داعش لە چوار قۆڵەوە تێك شكێندرا.. شەڕێكی قورس لە رۆژهەڵاتی كۆبانی بەردەوامە

كۆبانی-KDP.info- فەرماندەی هێزی پێشمەرگە لە كۆبانی دەڵێت، لە بەیانییەوە داعش لە پێنج قۆڵەوە هێرشی دەست پێ كردووە و شەڕێكی قورس بەردەوامە، توانراوە لە چوار قۆڵەوە هێرشەكانی داعش تێك بشكێندرێن، لە ئێستایشدا لە قۆڵی رۆژهەڵات شەڕ بەردەوامە.
فەرماندەی هێزی پێشمەرگە لە كۆبانی لیوا (عەبدولقەهار مەجید)، بە kdp.info-ی راگەیاند، "بەیانیی ئەمڕۆ سەعات چوار، تیرۆریستانی داعش پێنج ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراویان تەقاندنەوە و دواتر لە پێنج قۆڵەوە هێرشیان بۆ سەر كۆبانی دەست پێ كرد و شەڕێكی قورس بەردەوامە و خۆشبەختانە توانیومانە لە چوار قۆڵەوە تێكیان بشكێنین و ئێستایش لە قۆڵی رۆژهەڵات شەڕێكی قورس بەردەوامە".
لیوا (عەبدولقەهار) گوتیشی، لە ئێستادا رێگەی سنووریی نێوان كۆبانی و توركیایش نەماوە و شەڕ لەوێ هەبووە، بە بێ ئەوەی ئاشكرای بكات چۆن داعش گەییشتوونەتە سەر سنوور.
زیاتر گوتی، ژمارەیەكی زۆری كوژراو و بریندار لە ریزەكانی داعش هەیە و شەڕڤانانیش شەهیدیان داوە، بەڵام بە هۆی بەردەوامیی شەڕەوە تاوەكو ئێستا دیار نییە ژمارەیان چەندە.
ئەو فەرماندەیە ئاماژەیشی دا كە، هێزی پێشمەرگە هەموویان سەلامەتن و هیچ قوربانییەكیان نییە.
ڕوونیشی كردەوە، شەڕەكە تەنیا زەوینییە و ئەمڕۆ فڕۆكە جەنگییەكان هیچ مۆڵگەیەكی داعشیان بۆردوومان نەكردووە و شەڕێكی قورسیش بەردەوامە.
بڵند ئیبراهیم




