بەڕێوەبەری ئاساییشی هەولێر: ڕێ لە هاتنی ئۆتۆمبێلی ژمارە كەركووك بۆ هەولێر نەگیراوە

هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری ئاساییشی هەولێر، ڕەتی دەكاتەوە ڕێگایان نەدابێت ئۆتۆمبێل لە شاری كەركووكەوە بێتە ناو هەولێر. ئەوەیش دەخاتە ڕوو كە بۆ پاراستنی ئارامی و ئاساییشی هەولێر، هەموو جۆرە ڕێكارێك دەگرنە بەر.
لەبارەی ئەو دەنگۆیەی كە گوایە ڕێگا نادرێت ئۆتۆمبێل لە كەركووكەوە بێتە ناوشاری هەولێر، بەڕێوەبەری ئاساییشی هەولێر (تاریق نووری)، بۆ KDP.info رایگەیاند، "وەك ئاساییش ڕێكاری تایبەت گیراوەتە بەر و ئێستا ئۆتۆمبێلی هەر كەسێكی كورد بێت و دانییشتووی كەركووك بێت، كە دێتە ناو شاری هەولێر، پشگیرییەكی بۆ دەكرێت و ناوونیشانی وەردەگیرێت، ئەوەیشی كە عەرەبە و دانیشتووی كەركووكە، لە ئاساییشی كەركووك مۆڵەتێكی بۆ دەكەن و بەبێ گرفت دێتە ناو شاری هەولێر".
(تاریق نووری) جەختیشی کردەوە، "هیچ بڕیارێك نییە ئۆتۆمبێلی كەركووك لە هەولێر نەیەنە ژوورەوە، هەموو ئۆتۆمبێلێك دێتە هەولێر تەنیا جۆر و ژمارەی ئۆتۆمبیل ناوی شوفێرەكە تۆمار دەكرێت و ئینجا دێتە ناو شاری هەولێر، چونكە زۆربەیان بە ناوی خۆیانەوە نییە و لەوە دەچێت خەڵكێكی نەناسراو لە دەرەوەی كەركووك هاتبێت بۆ شارەكە و لەوێوە بێت بۆ هەولێر، بۆیە دەبێت ئاساییشی كەركووك مۆڵەتێكی بۆ بكەن و لەگەڵ خۆیدا دەیهێنێتە هەولێر".
بەڕێوەبەری ئاساییشی هەولێر زیاتر گوتی، ئەوەی لە بازگەكان پێڕۆ دەرێت، پشكنینێكی باشە بۆ پاراستنی ئەمنییەتی ناو شار و هەرچیی ڕێكارێك بۆ پاراستنی ئاساییشی هەولێر بكرێت، دەیگرنە بەر.




