ئومێد خۆشناو: لە مەرامی پشت بابەتی كڕینی ئۆتۆمۆبێل دەگەین و ڕاستییەكانیشمان لەلایە

هەولێر-KDP.info- سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، لە چەند كەناڵێكی ڕاگەیاندندا وەها بڵاو كراوەتەوە كە پەرلەمانتاران، بە تایبەت فڕاكسیۆنی پارتی و یەكێتی گوشار بۆ كڕینی ئۆتۆمۆبێل دەكەن و لەلایەن سەرۆكی پەرلەمانەوە ڕەت كراوەتەوە و مەرجی بۆ دانراوە. دەشڵێت، باسكردنی ئەو بابەتە جگە لە "درۆ"یەكی گەورە و مەرامێكی دیاریكراو چیی دیكە نییە و لەڕاستییەوە دوورە.
سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمان (ئومێد خۆشناو)، بە kdp.infoـی ڕاگەیاند، لە چەند كەناڵێكی ڕاگەیاندندا وەها بڵاو كراوەتەوە گوایە پەرلەمانتاران، بە تایبەت پەرلەمانتارانی فڕاكسیۆنی پارتی و یەكێتی گوشار بۆ كڕینی ئۆتۆمۆبیل دەكەن و لەلایەن سەرۆكی پەرلەمانەوە ڕەت كراوەتەوە و مەرج دانراوە.
ڕوونیشی كردەوە كە، "باسكردنی ئەو بابەتە جگە لە درۆیەكی گەورە و مەرامێكی دیاریكراو چیی دیكە نییە و لە ڕاستییەوە دوورە، هەر بڕیارێكیش هەبێت، ئەوا پەرلەمان دەستەی سەرۆكایەتیی هەیە نەك كەسێكی دیاریكراو تەواو بڕیاربەدەست بێت، ئەمە جگە لەوەی خەڵكی كوردستان باش دەزانێ لەم خولەی پەرلەماندا شێوازی تەوافوق پیادە دەكرێت و بۆ هەر بڕیارێك جگە لە دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان، سەرۆكی فڕاكسیۆنەكانیش بەشدارن، واتا لە باشی وخراپییەكان هەموومانین و كەس نە دەتوانێ خۆی بكاتە خاوەن و نە كەسیش دەتوانێ لێی ڕابكات".
سەرۆكی فڕاكسیۆنی زەرد گوتیشی، "بابەتی كڕین و نەكڕینی ئۆتۆمبێلی پەرلەمانتارانیش یەكێك لەو بابەتانە بووە چەند جارێك باس كراوە و پەرلەمانتارانی تەواوی فڕاكسیۆنەكان باسیان كردووە، نەك تەنیا پارتی و یەكێتییەكان".
ئاماژەیشی دا كە، "تاكە هۆكاری دواكەوتنی ئەو بابەتەیش قەیرانی دارایی كوردستان بووە و بەسو نەك هۆكارێكی دیكە، بۆ دڵنیایی هەموو لایەك دەڵێین هەم داواكارییەكە و هەم ڕاگرتنی ئەو بابەتە هەموو لایەك بووین و لە گفتوگۆی نێوان سەرۆكایەتی و سەرۆكی فڕاكسیۆنەكاندا بڕیاری لێ دراوە".
(خۆشناو) ئەوەیشی خستە ڕوو، "بە هەمان شێوە باسكردن لەوەی مەرج دانراوە تا ئۆتۆمبێلەكان بە ناوی پەرلەمان بن و بە ناوی ئەندامانی پەرلەمانەوە نەبن، جارێ نەكڕدراون تا بڕیاری وا هەبێت، بەڵام بۆ ئەو بابەتەیش كۆدەنگییەك هەبووە و لەوەیشدا هەموومان بەشدار و بەرپرسیارین".
زیاتر گوتی، "ئەو بابەتە لە خولی پێشوویشدا زۆر نان و پیازی پێوە خورا و ئەندامانی تێكڕای فڕاكسیۆنەكان وەریان گرت و نوقەشیان نەكرد و پارەكەشیان لووش دا، كەچی دیسان پارتی و یەكێتییان پێ تاوانبار كرد".
گوتیشی، "شارەزایانی كاری پەرلەمانی، باش دەزانن نە سەرۆكی پەرلەمان بەڕێوەبەرە و نە پەرلەمانتاران فەرمانبەرن و ئیدارەی پەرلەمان شتێكە و ئەندامانی پەرلەمانیش شتێكی ترن، تا بتوانرێ بڕیاریان لەسەر وەربگیرێ و مەرجیشیان بۆ دابنرێ، ئەوە ئێمە نین وا دەڵێین، بەڵكە ئەوە یاسا و ڕێسكانن وا دەڵێن".
جەختیش دەكاتەوە كە، "ئەو بابەتە لە ڕاستییەوە دوورە و داواكردن و ڕاگرتنی پێوەستە بە تەواوی پێكهاتەكانی پەرلەمان و زۆر باشیش لە مەرامی پشت ئەو بابەتە دەگەین و ڕاستییەكانیشمان لەلایە".




