٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ڕوانگای سووریا و چالاکوانان: شەڕ لە سنووری تورکیا و کۆبانی گەرمە

سەرچاوە: KDP.info

كوبانی- KDP.info-  چالاکوان و ڕوانگای سووریا جەخت دەکەنەوە کە، بۆ یەکەم جارە لەسەر سنووری نێوان تورکیا-کۆبانی (سووریا)، ئەمڕۆ شەممە شەڕی سەخت لە نێوان بەرگریکارانی کۆبانی(پێشمـەرگە و شەڕڤان) و تیرۆریستانی داعشدا بەرپا بووە، چالاکوانێکیش دەڵێ، داعش لە بەری تورکیاوە دەستی بەسەر سنووری مورشید پیناردا گرتووە، بەڵام دیوی کۆبانی لە بن دەستی کورددایە.


(مستەفا عەبدی)ـی چالاکوان کە بەردەوام هەواڵ و ڕووداوەکانی کۆبانی دەگوێزێتەوە، لە پەیجی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک نووسیویەتی، "کۆبانیی سووریا لە بەری تورکیاوە، گوندی مورشید پینار دەبێتە دراوسێی کۆبانی، هەڵبەت کۆبانی لە بن دەستی یەپەگەدایە، بەڵام مورشید پینار داعش دەستی بەسەردا گرتووە."


(مستەفا عەبدی) زیاتر گوتی، "قارەمانەکانی کۆبانی، بەریان لە هەوڵی تیرۆریستانی داعش گرت کە دەیەویست لە دەروازەی سنوورەوە پێشڕەوی بکەن کە لە مورشید پیناری تورکیاوە هاتبوون، شەڕی سەخت لە دەوروبەری دەروازە سنوورییەکە دریژی هەیە، کە لە بەری تورکیاوە داعشی لێن و لە بەری کۆبانیشەوە، یەپەگە."

بە گوتەی ئەو چالاکوانە، لە نزیک دەروازەی سنوور، هێزیکی زۆری سوپای تورکیا هەیە و لە ڕووی سەربازییەوە ناوچەکەی گرتووە، ئەمبوڵانس بە زۆری دەبینرێن کە بەرەو سنوور دەچن، ئەمە لە کاتێکدایە کە دەستەڵاتدارانی تورکای بریندار و شەهیدەکان بۆ نەخۆشخانەکانیان دەگوێزنەوە."


(عەبدی) جەختی کردەوە، "زانیاری لە لایەن پشێمەرگە و سوپای ئازادیش هەیە کە ئەم هەواڵە پشتڕاست دەکەنەوە کە، چەند ئۆتۆمبێلێکی مینڕێژکراو لە سنووری مورشید پینارەوە لە بەری تورکیاوە چوونەتە نێو شاری کۆبانیوە(چوار ئۆتۆمبێلن)، تیرۆریستانی داعش لە ئێستادا لە بەری تورکیاوەن."


KDP.info هەوڵی دا زانیاریی زیاتر لە سەرۆکی دەستەی پێوەندییەکانی دەرەوەی کانتۆنی کۆبانی (ئیدریس نەعسان) وەربگرێ، بەڵام گوتی "هێشتا زانیاریمان نییە کە داعش دەستی بەسەر دەروازەی مورشید پیناردا گرتبێ."


لای خۆیەوە بەرپرسی ڕوانگای سووریا(ڕامی عەبدوڕەحمان) بە فڕانس پرێسی ڕاگەیاندووە، "خۆکوژێکی داعش بە ئۆتۆمبێلێکی مینڕێژکراوەوە لە سنووری نێوان کۆبانی و تورکیا خۆی تەقاندووەتەوە، دواتر شەڕ بە سەختی لە نێوان بەرگریکارانی کورد و داعشدا بەرپا بووە."

 

وەک (ڕامی) دەڵی، ئەمە یەکەمجارە لەو سنوورە شەر لە نێوان هەردوو لادا بەرپا ببێت. ئەو هەروەها گوتوویەتی کە، شەڕی توند لە باشوور و نێوەراستی شار و دەوروبەری باکووی کۆبانی، لە نێوان شەڕڤانان و پشێمەرگە لەگەل تیرۆریستانی داعشدا بەرپا بووە.

بەپێی زانیارییەکانی ڕوانگای سووریا، لە سەرلەبەیانیی ئەمرۆ شەممەوە، داعش 90 مووشەکی بە کۆبانیوە ناون.

زریان زیاد
 

هەواڵی پەیوەندیدار