٢٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پەیەدە: سەرۆك بارزانی سەلماندی، جیاوازی لە نێوان هەولێر و كۆبانیدا نییە.. یەكڕیزیی كورد چووەتە قۆناخێكی دیكەوە

سەرچاوە: KDP.info
پێشمەرگە و یەپەگە لە کۆبانی.

كۆبانی-KDP.info-  بەرپرسێكی پەیەدە رایدەگەیەنێت، هەڵوێستی (سەرۆك بارزانی) پێوەست بە كۆبانی، هەڵوێستێكی نەتەوەیی و نیشتمانپەروەرانەیە. جەختیشی كردەوە چوونی پێشمەرگە بۆ كۆبانی كاریگەریی لە پاشەكشەی تیرۆریستان لەو شارەدا هەبووە.

 

ئەندامی نوێنەرایەتیی پارتیی یەكێتیی دیموكراتی "پەیەدە" (دیار قامیشلی)، بە KDP.info-ی  راگەیاند، ورەی پێشمەرگە و شەڕڤانان زۆر بەرزە و لە دوای ئەوەی پێشمەرگەیش چووەتە كۆبانی، ئێستا داعش لە پاشەكشەیە و پێشمەرگە و شەڕڤانان لە قۆناخی بەرگریكردندا نەماون، بەڵكە لە قۆناخی هێرشبردنن بۆ سەر تیرۆریستانی داعش.


(قامیشلی) دەشڵێت، "بەشێكی باشی كۆبانی لە دەستی داعش دەرهێندراوە و شەڕی كۆڵان بە كۆڵان بەردەوامە كە بەشی زۆر كەوتووەتە دەستی ئێمە، چوونی پێشمەرگەیش كاریگەریی خۆی هەبووە، چونكە چەكی قورسیان پێیە".


ئەو ئەندامەی نوێنەرایەتیی پارتیی یەكێتیی دیموكراتی جەختیشی كردەوە، كۆبانی ناكەوێت و یەكڕیزیی كوردیش دوای كۆبانی چووەتە قۆناخێكی دیكەوە.
گوتیشی، لەو ناوچانەی داعش هێرشی كردووەتە سەر رۆژئاوا، هەزاران كوژراوی تیرۆریستان هەبوون و زیانی زۆریان بەر كەوتووە.


(قامیشلی) هەڵوێستی (سەرۆك بارزانی) بەرز دەنرخێنێت و دەشڵێت، "هەڵوێستی (سەرۆك بارزانی) بۆ ناردنی پێشمەرگە و كۆكردنەوەی لایەنەكانی رۆژئاوا، بە كارێكی زۆر باش و نەتەوەیی و نیشتمانپەروەرانەی دەزانین، هەڵوێستی جەنابیان سەلماندی كە جیاوازی لە نێوان هەولێر و كۆبانیدا نییە".

ئێوارەی چوارشەممەی 22ی ئۆکتۆبەر، لەسەر داوای سەرۆکی هەرێمی کوردستان(مەسعوود بارزانی)، کە بە نووسراوێکی فەرمی ئاراستەی پەرلەمانی کوردستانی کردبوو، بە دەنگی کۆی پەرلەمانتاران بڕیار درا، هێزی پێشمەرگە، بۆ هاوکاریی ڕۆژئاوای کوردستان، ڕەوانەی دەرەوەی سنووری هەرێمی کوردستان بکرێت.


یەحیا سابیر
 

هەواڵی پەیوەندیدار