عێراقییەکان بە سەردانی نێچیرڤان بارزانی گەشبینن.. موحسین سەعدوون: سەردانێكی سەركەوتوو و گرینگ دەبێت

بەغدا-KDP.info- ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، لە بەغداوە ئەو سیاسیانەی قسەیان لەگەڵ كردوون، گەشبینییان بە سەردانەكەی سەرۆكوەزیرانی كوردستان بۆ بەغدا پیشان داوە. جەختیش دەكاتەوە كە سەردانەكە گرینگ و سەركەوتوو دەبێت.
دوای ئەو ڕێككەوتنە سەرەتاییەی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان (نێچیرڤان بارزانی) و وەزیری نەوتی عێراق (عادل عەبدولمەهدی) پێی گەییشتن، وەك سەرەتایەك بۆ دەستپێكردنی گفتوگۆیەكی جیددی و هەڵنانی هەنگاوی كردەیی بۆ چارەكردنی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا، بەیانی سەرۆكوەزیرانی كوردستان (نێچیرڤان بارزانی) و شاندی یاوەری کە جێگری سەرۆكوەزیران و وەزیرە پەیوەندارەكان و ژمارەیەك لە ڕاوێژكارانن، سەردانی بەغدا دەكات.
ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە لیستی پارتیی دیموكراتی كوردستان و ئەندامی لیژنەی یاسایی (موحسین سەعدوون)، بە KDP.info-ی ڕاگەیاند، ئەوان وەك پەرلەمانتاری عێراق گەشبینن بەو سەردانە و خوازیارن بە رێگەی گفتوگۆ كێشەكان چارە بكرێن، چونكە وەك باسی كرد كە لە ئێستادا حكوومەتی عێراق هزری قبووڵكردنی هەیە.
ئەو پەرلەمانتارەی كورد لە بەغدا ئاماژەی دا، سەرۆكوەزیرانی عێراق (حەیدەر عەبادی) گوتوویەتی، "دەبێ كێشەكانمان لە رێگەی دەستوورەوە چارە بكەین"، بۆیە لە رووی دەستوورییەوە هەرێمی كوردستان هیچ كێشەیەكی لەگەڵ بەغدا نییە و كارەكانی هەرێمی كوردستان دەستوورین.
(موحسین سەعدوون)، گەشبینیی بە سەردانەكەی سەرۆكوەزیرانی كوردستان پیشان دا و گوتی، "شاندەكە چوونی بۆ بەغدا بە سەرۆكایەتیی (نێچیرڤان بارزانی)، سەردانێكی سەركەوتوو و گرینگ دەبێت و گەشبینم بەو سەردانە لەبەر ئەوەی كارەكان و داواكارییەكانی ئێمە دەستوورین".
پێوەست بە گەشبینیی لایەنەكانی دیكەی بەغدا (سەعدوون) زیاتر گوتی، "ئەو سیاسیانەی لە عێراق بینیومانن و قسەمان لەگەڵ كردوون، ئەوانیش پێشوەختە گەشبینیان بە سەردانەكەی شاندی باڵای هەرێم، دەربڕیوە و دەیانەوێت كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا نەهێڵدرێن".
نەشوان بەرزنجی




