٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بەرپرسی لقی پارتی لە گەرمیان: داعش و میلیشیا شیعەكان لە كار و رەفتاردا لە یەكەوە نزیكن

سەرچاوە: KDP.info

گەرمیان-KDP.info- بەرپرسی لقی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە گەرمیان دەڵێت، میلیشیا شیعەكان لە سنووری گەرمیان بە شێوەیەكی بەربڵاو هەن، وێڕای دەربڕینی بێزاریی هاووڵاتیان لەو چەكدارانە، رەفتارەكانیشیان لە داعشەوە نزیكە.

بەرپرسی لقی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە گەرمیان (ئەكرەم ساڵح)، بە kdp.info-ی راگەیاند، چەكدارە میلیشیاكانی شیعە لە سنووری گەرمیان لە ناوچەكانی قەرەتەپە، ئامرلی، دوزخورماتوو، سەعدییە و جەلەولا بە شێوەیەكی بەربڵاو هەن و بوونەتە جێی نیگەرانیی خەڵكی ناوچەكە، چونكە خۆیان بە هیچ رێسا و یاسایەك پابەند ناكەن و بە ئارەزووی خۆیان هەرچی بیانەوێت دەیكەن.
(ئەكرەم ساڵح) گوتیشی، میلیشیا شیعەكان لەگەڵ داعش لە كار و رەفتاردا لە یەكدی نزیكن، تەنیا دوورییەكەیان لەوەدایە كە حكوومەتی عێراق پشتیوانی لەو میلیشیایانە دەكات و دژی داعشە، ئەگەر نا داعش و ئەو چەكدارە میلیشیانەی شیعە لە كار و رەفتاردا زۆر لە یەكەوە نزیكن.  
(ساڵح) ئاماژەی دا، ئەو چەكدارانە لە كفری و كەلار بارەگایان نییە، بەڵام لە ناوچەكانی دیكە بارەگایان داناون و كاتێك ئەو چەكدارانەیش بە كفری و كەلاردا تێدەپەڕن، كێشە دروست دەكەن.
ئەوەیشی خستە ڕوو كە، هێزێكی میلشیا شیعەكان ئەمڕۆ ویستوویانە بە رێگەی  كفرییەوە بەرەو كەلار بجوڵێن، بەڵام هێزەكانی پۆلیس و ئاساییش رێگرییان لێ كردوون تا نەیەنە نێو شارەوە، لە ئاكامدا تەقە لە نێوان هەردوولا رووی دا و لەلایەن هاووڵاتیانیشەوە بە بەرد و تەماتە هێرش كرایە سەر ئەو چەكدارانە، هاوكات پۆلیسێكی هاتوچۆیش بە ناوی (ئەحمەد فازڵ عەبدولڕەحمان) بە سووكی بریندار بووە.
پێوەست بە بارودۆخی نێو شاری كفری، سەرچاوەیەك لە پۆلیسی كفری كە نەیویست ناوی ببرێت بە kdp.info-ی راگەیاند، پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ هێزێكی گەورەی سەربازی سوپای عێراق و چەكدارە شیعەكان كە لە قەرەتەپەو جەبارە هاتبوون لە نێو شاری كفری تەقەیەكی زۆریان كرد.
سەرچاوەكە دەشڵێت، لەپاش تەقەی چەكدارەكان هاووڵاتیان بە بەرد رووبەروی هێزەكە بوونەوە و شەڕوپێكدادان روویدا و دواتر لە لایەن هێزەكانی پۆلیسی كفری و ئاساییشەوە رێگە بە هێزەكە گیرا.
سەرچاوەكەی پۆلیس راشیگەیاند، لە كاتێكدا هێزەكە لە بازگەكەی ئاساییشی كفری هاتونەتە ژوورەوە هێزەكانی ئاسایش پێیان وتون بە جادەی دەرەوە بڕۆن و نەچنە نێو شار، بەڵام هێزەكە هاتوونەتە ژوورەوە و دواترلە كاتی لێكۆڵینەوە لە گەڵیاندا بەرپرسی هێزەكە بە بەرپرسانی هێزە ئەمنییەكانی گەرمیانیانی گوتووە شارەزانەبوون و لە ترسیشدا تەقەیان كردووە و، وایان زانیوە كفری شارێكی ئارام نییە. پێوەست بە چارەكردنی كێشەكەیش كە ئەو هێزانە دواتر بەرەو كوێ چوون، بەرپرسی لقی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە گەرمیان، (ئەكرەم ساڵح) دەڵێت، لە ئێستادا هێزەكەی میلیشیا شیعەكان لە كفرییەوە بەرەو كەلار تێپەڕیون و كێشەكە چارە كراوە.
جێی ئاماژەیە، ئەم تەقەكردنەی هێزە چەكدارەكان لە كاتێكدایە هەفتەی رابردویش لە نێو شاری كەلار، میلیشا شیعەكان سوكایەتیان بە بەڕێوەبەری قوتابخانەیەك كرد.
بڵند ئیبراهیم-كاروان جاف

هەواڵی پەیوەندیدار