ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیران بودجە تاوتوو دەكات.. ئەگەری چارەكردنی كێشەكانی هەولێر و بەغدا هەیە

بەغدا-KDP.info- وەزیری دەوڵەت لە حكوومەتی عێراق (سامان عەبدوڵڵا) ڕایگەیاند، ئەمڕۆ جارێكی دیكە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق كۆ دەبێتەوە و تێیدا پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق تاوتوو دەكات. جەختیش دەكاتەوە كە، لە رەشنووسی یەكەمی ئامادەكراوی پڕۆژەیاسای بودجەدا هیچ كێشەیەكی كورد چارە نەكرابوو، بەڵام رەنگە لە ڕەشنووسی دووەمدا كە ئێستا ئامادە كراوە، گۆڕانكاری كرابێت.
وەزیری دەوڵەت لە حكوومەتی عێراق (سامان عەبدوڵڵا)، بە kdp.infoـی راگەیاند، بڕیارە ئەمڕۆ سەعات سێی دوانیوەڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراقەوە كۆ ببێتەوە و تێیدا تاوتووی ئەو پڕۆژەیاسایە دەكرێت كە رۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو نەگەییشتنە رێككەوتن و ئەمڕۆ جارێكی دیكە لەسەری كۆ دەبنەوە.
(عەبدوڵڵا) گوتیشی، لە رەشنووسی یەكەمدا كێشەكانی هەرێم چارە نەكرابوون وەكو كێشەی كەمكردنەوەی بودجەی سیادی و حاكیمە لە بەشەبودجەی هەرێم و چەند بڕگەیەكی سزادانی هەرێمی تێدایە و هەرێم پێویستە 150 هەزار بەرمیل نەوتی خۆی و300 هەزار بەرمیل نەوتی كەركووك رۆژانە بفرۆشێت، كە هەمان كێشەكانی ساڵی رابردوو دووبارە بوونەتەوە.
زیاتر گوتی، لە ئێستادا رەشنووسی دووەم ئامادە كراوە و ئەگەری هەیە كە گۆڕانكاریی تێدا كرابێت و كێشەكانی هەرێم چارە كرابن.
بڵند ئیبراهیم




