ئاساییشی كەركووك ئەنجامدەرانی تاوانە نامرۆڤانەکەی دەستگیر كردن

كەركووك-KDP.info- بەرێوبەری راگەیاندنی ئاساییشی كەركووك رایگەیاند كە، لەلایەن تیمی هێزەكانی ئاساییشی كەركووكەوە، دوو كەسی عەرەبیان دەستگیر كردوون و ددانیان ناوە بە تاوانی سەربڕینی دوو منداڵ و ژنێك.
بەڕێوبەری راگەیاندنی ئاساییشی كەركووك (فەرهاد حەمەعەلی) بە kdp.infoـی راگەیاند، "لە شاری كەركووك لە رووداوێكی نامرۆڤانەدا دوو منداڵ و ژنێك لەنێو ماڵەكەیاندا سەربڕدران، سەربڕینی ئافرەتەكە بە شێوەیەك بوو تا گەییشتنی تیمی پزیشكی لە ژیاندا مابوو، بەڵام برینەكەی زۆر سەخت بوو، دوای لێكۆڵینەوە و وەرگرتنی گوتەی ئافرەتەكە، لە هەڵمەتێكی هێزەكانی ئێمەدا توانرا لە گەڕەكی نەسرەدا دوو كەس بەو تۆمەتە دەستگیر بكرێن، كە بە نەتەوە عەرەبن و، دەركەوت ئەوان ئەو كارەیان ئەنجام داوە."
(فەرهاد حەمەعەلی)، دەشڵێت، ئەو دوو كەسە دوای دەستگیركردنیان ددانیان بە تاوانەكەیان نا، هۆكاری ئەم تاوانەیان وەها باس كرد كە، ویستوویانە دەستدرێژیی بکەنە سەر ئەو ژنە، بەڵام لەبەر ئەوەی قبووڵی نەكردووە، پەنایان بردووەتە بەر سەربڕینی."
(عەلی) ئەوەیشی خستەڕوو، لە كاتی ئەنجامدانی ئەو تاوانەیان هاوسەری ئەو ژنە، كە پیشەی پۆلیسی فریاكەوتنە، لە دەوامی ئاسایی بووە، ئەوانیش بە هەلیان زانیوە و چوونەتە نێو ماڵەكە و تاوانەكەیان ئەنجام داوە.
بەڕێوبەری راگەیاندنی ئاساییشی كەركووك پێوەست بە زانیاریی كەسیی ئەو دوو كەسەی تاوانەكەیان ئەنجام داوە دەڵێت، هەردوو كەسەكە عەرەبن و لە كەركووك دەژین، یەكێك تەمەنی 32 ساڵە و، ئەوی دیكەیش تەمەنی 20 ساڵە، لە ئێستادا دەستگیر كراون تا ئەو كاتەی بە سزای خۆیان دەگەن.
بڵند ئیبراهیم




