٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

میلیشیاكان سێ بازگەی پێشووی كوردیان لە خانەقین زەوت كردوون.. ئاڵای حزبی لە بری كوردستان هەڵكردووە

سەرچاوە: KDP.info

خانەقین-KDP.info -  سەرچاوەیەكەی ئاگادار لە خانەقینەوە ئاشكرای كرد كە، لایەنێكی سیاسی لە سنووری جەلەولا لە بری ئاڵای كوردستان ئاڵای حزبی هەڵكردووە. جەختیش دەكاتەوە كە چەكدارە میلیشیاكانی شیعە سێ بازگەی پێشووی كوردیان زەوت كردوون.

ناسنامەی هەردوو ناحیەی جەلەولا و سەعدیە كوردستانییە، بەڵام بەگوێرەی زانیاریی سەرچاوەیەكی ئاگادار لەو ناوچەیە، چەكدارانی میلیشیاکانی شیعە لە ناحەی سەعدیە كارەساتی گەورەیان ناوەتەوە و، لەنێو خانەقیش بە ئاڵای خۆیانەوە دەخولێنەوە و دەیانەوێ بارەگای سەرەكییان لە نێو خانەقین دابمەزرێنن.

سەرچاوەیەكی ئاگادار لە خانەقین كە نەیویست ناوی ببرێت بە kdp.infoـی راگەیاند كە، دوای ئەوەی ناحیەی سەعدیە لەلایەن گرووپە چەكدارە میلیشاكانی شیعە كۆنتڕۆڵ كرا، چەكدارانی میلشیا دەستیان كردووە بە سووتاندنی ماڵ و دوكانی هاووڵاتیان، هەروەها مزگەوتی (مەحموود پاشا)ـیش كە كۆنترین مزگەوتی شارۆچكەكەیە و مێژووەكەی بۆ ساڵی 1800 دەگەڕێتەوە، لەلایەن ئەو چەكدارانەوە تەقێندرایەوە.

سەرچاوەكە گوتیشی، لەئێستادا هیچ پێشمەرگەیەك لە ناحیەی سەعدیەدا بوونی نییە، تەنیا سوپای عێراق و میلیشیا شیعەكانی لێیە، گەڕەكەكانی تەجنید و، وەحدەیش كە پێشووتر داعشی لێبوو میلیشیا شیعەكان بەتەواوی لێیی نیشتەجێبوون.
شەرچاوەكە راشیگەیاند، پێش هاتنی داعش لەدەرەوەی بازگەیەك بەناوی ناودوومان كە 10 كم لە خانەقین دوورە، پێشمەرگە و سوپای عێراقی لێ نیشتەجێ بوو، بەڵام لە ئێستادا لەلایەن چەكدارە شیعەكان كراوەتە بارەگای سەرەكییان و كۆنتڕۆڵیان كردووە.
سەرچاوەكە زیاتر لەبارەی بازگاكانەوە زانیاری دركاند كە، پێشووتر سێ شوێنی سەرەكی بەدەست هێزی پێشمەرگەوە بوون، ئەوانیش بریتی بوون لە بازگەی ناودوومان، مەفرەقی جەلەولا و كوباشی، بەڵام لە ئێستادا چەكدارە شیعەكان هەر سێ شوێنەكەیان زەوت كردوون و كردوویانن بە بارەگای سەرەكیی خۆیان.
پێوەست بە رەوشی نێو خانەقین، سەرچاوەكە ئاماژەی دا كە، چەكدارە شیعەكان مەترسیی زۆریان بۆ ناوچەكە دروست كردووە و، بەنیازن بارەگای خۆیان لەنێو خانەقین دابمەزرێنن، ئەمڕۆیش بە ئۆتۆمبێل و ئاڵای خۆیانەوە بەنێو خانەقین دەخولانەوە، ئەگەر چەند ساڵێك لەوێدا بمێننەوە ئەوا كارەساتی گەورە دەنێننەوە.
ئەو سەرچاوەیە دەشڵێت، بەداخەوە لە سنووری جەلەولا ئەو ناوچانەی كە لە داعش پاك كراوەتەوە و پێشمەرگەی لێ نیشتەجێ بووە، لایەنێك ئاڵای حزبی لە بری ئاڵای كوردستان هەڵكردووە. جێی ئاماژەیە، میلیشیا شیعەكان لە ناوچەی سەعدیە و جەلەولا خۆیان بە ناوی حەشد و شەعبی ناو بردووە كە لە چوار گرووپ پێك دێن بە ناوەكانی گرووپی عەسائیب ئەهلولحەق، سەرایا سەلام، بەدر و حیزبوڵڵا كە تێكڕا شیعەمەزهەبن.
بڵند ئیبراهیم

هەواڵی پەیوەندیدار