بەڵام نیشانەكان ئەوە دردەخەن كە دەستبەكاربوونتان وەك سەرۆكوەزیرانی عێراق؛ لاپەڕەیەكی نوێ بۆ هەموو عێراق دەكاتەوە".
(نێچیرڤان بارزانی) راشیگەیاند كە، كێشەكان بە شەو و رۆژێك و سەردانێك چارەسەر ناكرێن. ئامادەیی خۆیشی نیشان دا كە چەند پێویست بێت سەردانی بەغدا بكات تا دەگەنە چارەسەرێكی كۆتایی و دووپاتی كردەوە كە پێویستە ستراتیژێك بۆ چارەسەركردنی كێشەكان دابندرێت.
لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا باس لە بارودۆخی ئێستا و رووبەرووبوونەوەی تیرۆر و هەڕەشەكانی داعش كرا و لەمبارەوەش سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان(نێچیرڤان بارزانی) باسی لە مەترسییەكانی تیرۆریستانی داعش كرد و ئاشكرای كرد كە، ئەم تیرۆریستانە مەترسین بۆ سەر عێراق و هەموو ناوچەكە. هەروەها ئاماژەی بە قەیرانی ئابووری و دارایی كرد كە گرفتێكی گەورەی دروست كردووە و رایگەیاند كە شەڕی تیرۆر و ڕووبەڕووبوونەوەی داعش، قەیرانەكەی هەم لە بەغدا و هەم لە هەولێر قورستر كردووە، ئامادەیی هەموو جۆرە هاوكاری و هەماهەنگییەكیشی دەربڕی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر.
لەمبارەوەش داكۆكی لەسەر هەماهەنگی و هاوكاریی هەمەلایەنە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر كرایەوە و هەروەها رەوشی ناوچەكانی ژێر دەستەڵاتی داعش و دانانی پلان و بەرنامە بۆ ئازادكردنیان باسی لێوە كرا.
باسكردنی هاوكاری و هەماهەنگیی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق و وڵاتانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، لەلایەنێكی دیكەی باس و خواسی كۆبوونەوەكە بوون.




