٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

حکوومەتی هەرێم کەمپێکی نوێ بۆ پەنابەرانی کۆبانی دەکاتەوە

سەرچاوە: KDP.info

قوشتەپە-هەولێر-KDP.info-   لەگەڵ بەردەوامبوونی ‌هێرشەکانی رێکخراوی تیرۆریستانی ناسراو بە داعش لە کۆبانی، ژمارەی ئەو پەنابەرانەی کە دێن بۆ هەرێمی کوردستان لە زیادبووندان. حکوومەتی هەرێمی کوردستان پلانی داناوە بۆ نیشتەجێکردنیان لە کەمپێکی تازە لە دەرەوەی هەولێر.


سەرەڕای دروستکردنی چەندین کەمپ کە داڵدەی زیاتر لە 1.6 ملیۆن پەنابەر وئاوارەی ئێزدی، مەسیحی، پەنابەرانی کوردی سووریا و ئاوارەی ناوچەکانی تری عێراقی داوە، کەمپێکی تر تایبەت بۆ ئەو پەنابەرانەی شوێنی خۆیان لە دەست تیرۆریستانی داعش لە کۆبانی جێ هێشتووە، بەم زووانە دەکرێتەوە.


کارگێری کەمپی قوشتەپە(سیروان عابد)، لە لێدوانێکیدا بۆ ماڵپەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، چاوەڕوان دەکرێت کەمپەکە نزیکەی 800 خێزان لەخۆ بگرێت و لە سەرەتای ساڵی نوێ بکرێتەوە. ئێستا 1,971 پەنابەری کۆبانی هاوشانی پەنابەرانی تری کوردی سووریا لە کەمپی قوشتەپە دەژین، کە لە ئۆگوستوس/ئابی 2013 کراوەتەوە.
(سیروان عابد) هەروەها گوتی، لەوەتەی داعش هەڵمەتی پەلاماردانی ئەو شارە کوردییەی بەرپا کردووە، تا ئێستا 19,340 پەنابەری کۆبانی لە هەرێمی کوردستان تۆمار کراون. نزیکەی 10,600یش لەگەڵ کەسوکاریان لە هەولێر دەژین.


پەنابەرانی کۆبانی لە رێگای تورکیاوە دێن بۆ ئیبراهیم خەلیل، کە خاڵی سنووریی نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستانە.  لەوێ حکوومەتی هەرێم پاسی ئامادە کردووە بۆ گواستنەوەیان بۆ هەولێر و کەمپی قوشتەپە. دوای ئەوەی لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای پەنابەرانی سەر بە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە، تۆماردەکرێن، گشت پەنابەرانی کۆبانی کارتی نیشتەجێبوونیان پێدەدرێت.  


شەپۆلی هاتنی ئاوارە و پەنابەران بۆ هەرێمی کوردستان گوشارێکی زۆری خستووەتە سەر حکوومەتی هەرێمی کوردستان. بەهۆی سنوورداریی توانای دارایی بۆ دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکان، رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بەم دواییە دەستی کردووە بە پرۆگرامی زستانە و پێخەف و نەوت و کەرەستەی تری پێویست وەک ئامادەکاری بۆ زستان، دابەش دەکات.

مانگی ڕابردوو، حکومەتی هەرێمی کوردستان 160 پێشمەرگەی نارد بۆ کۆبانی بۆ پاڵپشتیکردنی هێزە کوردییەکانی رۆژئاوا – سووریا، بۆ هاوکاریکردنیان لە بەرەنگاربوونەوەی رێکخراوی تێرۆریستانی داعش، تا گەمارۆی سە کۆبانی بشکێنن و بەر بە کەوتنی بگرن.

هەواڵی پەیوەندیدار