٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

مەحموود محەممەد: لیژنەی باڵا لە سەرۆكایەتیی حكوومەت بۆ ئەم پرسە پێك هاتووە.. چەند پۆستێكی كابینەی هەشتەم دابەش دەكرێن

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  بۆ پڕكردنەوەی ئەو پۆستانەی لە كابینەی هەشتەمدا رێككەوتنیان لەسەر كراوە، لایەنەكان و حكوومەت گفتوگۆكانیان دەست پێ دەكەنەوە، ئەندامێكی پێشووی شاندی دانوستانكاری پارتیی دیموكراتی كوردستانیش ڕایگەیاند، بۆ جێبەجێكردنی هەنگاوی دووەمی ڕێككەوتنی نێوان لایەنە بەشداربووەكانی كابینەی هەشتەم، لیژنەیەك لە سەرۆكوەزیران و سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران پێك هێنراوە.

دوای ئەوەی كابینەی هەشتەم بە سەرۆكایەتی (نێچیرڤان بارزانی) پێك هێنرا و لە 18ـی 6-ی 2014ـدا كابینەكە لە پەرلەمانی كوردستان، متمانەی پێ درا، گشت لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان بە شدارییان لەو كابینەیە كرد و پێناسە كرا بە حكوومەتی كۆدەنگی نیشتمانی. چونكە كابینەی هەشتەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، حكوومەتێكی یەكبوونی نیشتمانییە و، هەموو حزبە سیاسییە سەرەكییەكان هاوپەیمانیەتێكی بنكەفراوانیان پێك هێناوە كە رەنگدانەوەی فرەییی سیاسیی هەرێمی كوردستانە بۆ مەبەستی نوێنەرایەتیكردن وخزمەتكردنی هاووڵاتیان.
لایەنە سیاسییەكان بۆ زیاتر رەنگدانەوەی كۆدەنگیی نیشتمانیان لە كابینەی هەشت گفتوگۆ دەكەن. گفتوگاكانیش لە نێوان گشت پارتییە سیاسییەكانی كوردستانە كە پێكهاتوون لە پارتیی دیموكراتی كوردستان، بزووتنەوەی گۆڕان، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان و كۆمەڵی ئیسلامیی كوردستان. بناخەی بەشدارییەكانیش بەپێی ئیستحقاقی هەڵژاردنی رابردووی پەرلەمانی كوردستانە.
ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتیی دیموكراتی كوردستان (مەحموود محەممەد) كە ئەندامی پێشووی شاندی دانوستانكار بوو بۆ پێكهێنانی كابینەی هەشتەم تایبەت بەKDP.infoـی ڕایگەیاند، پاش ڕێككەوتنی لایەنەكان لەسەر یەكلاكردنەوەی پۆستەكان، وەها بڕیار درا لیژنەیەكی باڵا بۆ ئەم پرسە پێك بهێنرێت، هەڵبەت دواتر ئەو لیژنەیە لە سەرۆكوەزیرانی هەرێم و سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران پێك هات و، ئەوانیشن كە ئەم پرسە یەكلا دەكەنەوە.
بەڵام وەك ئەندامی پێشووی شانی دانوستانكاری پارتی (مەحموود محەممەد) ڕایگەیاند، پرسی یەكلاكردنەوەی ئەو پۆستانە، ئەركی ئەو لیژنە باڵایەی سەرۆكایەتیی حكوومەتی هەرێمە كە لەگەڵ لایەنەكان یەكلای بكاتەوە، چونكە ئەركی شاندی دانوستانكاری پارتی و لەگەڵ لایەنە بەشداربووەكانی كابینەی هەشتەم، تا ئەو شوێنە بووە كە كابینە پێك هات، ئەوی دی بۆ لیژنەكەی حكوومەت ماوەتەوە كە لەگەڵ لایەنەكانی یەكلا بكاتەوە.

لای خۆییشەوە ئەندامی سەركردایەتیی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان (سەمیر سەلیم)، بە  kdp.infoـی راگەیاند، لیستێكیان لە ناوی بەڕێوەبەرە گشتییەكان داوەتە سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران.
(سەمیر سەلیم) گوتیشی، "بەشی ئێمە لە پۆستی بەڕێوەبەری گشتی و راوێژكار و پۆستەكانی دیكەی نێو حكوومەت 10%ـە، بۆیە بەپێی ئەوە داوای پۆستمان كردووە، لایەنەكانی دیكەیش بە هەمان شێوە، بەڵام بڕیاری كۆتایی لەسەر ئەوە نەدراوە".
هەروەك چۆن یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان پشكی خۆی لە بەشداریی كابینەی هەشتەم بە 10% ناو بردووە، وەهایش پارتییە سیاسییەكانی دیكە بەگوێرەی ئیستحقاقی هەڵبژاردنی رابردووی پەرلەمانی كوردستان، بەشداریی خۆیان لە كابینەی هەشتەم رادەگەیەنن و، لە دانوستانەكاندا داوای دەكەن.
(سەمیر سەلیم) ئاماژەیشی دا كە، "بەڕێوەبەرە گشتییەكانی ئێمە بۆ هەردوو وەزارەتی كارەبا و كار و كاروباری كۆمەڵایەتی دیاری كراون، پاشانیش بە گوێرەی رێژەی خۆمان بۆ شوێنەكانی دیكەیش داوا دەكەین".
ئەو بەرپرسەی یەكگرتووی ئیسلامی جەختی كردەوە، ئەو كارە هەنگاوی دووەمی جێبەجێكردنی رێككەوتنی پێكهێنانی كابینەی هەشتەم دەبێت، چونكە لە هەنگاوی یەكەمدا تەنیا وەزیرەكان دەستبەكار بوون. ئەو بەرپرسەی یەكگرتووی ئیسلامی ڕوونیشی كردەوە، لەو ماوەیەدا لایەنەكان بە جیا لە گەڵ سەرۆكی حكوومەت كۆ دەبنەوە بۆ بڕیاردان لەسەر ناوی بەرپرسەكان.
یەحیا سابیر
 

هەواڵی پەیوەندیدار