٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

وەزارەتی دارایی، لەسەر هەواڵێكی ماڵپەڕی فەرمیی پارتی روونكردنەوەی دا

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر -KDP.info- لەسەر هەواڵێكی بەڵگەداری ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستان، ‌کە واژۆی وه‌زیری‌ دارایی بەسەرەوەیە و تییدا هاتووە کە،‌ نووسراوی راستەوخۆی هاووڵاتیان و فەرمانبەران بۆ تەواوكردنی مامەڵەكانیان لە وەزارەتەكەیدا وەرناگیرێت، گوتەبێژی وەزارەتی دارایی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، نووسینگەی وەزیری داراییش رایانگەیاند کە، ئه‌م بڕیاره‌یان له‌به‌رژه‌وه‌ندیی‌ هاووڵاتیان داوه‌.

دوای ئەوەی KDP.info هەواڵێکی بەڵگەداری بڵاو كردەوە كە، واژۆی وەزیری دارایی (رێباز محەممەد حەملان) بەسەرەوەیە، وەزیری دارایی بڕیاری داوە بە هیچ شێوەیەك راستەوخۆ لە وەزارەتەكەی نووسراوی مامەڵەی هاووڵاتییان و فەرمانبەران وەرنەگیرێت، نووسینگەی وەزیری دارایی حكوومەتی هەرێمی كوردستان راگەیاندراوێكی بڵاو كردەوە.
پێوەست بەو راگەیاندراوەی وەزارەتی دارایی، گوتەبێژی ئەو وەزارەتە (دلێر تاریق) بۆ KDP.info ڕوونکردنەوەی دا و وەها دەڵێت "دیارە پێشتر لە وەزارەتی دارایی هەندێ شت روویداوە و دەبینرا فەرمانبەرێك یان هاووڵاتییەك مامەڵە یان نووسراوێكی خۆی هێناوە، نووسراوەكە ناوی 12 كەسی تێدا بووە و، هێناویەتییە وەزارەت، ڕەنگە ئەو مامەڵانەی كە هاتوونەتە وەزارەت تەواو نەبوون، یان بە دڵی نەبووە كاتی خۆی هاتووە مامەڵەكەی نەبردووەتەوە یان فەوتاوە، زۆرجار گلەیی ئەوە لە وەزارەتی دارایی كراوە كە مامەڵەكانیان دەفەوتێت، هەڵبەت هیچ مامەڵەیەكی وەزارەتی دارایی نافەوتێت، بەڵام كە هاووڵاتی خۆی مامەڵەكەی دەهێنێت دەیداتە فەرمانبەرێك و نایداتە فەرمانبەری پێوەندیدار، بۆیە وەزارەتی دارایی ئەو گشتاندنەی دەركردووە كە، هەر وەزارەتێك نوێنەری خۆی هەبێت."
زیاتر گوتی، "هەموو نووسراوەكانی هاووڵاتیان كە دەیهێنن، بە ئەستۆداری(زیممە) واژۆی دەكات و بە دەفتەرێك ڕادەستی وەزارەتی دەكات، ئەمەیش زیاتر بۆ پاراستنی مامەڵەی فەرمانبەران و هاووڵاتیانە، ئەگەرنا وەزارەتی دارایی رێگای لە خەڵك نەگرتووە مامەڵە بهێنن. هەر بۆ نموونە وەزیری دارایی سێشەممانی تەرخان كردووە لە بەیانییەوە تا دوای دەوامیش خەڵك دەبینێت، هەر كەسێكیش گرفتێكی هەبووبێ، هیی فەرمانگەكان یان پێوەندی بە وەزارەتەوە هەبێ، لەگەڵ هاووڵاتیان دادەنیشێت و كێشەكەی بۆ چارە دەكات، یاخود رەوانەی ئەو بەڕێوەبەرایەتییەی دەكات كە ئیشەكەی لێیەتی."
(دلێر تاریق) دەشڵێت، "وەزیری دارایی بۆ ئاسانكاریی زیاتری هاووڵاتیان لە سلێمانیش نووسینگەی هەیە و، دوو هەفتە جارێك هاووڵاتیان دەبینێت، بە تایبەت ئەوانەی بۆ كارەكانیان ناتوانن بێنە هەولێر، سەردانی ئەو فەرمانگانەیش دەكات كە، قەڵەباڵخی لێیە وەك باج و گومرگ، بۆ ئەوەی ئاسانكاری هەر لە شوێنی مەبەست بۆ هاووڵاتیان بكات و، مامەڵەكانیان بڕوێنێت، بڕیاریشە لە شاری دهۆكیش نووسینگە بكاتەوە بۆ ئەوەی هاووڵاتی و فەرمانبەرانی ئەوێیش ئەو زەحمەتە نەكێشن كە بۆ رایكردنی مامەڵەكانیان بێنە هەولێر."
گوتەبێژی وەزارەتی داریی گوتیشی كە، "مەبەستی گشتاندەنەكەی ئێمە لە بەرژەوەندیی فەرمانبەر و هاووڵاتییە، تا مامەڵەكانیان نەفەوتێت و لەبری ئەوەی 200 كەس بۆ مامەڵە بێتە وەزارەتی دارایی، نوێنەرێكیان بێتە وەزارەت باشترە مامەڵەكە ڕادەست بكات و وەریشی بگرێتەوە، گشتاندەنەكەیش لە پێناوی خزمەتكردنی زیاتری هاووڵاتییانە."

جێی ئاماژەیە کە، ئەو هەواڵەی کە پێشتر KDP.info بڵاوی کردەوە، مەبەست لێی نیەتپاکی بووە و بە ڕووە ئەرێنییەکەی وەری گرتووە و بڵاوی کردووەتەوە کە، بڕیارەکەی وەزارەتی دارایی کەمکردنەوەی ڕۆتیناتە، کە ئەمەیش لە بەرژەوەندیی هاووڵاتیاندایە.

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار