شێخ جەعفەر: میلیشیا شیعەكان لە جەلەولا خەڵك دەکوژن و حیساب بۆ کەس ناکەن

هەولێر-KDP.info- بەرپرسێكی پارتی لە خانەقین دەڵێت، میلیشیا شیعەكان دەستیان بە كوشتنی خەڵك كردووە و ماڵ و موڵكیان بە تاڵان دەبەن و مەترسییشیان لەسەر كەلار و خانەقین دروست كردووە.
بەرپرسی لقی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە خانەقین (شێخ جەعفەر شیخ مستەفا)، لە لێدوانێكدا بۆ KDP.info گوتی، "ڕەفتاری میلیشیا شیعەكان وەك داعشە و بگرە خراپتریش هەڵسوكەوت دەكەن، ئەوان دەستێكی باڵایان لە كوشتن و سووتاندن و تاڵانكردندا هەیە و 90%-ی سەعدییەیان تێك داوە و سەرجەم شوێنەكانیان تاڵان كردوون و سووتاندوویانن، لە جەلەولایش دەستان بە ئۆپەراسیۆنی سەربازی كردووە، كە سەرجەم ئەم كارانەیش بۆ ئەوەیە دەستەڵات و نفوزی خۆیان فراوان بكەن".
گوتیشی، "میلیشیاكان ژمارەیەكی زۆر گەنجی عەرەبی توندڕۆیان هێناون كە هیچ حیسابێك بۆ حكوومەتی هەرێمی كوردستان ناكەن، وا دەزانن كە لە ئاسمانەوە هاتوون و ئەمان خاوەنی دەستەڵاتن، بگرە ئاڵای عێراقیش كەم بە كار دەهێنن و ئاڵایەك بەرز دەکەنەوە كە لۆگۆی شۆڕشی ئێرانی لەسەرە و بە ناوی هێزی خوراسانەوە هاتوون، ئێستایش دەستیان بە پاكتاوكردنی تەواوی سوننەكان كردووە و دەست ناپارێزن و لە هەر شوێنێك دەستیان بڕوات خەڵك دەكوژن".
ئەو بەرپرسەی پارتی ئەوەیشی خستە ڕوو كە، میلیشیاكان قسە لە كەس قبووڵ ناكەن و بەرپرسانی ئێرەیش لە بەرانبەر ئەمانەدا دەستەوەستانن.
(شێخ جەعفەر) بە دووری نابینێت کە بە هۆی ئەو ڕەفتارانەیانەوە، لەەگل کووردا بکەونە کێشەوە"، چونکە وەک ئەو دەڵێت، "ئەو هێزە میلیشیانییانە دەستیان بە لەناوبردنی هێزەكانی دیكە لە ناوچەكەدا كردووە، بۆیە نایانەوێت پێشمەرگەیش لەو سنوورە هەبێت."
بە گوتەی ئەو بەرپرسەی لقی پارتیی لە خانەقین، "ئەو هێزانە پیلانێكی دیكە دادەنێن و بە ناوی تەقاندنەوەی مین و تەقەمەنییەوە، ماڵی خەڵكییش دەتەقێننەوە".
ئاماژەی بەوەیش دا، میلیشیاكان دەست لە كاروباری كەلار و خانەقینیش وەردەدەن، هیچ حیسابێك بۆ یاساكانی حكوومەتی عێراق و كوردستانیش ناكەن، سەربازگەی گەورەیان داناون و كارگەی قیری خانەقینیان دراوەتێ، كە ئێستا كراوەتە بارەگای سەرەكییان و ناویان ناوە بارەگای شەریف و جێی ناهێڵن.
جەختیشی كردەوە كە، "هەموو خەڵك لە میلیشیاكان ناڕازین و بێسەروبەرن و هیچ دەستپارێزییەك ناكەن، دەستدرێژییەکانیشیان خەریكە دەگاتە خانەقین و كفری و كەلاریش".
زیاتر ڕوونی کردەوە، "هەموو جۆرە هێز و خەڵكێكیان لە جەلەولا و سەعدییە كۆ كردووەتەوە و سوپای بەدر و سەدریشی لێییە، بۆیە جارێكی دیكە ئەستەمە كە ئەو میلیشیایانە لە جەلەولا و سەعدییە بچنە دەرەوە و هەموو شتێك تاڵان دەكەن و هەرچی لە دەستیان بێت ئەنجامی دەدەن، تێناگەن كورد و پێشمەرگە چییە، فەرمانیش لە كەسانی نەناسراوەوە وەردەگرن".




